لە تورکیا بەهۆی سوکایەتیکردن بە یڵماز گونەی، سینەماکاری کورد سکاڵا لە دژی ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر تۆمارکرا.
بەشار عەبدی ئالناک، پارێزەری بنەماڵەی یڵماز گونەی، ڕۆژی هەینی 16ی ئەیلوولی 2022 ڕایگەیاند، بەهۆی سووکایەتیکردن بە یڵماز گونەی، سینەماکاری کورد لە داواکاری گشتیی شیلە سکاڵای لە دژی ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر تۆمارکردووە.
بەشار عەبدی ئالناک دەڵێت، لێدوانەکانی ئۆزداغ لەبارەی یڵماز گونەی تاوانێکی سادەی سوکایەتیکردن نییە، بەڵکو تاوانی زەلیلکردنی کردووە.
ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر کە لە هەمانکاتدا پەرلەمانتارە لە بازنەی ئیستەنبووڵ. لە پەخشێکی یوتیووبدا کە هەفتەی ڕابردوو بەشداری تێدا کردبوو گوتی: یڵماز گونەی کەسێکی بێ ڕەوشت و سەرسەرییە.
گوتەکانی ئۆزداغ کاردانەوەی لێکەوتەوە و پارێزەری بنەماڵەی گونەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی هاندانی ڕق و دوژمنایەتی لە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد.
ئاڵناک گوتی، ئاشکرایە کە ئۆزداغ بە ئامانجی زەلیلکردنی هونەرمەند یڵماز گونەی کە خۆشەویستی و ڕێزی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی بەدەستهێناوە، بەوجۆرە ڕەفتاری کردووە.
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوەدراوە، یڵماز گونەی کەسایەتییەکی پێشەنگی سینەمای جیهانی بوو و هونەرمەندێکە وەک سیناریست، ئەکتەر و دەرهێنەر جێ پەنجەی دیاربووە لە مێژووی سینەمای تورکیادا. بێگومان ڕوونە کە تاوانەکانی سووکایەتیکردن بە یادەوەریی ئەو کەسە، هاندانی خەڵکە بۆ ڕق و دوژمنایەتی و زەلیلکردنی یڵماز گونەی کۆچکردوو لەبەردەم خەڵکدا.
ئاڵناک داوا دەکات لەبارەی ئومێد ئۆزداغ دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت و ڕاپۆرت ئامادە بکرێت، لە ئەگەری هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دادگە دۆسیەی لەسەر تۆمار بکرێت.
یڵماز گونەی، سینەماکاری کورد ساڵی 1937 لە گوندی یەنیجە سەر بە شاری ئەدەنەی تورکیا لە دایکبووە و ساڵی 1984 لە شاری پاریس، بەهۆی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد.[1]