ناونیشان: کێ گەندەڵە؟
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
دوێنێ ئێوارێ ماندو و شەکەت لەسەر کار گەڕامەوە، خێزانم گوتی بنمیچەکەمان دڵۆپە دەکا، زۆر گوێم پێنەدا چونکە دەزانم خانوەکەمان چۆن دروستکراوە. خێزانەکەم لەسەر قسەکانی بەردەوام بو تانکیی سەربان پڕبوە و ئاگادار نەبوم سەربانەکە هەموی ببوە ئاو، منیش کە بینیم ژوری نوستنەکەمان دڵۆپە دەکا چوم ئاوەکەم ڕاماڵی و دڵۆپەکە وەستا...
من دەزانم تانکییەکەمان کاتی پڕبوون خۆی ئاوەکە دەگرێتەوە بەڵام دیارە وەک هەمیشە ئاوی ئێمە باش نەبوە خێزانیشم سۆندەیەکی لە ئاوی ماڵی دایکم ڕاکێشاوە کە لە تەنیشت خۆمانە.
کەوتمە بیرکردنەوەیەکی قوڵ، نازانم گرفتی ئاو کەی چارەسەر دەبێ لە 48 کاتژمێر تەنها 3 کاتژمێر ئاو هەیە، جاری واهەیە تەنها 1 کاتژمێر بەڕێکی دێت! ئەوە ئێستا خەمی بنمیچەکەشی هاتەسەر کە دەبێ چاکی بکەم بەرلەوەی وەرزی باران و سەرما بێت کە ئەویش نزیک بۆتەوە.
لەبیرمە بەر لە 12 ساڵ برادەرێکم گوتی خانوێکم کڕیوە هەندێک کاری تێدایە با بچین پیاسەیەک بکەین، پێکەوە هاتینە ئەو گەڕەکەی کە ئێستا خۆم دو ساڵە تێێدا نیشتەجێم، لەگەڵ برادەرەکەم هاتین، چوینە سەربان، جارێ پڕۆژەکە چۆڵ بو خانوەکانیش تازە تەواوببون بەڵام هەمویان بنمیچەکانیان عەیبدار بوون، جگەلەوەی ئاویان ڕادەگرت و سلۆپیان نەبوو، هەموشی درزی بردبوو.
هەر ئەوکات گوتم بەخوا لێرە خانوم بەخۆڕاییش بدەنێ نامەوێ ئەوەتا دوای 12 ساڵ بە ناچاری بوم بە خەڵکی گەڕەک!
کە سەرنجی ئەم هەمو کەموکوڕییەی پڕۆژەکان دەدەم هەستێکی زۆر سەیرم بۆ پەیدا دەبێ، سەرەتا وامدەزانی خاوەن پڕۆژەکان و حکومەت و بەرپرسان گەندەڵن، بەڵام دوای ئەوەی ئاشنایەتیم لەگەڵ هەندێک ئەندازیار و بەڵێندەر و وەستا پەیداکرد بۆم دەرکەوت کە هەمومان گەندەڵین، چونکە یەکێک لەوانەی کۆمەڵێک کاری لەو پڕۆژەیەی خۆمان کردوە بەر لە ساڵێک لە جێگایەک ئاشایەتیمان پەیداکرد و چیرۆکی زۆر سەیری بۆ دەگێڕامەوە، لەوانە؛
- مامۆستا ئێواران هەر یەکەو خێرا دەچوە لای ئەندازیاری سەرپەرشتیار و بەڵگەنامەکانی پێشکەش دەکرد تا زۆرترین پارە بە زوترین کات وەربگرێ، هەر بۆیە وەستاکان و بەڵێندەرەکان ئیشەکانیان بە خراپترین کاڵا و زۆر بە خێرایی ڕادەپەڕاند تا هەر زو خانوێک تەواوبکەن و یەکێکی تر دەست پێبکەن، ئەندازیارەکانیش چاوپۆشییان دەکرد و واژویان دەکرد، چونکە بەبێ واژوی ئەوان پارە وەرنەدەگیرا.
دیارە وەستایان، کرێکاران، بەڵێندەران، سەرپەرشتیاران، ئەندازیاری پڕۆژەش هەمویان دەزانن کارەکان باش نین بەڵام بەڕێی دەکەن لەپێناو دەسکەوتنی بڕێک پارە یا پاداشتێکی بچوک، سەیر لەوەدایە ئەوی بۆی باسکردم کەسێکی زۆر دینداریش بو بە تێڕوانینی خۆی!
بەرەو سەربان ڕۆیشتم بینیم فێنککەرەوەکەمان ئاوی لێدەتکێ، سەربانەکەش خۆی وێرانە، دەبێ دوای 3 جار دەسکاری دیسان چاکی بکەم، دەستم برد قوفڵی ئاوەکە توند بکەم -کە لە بنی فێنککەرەوەیە- لە بنەوە شکا، دەستم دایە قوفڵی ئاوەکە (تەوافە) تۆزەک توندی بکەم ئەویش شکا.
زۆر پەست بوم، ئاخر تەنها دوساڵە کڕیومە، سەیرێکی سەربانی ماڵی دایکم کرد فێنککەرەوەکەی ئەوانم کەوتە بەرچاو، زیاتر لە 30 ساڵە کاردەکات ئێستاش وەک نوێیە. ئەوەی منیش تەنها دوساڵە کاردەکات چەندجار چاکم کردوە. فێنککەرەوەکەی ماڵی دایکم ئەمریکییە، سەدام هاوردەی دەکرد، ئەوەی منیش ئێرانییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستی دەکات ! ئێستا نازانم کێ کافرە و کێ مسوڵمان، هەرچەندە دڵسۆزی لەکار و پەروەردەی جوان شتێکی تەواو جیاوازە لە ئاین، چونکە ئاین ئەگەر مرۆڤ نەکاتە کەسێکی باشتر ئەوا بەڵایە و مایەی کارەساتە.
پارچە یەدەگەکانی هەمو ئامێرەکانی ناوماڵ و پێداویستییە کارەباییەکان هێندە ناسک و خراپن ساڵانە دەبێ بیانگۆڕین ! بازرگان و خاوەنکارەکان باش دەزانن کاڵاکان کەلکیان نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارەی زیاتر و خێراتریان دەسکەوێ..
لە کرێکارێکەوە تا گەورەترین بازرگان و بەرپرس و نابەرپرس، هەمومان گەندەڵین بەڵام کە هێشتا پیاوی چاکین دیارە جارێ فرسەتمان دەست نەکەوتووە. گەندەڵی لەخوێنماندایە. هەر میللەتێک ئەو دەسەڵاتە حوکمی دەکات کە شایەنیەتی، ئەگەر وانییە بۆچی سویسرا و ئەڵمانیا و سوید دیکتاتۆر و گەندەڵیان تێدا هەڵناکەوێ؟ خۆ ئەوانیش فریشتە نین بەڵام بوار نادەن گەندەڵی سەرهەڵبدا چونکە کاتێک بڵاوبوویەوە چارەسەرکردنی زۆر ئەستەمە. [1]