وەزیری دادی تورکیا ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی 16-09-2022، هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستیی ئایسەل توغڵوک، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەکرێت کە ئێستا لە زیندانە و تووشی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر (بیرچوونەوە) بووە.
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی 16ی ئەیلوول دۆخی توغڵوک هەڵدەسەنگێندرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی تورکیا، ئایسەل توغڵوک، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە کە لە 2016ەوە لە زیندانی کۆجائەلییە و تووشی ئەلزەهایمەر بووە، دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتە 25 لاپەڕەییەکەی پزیشکی دادی تورکیادا، کە لە 4ی شوباتی 2022دا ئامادەکراوە و لە 15ی شوباتدا لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، دەستنیشانکراوە کە ئایسەل توغڵوک کەموکورییەکی سووکی لە تێگەیشتن هەیە و دەتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە.
راپۆرتەکەی پزیشکی دادی تورکیا ڕەوانەی 22 یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە کراوە. لە 20 لاپەڕەی سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەو تۆمەتانە کراوە، کە لە چوارچێوەی دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ دراونەتەپاڵ ئایسەل توغڵوک. تەنیا لە سێ لاپەڕەی کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا باس لە ئەندروستیی توغڵوک کراوە و ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان خراونەتەڕوو.
ئایسەل توغڵوک، لە ڕۆژی 22ی ئاداری 2021ەوە دوای پشکنینی لەلایەن پێنج پزیشکی پسپۆڕی جیاواز لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی کۆجائەلی تورکیا دەستنیشانکرا کە تووشی نەخۆشیی ئەلزهایمەر بووە و ناتوانێت بە تەنیا لە زیندان بمێنێتەوە.
بۆ دواخستنی سزای زیندانیکردنی ئایسەل توغڵوک و ئازادکردنی لە زیندان، لە ئێوارەی 14ی کانوونی دووەمی 2022 ەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەمپینێکی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکردووە.
ئایسەل توغڵوک، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، ساڵی 1965 لە خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە 2016 ەوە لە زیندانی کۆجائەلی بەندکراوە و لە دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ دادگەیی دەکرێت.[1]