خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
وەک ئاگادارن ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچە لاوی کورد کە چەند ڕۆژ پێشتر لە شاری #تاران# لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەختی لێیدرابوو، ڕۆژی هەینی 25ی خەرمانان بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. پێشتریش شلێر ڕەسوڵی لەشاری مەریوان بۆ پاراستنی خۆی لە دەستدرێژی بەکرێگیراوێکی ڕژیم گیانی بەخت کرد.
بەم بۆنەوە داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ دەبڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە نامرۆییەکانی ڕژیم و بۆ پارێزگاری لەکەرامەتی کچان و ژنان و ڕۆڵەکانی گەلی کورد، ڕۆژی دووشەممە 28ی خەرمانان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان و نەچوونە سەرکارەکانیان مانگرتنێکی گشتیی و شکۆدار ڕابگەیەنن.
داوا لەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ دەکەین بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن تا بە هاودەنگی و هاوپشتی یەکتر وەڵامێکی ددان شکێن بە ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی بدەین.
بژی هاوپشتی و یەکگرتووی خەڵکی حەقخوازی کوردستان
بڕوخێ کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێران
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
25ی خەرمانانی 1401 – 16ی سێپتامبری 2022.[1]