#25-08-2022#، 77 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردیدا تێدەپەڕێ کە تا هەنووکەش ڕێبوارانی ئەم ڕێگەیە وەک میراتگری شۆڕش و خەونەکانی شۆڕشگێڕانی بەرلەخۆیان و ئاواتەکانی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو بەرەو سەرکەوتن و ڕزگاری لە چەوسانەوە و ژێردەستی و پچڕانی زنجیری کۆلۆنیالیزم لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوامن.
حیزبی دیموکرات لە ماوەی ئەم نزیک بە هەشت دەیەدا گەلێک هەوراز و نشێو و نسکۆ و سەرکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە کە وەک لایەنێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە نێو خەڵکەکەیدا هەیە سەرکەوتنەکانی بووەتە هۆی خۆشحاڵی و گەشەی کۆمەڵگا و نسکۆ و پاشەکشێ و لاوازییەکانی بووەتە هۆی دڵنیگەرانی و پاشەکشێی ورەی شۆڕش لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا.
تەمەنی 77 ساڵەی حیزبی دێموکرات تەژییە لە ڕووداوی مێژوویی گرینگ و چارەنووسساز بۆ نەتەوەکەمان و گەلێک وانەیان تێدایە بۆ فێربوون و بەرچاوڕوونی داهاتوومان کە هەر کامەیان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی تایبەت هەیە بەڵام لەم دەرفەتە کورتەدا تەنیا لە چەند دێڕدا ژمارەیەکی کەم لە هەستیارترین ڕووداوەکانی تەمەنی ئەم حیزبە باس دەکەین کە بەهۆی کاریگەری وتار و پێگەی جەماوەری ئەم حیزبە کاریگەری لەسەر سەرجەم خەڵکی نیشتمانمان داناوە.
یەکەم: دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەرچەند لەبەشێکی کەمی ئاخی داگیرکراوی زاگرۆسماندا ڕووی دا بەڵام بووە هۆی سەرچاوەیەکی جێگەی ڕێز و هێمایەک لە بەڕێوەبەرایەتی لێزانانە و یاساتەوەرانە کە تا هەنووکەش دەسەڵاتێکی لەم چەشنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێوێنەیە و لە هەمان کاتدا بۆ گەلی ئێمە هێمایەکە بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی و سەلماندنی بە کردەوەی ئەو ڕاستییە کە کورد یەک نەتەوەیە و پێی ئەسپاردن و بەرپرسیارەتی کوردانی پارچەکانی دیکە لە کۆماردا باشترین بەڵگەی ئەم ئیدیعایەیە کە بەداخەوە تا هەنووکەش و لە ئەزموونی باشور و ڕۆژاوادا بەم چەشنە و لەم قەوارەدا دووپات نەبووەتەوە.
دووەم: بزووتنەوەی ساڵەکانی 46 و 47 لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیە بۆ ئەم حیزبە کە پێداهەڵگوتن بە حیزبی دێموکراتدا نییە ئەگەر بێژین ئاکامی ئەم شۆڕشە بوو کە ترسی لە دڵی خەڵکدا نەک لە نیشتمانی ئێمە بەڵکوو لە ئێرانیش دژ بە دەسەڵاتی پاڵەوی ڕەواندەوە و ئەو باوەڕەی گێڕاوە بۆ کۆمەڵگا کە خەبات و شۆڕش دەکرێ لەهەمبەر دەسەڵاتی داگیرکەردا هەرچەند زۆر بەهێزیش بێ بکرێت و دڕ بە تاریکی بدرێ و ئەگەر ئیرادە هەبێت دەسەڵاتەکان ناچار بە ملکەچکردنن و جڤاک چاوەڕێیە ئەو ئیرادەی لە ڕێگەی ڕۆڵە پێشەنگەکانیەوە بۆ بگەڕێتەوە و کاتێک ئیرادەی بۆ گەڕایەوە بەدڵنیاییەوە لەهەمبەر زوڵم و زۆری داگیرکەردا بێدەنگ نابێ.
سێیەم: پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەسەڵاتداریەتی حیزب لە بەشێکی بەرچاوی نیشتماندا لەم وێستگەی خەباتدا بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری هەڵکەوتە و بێوێنە کاک دکتۆر #عەبدولڕەحمان قاسملوو# خەباتی نەتەوەکەمان لە ئێران و هەر چوارپارچەی نیشتماندا دەبێتە سەرباشقە و لەم ماوەدا جیاواز لە ناوخۆی وڵات کە دەبێتە مەزنترین هێزی شۆڕش لە کوردستان و ئێران و لە دنیای ڕۆژاوا و دەرەوەشدا دیپلۆماسی کوردستانی بە مانای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشت نەتەوەی کورد لە واتا ڕاستەقینەکەیدا لە هەمیشە زیاتر و بە قازانجی خەباتی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو بڕەو پەیدا دەکات و ئەم دیاردەش تا هەنووکە و دیپلۆماسیەک بە قازانجی سەرجەم نەتەوەکەمان بێوێنەیە.
چوارەم: سەردەمی ڕێبەرایەتی ڕێبەری مەزن و شۆڕشگێڕی بێوێنە کاک دوکتور #سادق شەرەفکەندی#یە پاش شەهیدبوونی ڕێبەری کاریزما د.قاسملوو، لە هەموو بزووتنەوە و خەباتێکدا نەمانی ڕێبەری کاریزما دەبێتە هۆی نسکۆ و پاشەکشەی خەبات. هەر لەم سەردەمەدا بوو بلوکی سۆڤیەت ڕووخابوو و شەڕی ئێران و عێراقیش کۆتایی هاتبوو، لە سەردەمێکی وادا هەموو فاکتەکان و ڕووداوەکان بە ئاقاری کپکردنی دەنگی خەبات و شۆڕشدا هەنگاویان دەنا، بەڵام ڕێبەرایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەکانی حیزب و بەڕێوەبەرایەتی زانایانەی د.سادق شەرەفکەندی بەپێچەوانەی ڕەوتی ڕووداوەکان کاروانی خەباتی ئاژوت و دۆست و دوژمن شایەدی دەدەن کە خەباتی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات سەلماندی کە خەباتێک نییە کە ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی لاواز بوو یان هەلومەرجی ناوچە و جیهان ئیزنیان دا گەشە بکات بەڵکوو خەباتێکە گرێدراوی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراوە و هەموو کات ئەگەر ئیرادە هەبێت توانای گەشە و بەهێزبوونی هەیە و دەتوانێ دەسەڵات بخاتە لەرزە و ورە و هەستی شۆڕش بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە کە تا هەنووکە ئەم ڕوانین و پشتبەخۆبەستن و لەهەمانکاتدا بەهێزییە لە خەباتدا تەنانەت کاتێک هەموو فاکتۆرە ناوخۆیی و ناوچەیی و جەهانییەکان دژ بە تۆن بێوێنەیە.
[1]