ناونیشان: کۆمەڵگای ساختە
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
سەردەمانێک زۆربەی ئێواران بە پیاسە بەرەوە بازاڕ دەڕۆیشتم، هەرچەندە ئۆتۆمبێلیشم هەبوو، بازاڕیش تا ڕادەیەک دوور بوو بەڵام لەلایەک حەزم بە وەرزش و پیاسە دەکرد لەلایەکی تریشەوە خۆم بە دوور دەگرت لە جەنجاڵیی ناوبازاڕ و کێشەی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل و خنکانی هاتووچۆ، بەتایبەت ئێواران.
بەدەم ڕێگاوە هەزاران بیرۆکەی شێتانە و خەیاڵی شاعیرانە و سەودای فەیلەسوفانە بە مێشکمدا گوزەریان دەکرد، زۆرجار نزیکەی 3 کاتژمێر بەپێ دەڕۆیشتم، ئەو ناوچانەی پێیاندا تێدەپەڕیم زۆربەیان دەیانناسیم چونکە هێندە منیان بینیبوو.
ئێوارەیەک بەناو کۆڵانێکدا تێپەڕیم لەپڕ بیرم کەوتەوە کاتی خۆی برادەرێکم هەبوو ماڵیان لەوێ بوو، لە پۆلەکەی خۆمان بوو چاک لە بیرمە ئەوەش دەرگای ماڵەکەیانە، بەڵام ئێستا 20 ساڵ تێپەڕیووە کێ دەڵێ لێرە ماون؟
دەمێک سەرنجی ماڵەکەم دا، هەمان ماڵ، هەمان کۆنە دەرگا تەنانەت بۆیە کۆنەکەشی هەرپێوە مابوو. ویستم بپرسم بەڵام کەسم بەرچاو نەکەوت، بەردەوام بوم و تێپەڕیم و گوتم، کورە بەخوا ئێستا ڕەنگە پسپۆڕ بێ لە وەزارەتێکی گرنگ!!
ئەو خەیاڵەشم وەک خەیاڵەکانی تر وەک بروسکە تێپەڕین و خەیاڵێکی تر جێگەی گرتەوە، ئاخر 3 کاتژمێر بەچی تەواودەبێ گەر بەو خەیاڵە سەیرانە نەبێ؟
ئێوارەیەکی درەنگ کە لە بازاڕ دەگەڕامەوە دوای ڕۆژئاوا بوو، دنیا تەواو تاریک ببوو، دیسان بەبەردەم ماڵی برادەرەکەم تێپەڕیم، ئەوم هەر لە خەیاڵ بوو بەڵام دیسان کۆڵانەکە چۆڵ و تاریک بوو، لەپڕ لەوسەری کۆڵان تارماییەکم بەدیکرد بەرەو من دەهات، هەرزوو گوتم، بەخوا ئەوە حەمەیە.
حەمە تەمەنی لە ئێمە گەورەتر بوو چونکە چەند ساڵێک لە خوێندن دواکەوتبوو بەهۆی تەمبەڵی و دەرنەچوون، کوڕێکی قەڵەو، بێدەنگ، شەرمن هەر لە دواوەش دادەنیشت لەگەڵ برادەرێکی تر کە هەمان خەسڵەتەکانی خۆی هەبوو، تەنها جیاوازییان قەڵەوی و لاوازی بوو، بەیەکەوە هەمیشە خەریکی قۆپیەکردن بوون، زۆربەی کات گیرفانەکانیان پڕبوون لە قۆپیە.
نازانم بۆچی قۆپیەچییەکان لە کۆتاییدا براوە و ژیرەکانیش بێئومێد دەبن! نازانم هۆکار چییە شتەکان لەم دەڤەرە پێچەوانەن، مرۆڤە ساختەکان بە ڕەسەن و ڕەسەنەکان بە ساختە دادەنرێن!
بیرمە کاتێک منداڵ بووین مامۆستا پۆلەکەی ئێمەی برد بۆ کارگەی شیرنەمەنی وەک گەشتی قوتابخانە، لەوێ گوتیان بەریز بوەستن و شیرینی وەرگرن، من کە ڕاهاتبوم بە ڕیککاری و گوێڕایەڵیی گەورەکان، بە هێمنی لە ڕیزەکە وەستام، هاوپۆلە زیتەڵەکانم سرەکەیان تێکدا و هەر زوو چوون شیرینییان وەرگرت و چەند جارێکیش لەجیاتی جارێک، تا گەیشتە لای ئێمە شیرینی نەما!
