یەکێکە لە شارەدییەکانی شارۆچکەی #شارباژێڕ# لە پارێزگای #سلێمانی#. ناوەندی شارەدێیەکە گوندی #باسنێ#یە.[1]
$ناو$
ناوی ئەم شارەدێیە لە ناوچەکەوە وەرگیراوە کە چەمێکیش ھەر بەم ناوەوە ھەیە.
سیوەیل دەوەنێکی پزیشکییە، ڕەگەکەی توونە، گەڵاکەی بۆ ڕەوانی باشە، بەرەکەی لە ترێ دەچێت، ڕەنگی زەردە دەخورێت.
$جوگرافیا$
شارەدێی سیوەیل ھاوسنوورە لەگەڵ، لە باکوورەوە شارستانی #بانە#، لە باشوورەوە شارەدێی #زەلان# و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ، لە ڕۆژھەڵاتەوە شارستانی بانە و شارەدێی #گەرمک#، لە ڕۆژاواوە شارۆچکەی #ماوەت#.
شارەدێی سیوەیل لە ڕووبەردا گەورەترین شارەدێی شارۆچکەی شارباژێڕە، کە (29٪) ڕووبەری شارۆچکەکە پێک دەھێنێت کە ڕووبەرەکەی دەگاتە (351کم2).
$مێژوو
سەردەمی عوسمانی$
دوای ڕووخاندنی میرنشینی بابان لە ساڵی (1851)دا، کە ناوچەی شارباژێڕ لەژێر دەسەڵاتی بابانەکاندا بوو و سیوەیلیش بەشێک بوو لە شارباژێڕ، ئیتر دوای ئەو بەروارە تەواوی ناوچەکە بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، سیوەیلیش کەوتە ژێر دابەشی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی.
پێکھاتەی کارگێڕی لە دەوڵەتی عوسمانیدا پێکھاتبوو لە ویلایەت، سەرنجاق، قەزا، شارەدێ، گوند (دێ). ئەو کاتیش شارباژێڕ شارۆچکەیەک بووە لە چوارچێوەی سەرنجەقی سلێمانی، ھەروەھا سلێمانیش سەرنجاقێک بووە سەربە ویلایەتی مووسڵ، ھەر بۆیە چەند پۆست و یەکەیەکی کارگێڕی عوسمانی لە شارباژێڕدا ھەبوون، لە سەرەتادا شارباژێڕ بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی لە چوارچێوەی ئەیالەتی #شارەزوور#، ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەو کاتە سلێمانی سەنجەقێک بووە سەربە ئەیالەتی شارەزوور.
$لەنێوان ساڵانی (1851-1869)دا:$
سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. لەم ماوەدا شارباژێڕ لە سێ شارۆچکە پێکھاتووە کە شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و ئەو کات لەڕووی کارگێڕییەوە یەکەی شارەدێ نەبووە، شارۆچکەکان بەم ناوانە بوون (شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل)، (ئالان، سەراو و میراوا) و (شارباژێڕ، قەڵاچوالان و بەرکێو). لەم قۆناغەدا ناوی سیوەیل وەک شارۆچکە ھاتووە.
$لەنێوان ساڵانی (1869-1872)دا:$
قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:
ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
ڕێکخستنەوەی پێکھاتەی ھەردوو شارۆچکەی (شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل) و (ئالان و سەراو و میراوا) لەناو ھەردوو شارۆچکەی ماوەت و سیوەیل (وصال)دا.
لەم مێژووە بەدواوە ئیتر ناوی سیوەیل وەک یەکەی کارگێڕی ناوی نەما تاوەکوو سەردەمی پاشایەتی.
$سەردەمی پاشایەتی
لەنێوان ساڵان (1947 -1958)دا$
ھێنانە کایەی شارەدێی سیوەیل لە سنووری شارۆچکەی شارباژێڕ و ناوەندەکەشی لە گوندی مڕانێ بوو، بەپێی ئیرادەی مەلەکی ژمارە (857) لە 05-10-1955دا.
گواستنەوەی ناوەندی شارەدێی سیوەیل لە گوندی مڕانێوە بۆ گوندی باسنێ بەپێی بڕیاری #وەزارەتی ناوخۆ# لە ساڵی 1956دا.
بەمەش ژمارەی شارەدێکانی شارۆچکەی شارباژێڕ بووە (4) شارەدێ.
$سەردەمی کۆماری$
ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (5) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (5) ساڵ، دەسەڵاتی #بەعس#ییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (1968 -1979) و سەددام حسێن (1979 -2003)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی 1991 بوو. کاریگەریی ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی ئێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لەناوبردنی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.
$لەنێوان ساڵانی (1958-1965)دا:$
دابڕانی (7) کەرت و گوندی شارەدێی سیوەیل و لکاندنی بە ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 1960دا.
$لەنێوان ساڵانی (1977 -1986)دا:$
(أ) گۆڕینی ناوی شارەدێی ماوەت بۆ (شارەدێی کارێزە) و گواستنەوەی ناوەندەکە لە گوندی ماوەتەوە بۆ گوندی کارێزە (موچەمەعی کارێزە) و لکاندنی (6) کەرتی شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ بە (شارەدێی کارێزە)وە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە (24335)ی ساڵی 1979.
(ب) گۆڕینی ناوی (شارەدێی سیوەیل) بۆ (شارەدێی کەناروێ) و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی باسنێوە بۆ گوندی کەناروێ (موچەمەعی کەناروێ) و لکاندنی (12) کەرتی شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ بە شارەدێی کەناروێوە بە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی (24396)ی ساڵی 1979.
$لەنێوان ساڵانی (1988 -1990)دا:$
ھەڵوەشاندنەوەی شارۆچکەی شارباژێڕ و بەستنەوەی ھەموو کەرتەکانی بە شارۆچکەی سلێمانییەوە.
$سەردەمی حکوومەتی ھەرێم
لە ماوەی ساڵانی (1991 -1992)دا:$
لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی 1989 بەڕیوەدەبرا، لەبەر ئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان درووست نەبووبوو تاوەکوو لە ساڵی 1992 پەڕڵەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان درووستکرانەوە.
$لە ماوەی ساڵانی (1992 -2003)دا:$
لە دوای ڕاپەڕینی 1991، ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە (18) لە (22-09-1992)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو شارۆچکە و شارەدێیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەرلەنوێ پێکبھێنرێنەوە.[
لە ساڵی 1992دا شارۆچکەی شارباژێڕ لە ناوەندی شارۆچکە (چوارتا) و شارەدێی ماوەت (ماوەت) و شارەدێی سرۆچک (بەرزنجە) و شارەدێی سیوەیل (باسنێ) پێکھێنرایەوە.[1]