ناونیشان: چۆن ببمە ڕاهێنەری گەشەپێدان؟
ئامادەکار: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
لە بازاڕێکی شێواو هەمووکەس دەتوانێ ببێتە ڕا هێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، نهێنییەکە قۆستنەوەی نزمیی ئاستی هۆشیاریی تاک و خراپیی دامودەزگاکان و کۆمەڵێک کۆت و بەندی کەلتووری و مێژووییە کە وا لە تاک دەکەن بڕوای بە تواناکانی خۆی نەمێنێت بەتایبەت ئەوانەی هەر لە بنەڕەتەوە پەروەردەیەکی دروستیان نەبوە، جا دەیانەوێ لە پڕێک ببنە کوڕێک.
بوون بە ڕا هێنەر پێویستیی بە وەرگرتنی هەندێک خول هەیە کە ئێستا دەتوانیت زۆر بە ئاسانی بە هۆی مۆبایلەکەتەوە وەریان بگریت بەخۆڕایی، یا بەهۆی خوێندنەوەی چەند کتێبێک، بێ ئەوەی هیچ زانستێکی دیاریکراو بخوێنیت یا تاقیکردنەوەی تێدا بکەیت، پێویستە فێری هونەری یاریکردن بیت لەسەر سۆزی خەڵک نەک هزر، چونکە وروژاندنی هزر پێویستیی بە فەلسەفە و لۆجیک هەیە کە خەڵکی بە گشتی لێ هەڵدێن.
پێویستە جلی شیک بپۆشیت، لە هونەری گێڕانەوەی چیرۆک زیرەک بیت، زمانی جەستە فێربیت و چەند دەستەواژەیەکی بریقەدار و چەند نموونەیەکیشت ئامادەبێ هەمیشە، ئەگەر لە ئەوروپا و ئەمریکا بیت ئەوا دەبێ زیاتر جەخت بکەیتەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی لایەنی کۆمەڵایەتی چونکە ئەوان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەمووکوڕییان زۆرە، خۆ ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بویت ئەوا بابەتەکان تێکەڵ بکە بە چەند چیرۆک و ئەفسانەیەک یا چەند وشەیەکی پیرۆز، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە گشتی باوەڕدارن و هەرشتێک بۆنی ئاینی لێبێت بەبێ دودڵی وەری دەگرن.
دەبێ خاڵی لاوازی خەڵک بزانیت تا لەوێوە دزەبکەیتە ناو هەست سۆزیان، ئاخر ئەگەر وا نەبێ کێ قسە لە ڕاهێنەرێک وەردەگرێ کە خۆی بڕوانامەی نییە؟ خاوەنی پرۆژە و کاریش نییە! بڕیاریشە خەڵکی گوێڕایەڵی بن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن و دەوڵەمەند بن! ئاخر ئەگەر خەڵکی هۆشیار بن چۆن قسە لە ڕاهێنەرێک وەردەگرن کە دەرچوی بەشی زمانی کوردی یا بەشی کۆمپیوتەرە؟ جگە لەوەی خۆی هەژارە، بەڵام هەوڵ دەدات تۆ دەوڵەمەند بکات!
دەڵێن برادەرێک کتێبێکی نوسیبوو لەسەر دەوڵەمەندبون بەڵام پارەی نەبو چاپی بکات، داوای لە هاوڕێیەکی خۆی کردبوو یارمەتیی بدات یا پێشنیارێکی باشی بداتێ بەڵکو بتوانێ بڕە پارەیەک پەیدابکات و کتێبەکەی پێ چاپ بکات، هاوڕێکەشی زۆر بە هێمنی پێی گوتبوو پێشنیار دەکەم کتێبەکەی خۆت بخوێنیتەوە. [1]