ناونیشان: لۆجیکی مەیمون
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
دەڵێن ئەگەر مەیمون سەرپشک بکرێ لە نێوان هەڵبژاردنی مرواری و مۆز ئەوا مۆز هەڵدەبژێرێ، لەنێوان هۆتێلی پێنج ئەستێرە و دارستانیش، دارستان هەڵدەبژێرێ. بێگومان ئێمە ناتوانین مەیمون تێبگەیەنین کە مرواری بەنرخترە لە مۆز چونکە دانەیەک مرواری ڕەنگە بەشی ئەوە بکات تا مردن مۆزت پێبدات، هەروەها ناشتوانین تێی بگەیەنین کە هۆتێلی پێنج ئەستێرە زۆر باشترە لە دارستان چونکە لە هۆتێل هەمو خزمەتگوزارییەک هەیە و لە سەرما وگەرما دەتپارێزێ. بەڵام ئەوە لۆجیکی مەیمونە چیبکەین!
کاتێک دەبینم مرۆڤەکان هۆتێلی بەرز و باڵاخانە و پارک و دارستانیان لەلا گرنگترە لە نان و ئازادی و پێداویستییەکانی ژیان، خەریکە بێمە سەر بڕوای ئەوانەی کە دەڵێن ڕەچەڵەکی مرۆڤ مەیمونە. ئاخر ناکرێ تۆ نان و وڵات و کار و کارەبا و ڕێگاوبانت نەبێ کەچی شانازی بە باڵاخانەی بەرز و دارستانی جوانەوە بکەیت!
لەلایەکی ترەوە من زانیومە مەیمون دوای تێربون هەڵدەپەڕێت و هەڵبەز و دابەز دەکات بەناو دارستان، کە ئەوەش نمونەی مەیمونێکی لۆجیکییە، دیارە مەیمونیش دەزانێ جیاوازی هەیە لە نێوان پێداویستی و کەمالیات، بەڵام مرۆی ناهۆشیار بە سکی برسی و بە کۆمەڵیک نەهامەتییەوە هەر خەریکی هەڵپەڕینە، جا نازانم بەڕاستی لۆجیکی مەیمون باشترە یا مەیمونێکی لۆجیکی! [1]