لەبەرئەوەی تا ئێستا تێکستێکی تایبەت بە مانناییەکان نەدۆزراوەتەوە، ناتوانین زۆر بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر زمان و نووسینیان بکەین، بەڵام ئەوەی دڵنیامان دەکات، ئەوەیە کە #مانناییەکان# نووسینیان هەبووە و ئەو نووسینە هیرۆگلیفییەیە کە لەسەر قاپێکی زێڕین نەخشێنراوە و شوێنەوارێکی سەردەمی مانناییەکانە و لە ناوچەی #زێوێ#ی نزیک شاری #سەقز# دۆزراوەتەوە، بەڵام ئەم نووسینە تا ئێستا نەخوێنراوەتەوە و نازانرێ مانای نووسینی سەر قاپە زێڕینەکە چییە.
هەندێ لە سەرچاوە شوێنەوارییەکان لەو بڕوایەدان کە مانناییەکان بە زمانێک قسەیان کردووە زۆر لە زمانی سەرەتایی کوردی نزیک بووە، هەندێ شوێنەوار لە سەردەمی ئەوان بەجێ ماون کە تا ئێستاش جێی سەرنجن، وەک کاشی سەر زەوی کە ڕووەکەی شووشەییە و بە ڕەنگی جیاواز بابەتی ئەفسانەییان لەسەر نەخشێنراوە و لە تەپەی (#قەڵایچی#) دۆزراونەتەوه. #جامی زێڕینی# کە لە (#حەسەنلو#) دۆزراوەتەوە، بابەتی ئایینی و ئەفسانەیی زۆر گرنگی لەسەر نەخشێنراوە، ئەمانە نموونەی باڵادەستیی مانناییەکان لە هونەر و دەستڕەنگینی دەردەخەن.
کۆمەڵگا و ئابووری مانناییەکان
کۆمەڵگای ماننایی لە کۆمەڵێک هۆز و عەشیرەتی جیاواز پێکهاتبوو کە بەسەر چەندان چینی کۆمەڵایەتی و ئابووری جیاوازدا دابەش کرابوون. لە هەندێ لە سەرچاوەکان باسی هەبوونی سیستمی کۆیلایەتی لە ماننا کراوە، هەرچەندە پێدەچێت سیستمی کۆیلایەتی زۆر سەرەتایی بووبێت، بەڵام لەمجۆرە کۆمەڵگایەدا خاوەن کۆیلەکان باڵادەست بوون.
ولاتی ماننا و پێکهاتەی جیۆگرافی و خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زۆر گونجاو بووە، بۆیە لە سەرچاوە مێژووییەکان باسی ئەم دوو بابەتە بە گرنگی کراوە. لە سەرچاوە ئاشوورییەکاندا هاتووە کە مانناییەکان زیاتر خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و بزن و ئاژەڵی قۆچدار و ئەسپ و گوێدرێژ و تا ڕادەیەکیش حوشتری دوو کۆپان بوون.
لە تەورات و نووسینەکانی بەجێماو لە (سارگۆنی دووەم)دا هاتووە، جۆرێک لە گەنم بە ناوی (می نیت) لە ماننا چێنراوە کە جۆرەکەی زۆرباش بووە و بە ناوی خۆیانیان کردووە.
سیاسەت و دەسەڵاتداری
مانناییەکان یەکێک بوون لەو دەوڵەتانەی پێش گەورەبوونی (#میدییەکان#) دەسەڵاتدارییان کردووە و ڕۆڵیان هەبووە لە یەکخستنی کوردستانی گەورە لە پێش زاییندا، لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەوڵەتی ماننا پێگەیەکی گرنگی هەبوو لە ناوچەکەدا، بەڵام زۆرجار نەیتوانیوە ببێتە قەوارەیەکی زۆر بەهێز، چونکە بەردەوام لەگەڵ #ئاشوورییەکان# و #ئورارتوییەکان# لە شەڕدا بووە، زۆر جار مانناییەکان لەگەڵ ئاشووریی دەبوونە هاوپەیمان لە دژی ئورارتو کە دوژمنی هاوبەشیان بوو.
لە ساڵی 743 پێش زایین، مانناییەکان توانیان بە هاوکاری ئاشوورییەکان وڵاتەکەیان کە لەلایەن پاشای ئورارتو داگیر کرابوو، ڕزگار بکەن، بۆیە لە پاش ئەم هێرشە هاوبەشە ئورارتو زۆر بێ هێز بوو و نەیتوانی جارێکی تر هێرش بکاتەوە سەر مانناییەکان.
بەپێی بەڵگەنامە شوێنەوارییەکان سیستمی دەسەڵاتداری مانناییەکان پاشایەتی ڕەها نەبووە، بەڵکو ئەوان ئەنجوومەنێکیان هەبوو وەک ئەنجوومەنی پیران کە یارمەتیدەری پاشا بوون لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کاروباری وڵاتدا. ئەو ئەنجوومەنە دەبووە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاشا، بۆیە دەتوانین بڵێین دەوڵەتی ماننا یەکەم قۆناغی کۆمەڵگا ی چینایەتی بوو کە پاشا و ئەنجوومەنی گەورە پیاوان هەموویان بەیەکەوە وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد، خەڵکی تری مەملەکەتەکە لەگەڵ حکوومەت و بنەماڵە باڵادەستەکانی دەوڵەتدا لە بەربەرەکانێدا بوون، بەردەوام چاڵاکی و خۆیەکخستنیان هەبووە. لە بەڵگەنامەکانی سەردەمی پاشای ئاشووری (سارگۆنی دووەم) کە وا دەردەکەوێت سەردانی ماننای کردووە، هاتووە: پاشای ماننا لەگەڵ حوکمڕان و ئەو سەرۆکانەی وڵاتیان بەڕێوە دەبرد بەرەو پێشوازیم دەهاتن. هەروەها لە نامەیەکی دیپلۆماسیدا کە پاشای ماننا بۆ پاشای ئاشوور ناردوویەتی، پاشا بە تەنیا باسی خۆی ناکات، بەڵکوو لەگەڵ گەورە پیاوان و ڕاوێژکارانی وڵاتەکەیدا ناوی خۆشی دەهێنێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]