ناونیشان: ویژدان و فانۆسەکەی عەلادین
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
وەک هەمیشە بە ڕێگایەکی چۆڵ و بەتەنیا دەڕۆیشتم، کات درەنگی کرد و تاریک داهات بەڵام نازانم بۆچی ئەو ئێوارەیە لە ئێوارەکانی تر ناچێت! ئاسمان ساماڵ و دنیا خامۆش، دور لە جەنجاڵیی شەقامەکان و ڕووناکیی ئۆتۆمبێلەکان، ڕیزە دارێکی بڵند و جوان لەلای ڕاستم بو، بەلایاندا تێپەڕیم و هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا، هەناسەیەکی پاک و فێنک، جەستەی هیلاکی حەساندمەوە.
لەپڕ پێم بەر شتێک کەوت، کانزایەکی بریقەدار، ڕەنگی زیوی، بەشی زۆری لەژێر خاک بوو تەنیا کەمێکی بە دەرەوە بو، خێرا دەرمهێنا و پاکم کردەوە، فانۆسێکی جوان و کۆن کە یەکەم جار بوو لە ژیانم شتی وا ببینم، سەرنجێکی دەوروبەرم دا کەس دیار نەبو، دووبارە خاوێنم کردەوە و فوێکم پێداکرد، لەپڕ دوکەڵێکی چڕی لێ هەڵسا و بە چاوتروکانێک بوو بە دێوێکی زەبەلاح...
+ فەرمان بکە تا جێبەجێی بکەم قوربان
حەپەسام، ئاخر من باوەڕم بەم چیرۆک و ئەفسانانە نییە، کەی لۆجیکە دێوێکی وا زەبەلاح و بەتوانا لە دوکەڵ پەیدابێت؟
ئەی کەی ڕەوایە مادام هێندە بەهێزە ئەسیری فانۆسیکی بچوکی بێدەسەڵات بێت! ئەی کە وا بەهێزە و هەموو داواکانمان جێبەجێدەکات بۆچی خۆی ئازاد ناکات؟
لەم خەیاڵانە دابوم دووبارە بە دەنگێکی بەرز وتی:
+ فەرمان بکە تا جێبەجێی بکەم قوربان
کار لەکار ترازا، تازە بوو بە واقیع و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەم.
بیرم لە زۆر شت کردەوە، دەوڵەمەندی؟ بەڵێ زۆر خۆشە، بەڵام ئەی خۆشبەخی؟ خۆ مەرج نییە دەوڵەمەندەکان خۆشبەخت بن.
زیرەکی و بلیمەتی؟ خۆشە مرۆڤ بلیمەت بێ بەڵام لەناو کۆمەڵگەی ناهۆشیار بلیمەت وەک شێت لێی دەڕوانرێ.
خەیاڵێک بە مێشکمداهات و بڕیارم دا بیکەم بە داواکەی خۆم:
-کاکی دێو داوام وایە ویژدانی میللەتەکەم سەد هێندە زیادبکەی...
+ (داواکەت وەرگیرا قوربان، بەڵام بەداخەوە سفر جارانی هەرچەندێکی بکەی هەر سفرە)
-دێوەگیان، قسەی خێربکە، ئەو هەموو داوایە باشەم هەبوو هەموویم کردە قوربانی خەڵک کەچی ئاوا وەڵامم دەدەیتەوە؟
+ تاوانی من نییە، یا لە بیرکاری خراپیت، یا میللەتەکەت ویژدانی نییە، گرنگ ئەوەیە داواکەت بێ ئەنجام بوو، خوات لەگەڵ.
-دێوەگیان، یەک داوای تر، توخوا مەڕۆ...
زرمەیەک هات و کاکی دێو لەبەرچاوان ونبو، هاوارێک سەرنجی ڕاکێشام، ڕاپەڕیم، بینیم کچەکەم بوو لە ترسی دەنگی هەورەتریشقە بەئاگاهات و منیش داوادەکەم کاکی دێو نەڕوات...
خۆم لەنێو جێگەی خەوتنەکەم بینییەوە، کارەبا کوژاوەتەوە، بەم گەرمایە هەورەتریشقە و دەنگی کچەکەم بەئاگایان هێنام.
دەمێک لەناو جێگەکەم هەوڵمدا دووبارە بخەوم بەڵام گەرما نەیهێشت، دیارە ویژدانی کارمەندانی کارەبا وەک کاکی دێو ئاماژەی پێدا سفرە بۆیە بەم گەرمایە و بەم نیوەی شەوە کارەبا دەبڕن و خەمی خەڵک کۆتا شتە کە بە خەیاڵیاندا بێت. [1]