باسی باوکی مەکە، ئارامی نییە ئەو تەرەسە
ڕۆژێ جاسووسە، بە شەو تا بە سبەینێ عەسەسە!
ناکرێ مەدح و سەنای تۆ بە زوبان و بە قەڵەم
حەقە مەدحت نەکەم و قافییەزانیم عەبەسە
شێر وەکوو موورە لە لای زولفی کەمەندئەندازی
فیلە مێشوولەیە، لێی لابدە، عەنقاش مەگەسە
عادەتی گرتووە عوششاقی نەبێ هەڵناکا
وەرنە بۆ کوشتنیان، نیمەنیگاهێکی بەسە
لێوی وەک قەندە موکەڕڕەڕ لە دەما شیرینە
بۆیە تەکرارە وەکوو ناڵە ئەنیسی نەفەسە
چوونە ژێر باری ڕیاسەت کەری و ئەحمەقییە
لە قەتاریش ئەوی پێشەنگە عەلاوەی جەرەسە
بوومی وێرانە بە ڕۆژ و سەگی ئەو کۆیە بە شەو
هەردوو خزمی یەکن و حاجی بە بێ خزم و کەسە [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#