من دڵخۆش بووم بەوەی کە وەک کورێکی ئاقڵ و دانا ڕیزم تێکنەداوە بەڵام هەناسە سارد بووم کاتێک بینیم پاداشتی باشبوونم بێبەشبونمە لە شیرینی، من شیرینم نەخوارد بەڵام تاڵیی ئەو ڕۆژە بوو بە وانەیەکی زۆر کاریگەر بۆ من.
لە جیهانێک کە هەموو شتەکان ساختەن، ڕەسەنەکان جێگایان نابێتەوە
ئەوەی سەیرە ئێستا دوای نزیکەی 30 ساڵ، بەبەرچاومەوە ئەو هاوپۆلە زیتەڵ و ساختانەی کاتی خۆی لە شیرینی بێبەشیان کردم زۆر خێرا بەسەر پلیکانەکانی ژیان سەردەکەون و دەبنە خاوەنی هەموشتێک.
ئای خوایە مرۆڤبوون چەند سەختە لە سەردەمی نامرۆڤەکان
لەیادمە ڕۆژێک حەمە پێی گوتم لە کۆتایی ساڵ قۆپیەکانی خۆی و ئالان دەسووتێنێ کە چەند کیسەیەکی پڕن!
لای من زۆر سەیر بوو، چۆن مرۆڤ دەتوانێ هێندە خۆی ماندووبکات بە نووسینەوەی ئەم هەموو قۆپیەیە لەکاتێکدا ئەو کاتەی لە نووسینی قۆپیە خەرجی دەکات بەسە بۆ ئەوەی وانەکانی بەباشی بخوێنێ و لێیان دەربچێ! لەو نهێنییە هەر تێنەگەیشتم. بە بڕوای من ئەو هەوڵ و تەقەڵلایەی مرۆڤەکان بۆ شتی بێسوود دەیدەن ئەگەر لە شتی بەسوود خەرجی بکەن ژیان جۆرێکی تر دەبێ.
لە تارماییەکە نزیک بومەوە و گوتم
+ حەمە، کوی، باشی
بە هەمان دەنگ و ئاوازی جاران و زۆر لەسەرخۆ:
- سەرچاوم باشی، ئەتو کێی کاکە؟
+ بێلانم، 25 ساڵ پێش ئێستا پێکەوە قوتابی بووین. بەبیرت دێ؟
دوای کەمێک بیرکردنەوە:
- هاا، ڕاست دەکەی، کوی برام باشی... خەریکی چیی چدەکەی لەکێی؟
+ وەڵا قوربان بەشی ئینگلیزیم تەواوکرد ئێستا وەرگێڕی زمانم بەڵام کاری ئازاد دەکەم، ئەدی ئەتوو؟ وابزانم وازت لە خوێندن هینا وابوو؟
- بەڵێ بەڵام چومەوە بەرخوێندن و کۆلیژی یاسام تەواوکرد، ئێستا لە بەشی یاساییم لە پەرلەمان.
خەریک بوو بڵێم کورە حەمەگیان ئەتوو هەر ساڵێکت بە دوان دەبڕی و هەموو ژیانت خەرکی قۆپیە بووی، یاسا و پەرلەمان و.....!! بەڕاستی تاسام و نەمزانی چ بڵێم!
+ سەرکەوتوو بی یاخوا حەمەی برام، کاتەکەی درەنگە خزمەتێکت نییە..
هەر زوو خۆم دەربازکرد و ڕۆیشتم.
بەدەست خۆم نەبوو کەوتمە خەیاڵی ئالان، پێشتر سۆراخی ئالانم کردبوو، برایەکی هەبوو لەناو بازاڕ سەرتاش بوو، ڕۆژێکیان بە فرسەتم زانی و پرسیارم کرد ڵیی دەربارەی ئالان، گوتی ئەو ئێستا لە ئەوروپا دەژی و ژنێکی ئەوروپیی هێناوە و هەواڵیشمان ناپرسی..
ئومێدی زۆرم بە ئایندە هەبوو، بەڵام کە چیرۆکی ئالان و حەمەم بیست چرای ئومێدم کوژایەوە، تێگەیشتم تا کۆمەڵگە حەمەگیان و ئالانەکان دروست بکات ئێمە زۆر ئەستەمە خۆشبەستی بچێژین. [1]