سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP باس لە بوونی هاوپەیمانی لە نێوان ڕەجەب تەیب #ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیا و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەکات.
گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP کە یەکێک لەو شەش پارتەیە ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکن بۆ ڕکابەریکردنی ئاکپارتی و مەهەپە بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند: ئەگەر لە تورکیادا کەسێک بیەوێت قسە لەسەر بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بکات، ئەوا هاوپەیمانیی ئۆجەلان و ئەردۆغان هەیە.
گولتەکین ئویساڵ باسی لەوە کرد، ئاکپارتی خەریکی هەڵبەستی تۆمەتن بە شەش پارتەکە و ڕایگەیاند: ئەردۆغان لەبەرئەوەی شتێک نەماوە بیڵێت، ڕێنمایی بە بەرپرسانی پارتەکەی دەدات تا بۆیان دەکرێت پڕوپاگەندە بکەن و تۆمەت ببەخشنەوە.
لەو بارەیەوە، محەممەد کاراکش، سەرۆکی ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە پارێزگای ئەدەنە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: مەبەست لەم جۆرە قسانە، دروستکردنی پشێوییە و ئێمە گرنگی بە بابەتی وەها نادەین.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێکچوون و هەڵوەشانەوەی گفتوگۆی شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن، ئویساڵ گوتی: پێویستە ئەمە بزانرێت کە لێکترازان لە مێزی دیالۆگی شەش پارتەکەدا ڕوونادات. هەدەپەش ڕێگەی خۆی دیاریکردووە و سێیەمین هاوپەیمانی دروستدەکات.
هەروەها سەبارەت بە پێدانی وەزارەت بە هەدەپە لە ئەگەری دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە ماوەیەکە لە تورکیادا ڕۆژەڤە و قسەی لەسەر دەکرێت، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP ڕایگەیاند: ئەوانەی سەر لە سیاسەت دەردەکەن دەزانن، دەکرێت (دەبێت و نابێت) لە یەکدی جیا بکرێنەوە. پارتی داد و گەشەپێدان پێشتر لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا دوو وەزارەتی دایە هەدەپە. هەمووتان باش لەبیرتانە.
لە هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2015دا پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە 13.12٪ی دەنگەکانی تورکیای بردەوە و 80 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. ئاکپارتی 40.87٪ی دەنگەکانی بردبووەوە کە بە تەنیا نەیدەتوانی حکومەت پێکبهینێت، بەڵام لەگەڵ هەدەپە دەیتوانی حکومەتێکی کوالیسیۆنی یانیش بە ڕێککەوتن پێکبهێنێت.
ئەوکاتە حکومەتیکی کاتی پێکهێنرا تەنیا تاوەکو هەڵبژاردنی پێشوەخت ناوی هەبوو. لەو حکومەتەدا دوو وەزارەت درایە هەدەپە. موسلوم دۆغان کرایەوە وەزیری گەشەپێدان و عەلی حەیدەر کۆنجا کرایە وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەوروپا لە حکومەتی تورکیادا.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە؛ مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی؛ تەمەل کارامۆڵائۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت؛ گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان و تائێستا بە فەرمی شەش کۆبوونەوەیان کردووە. ئامانجی ئەوان ڕکابەریکردنی بلۆکی دەسەڵاتە کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت. ئەمەش جێی سەرنجە کە ئەو شەش پارتە بانگهێشتی هەدەپەیان نەکردووە. [1]