کچە ئاوارەیەکی شنگال جیاواز لە هەموو نیشتەجێبووانی کەمپی خانکێ لە پارێزگای دهۆک، دەوروبەری ئەو خیوەتەی کە تیایدا نیشتەجێیە، کردووە بە باخچە و تا ئێستا 29 جۆری گوڵی لێ چاندووە
خالیدە شەمۆ تەمەن 28ساڵ، خەڵکی گوندی دگۆرێ قەزای شنگالە، ماوەی هەشت ساڵە لە کەمپی خانکێی سنووری قەزای سێمێلی سەربە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، ئەو چیرۆکی خۆی دەگەڕێتەوە کە ساڵی 2014 وەکو هەر ئێزدییەکی دیکەی قەزای شنگال دوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر قەزاکەیان، ئاوارەی پارێزگای دهۆک بووە و دەڵێت: ساڵی 2014 تا 2018 کە لەنێو کەمپەکاندا بووین، کەس هیچی بۆ ئێمە نەکرد، باوەڕمان وابوو کە ژیانی ناو کەمپەکان کاتییە و دەردەچین، بەڵام کە بینم بووە دووساڵ و زیاتر، ئیتر بیرم لەوەکردەوە کە گرنگی بە خیوەتەکەم بدەم بۆ ئەوەی زیاتر تیایدا بحەسێینەوە، چونکە لە ژیانی کەمپدا بەردەوام هەستمان بە بێزاری و ماندوبوون دەکرد.
خالیدە شەمۆ دەشڵێت: سەرەتا کە هاتینە کەمپ، کارەبای مۆلیدە نەبوو لە وەرزی هاویندا زۆر گەرم بوو، کارەبای نیشتمانیش زۆر باش نەبوو، شوێنێک نەبوو لەناو کەمپەکان کە پشووەکی لێبدەین، هەمووی تۆز و خۆڵ بوو، بیرمکردەوە چۆن ئەو تۆز و خۆڵە بۆ ژینگەیەکی باشتر بگۆڕم و شوێنێک دروست بکەم تا خێزانەکەم پشووی لێبدەن، وردە وردە کۆمەڵێک گوڵم لەبەردەم خیوەتەکەمدا چاند و کۆڵم نەدا تا زیاتر لە 29 جۆری گوڵم چاند، ئێستا خیوەتەکەم وەکو باخچەیەکی لێ هاتووە، ڕووبەری سەوزایی خیوەتەکەم زیادی کرد، هەرکات بێتاقەت دەبم ئەوا دێمە ناو باخچەکەم و بۆنی گوڵەکان، دڵخۆشم دەکەن.
ئەو کچە ئێزدییە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای پشکوتنی گوڵەکان و بوونی سەوزایی لە دەوروبەری خیوتەکەیان، ئەوا چەندین کەسی دیکەی نیشتەجێی کەمپەکە هەمان هەنگاویان نا و دەڵێت: دوای ئەوەی خەڵکی کەمپە خیوەتەکەمیان بینی کە هەموویم کردووەتە سەوزایی، چەندین خێزانی دیکەی نیشتەجێی کەمپەکە هەمان هەنگاویان نا و خیوەتەکانیان بە گوڵ و درەخت ڕازاندەوە، ئەمەش دڵخۆشم دەکات، چونکە بیرۆکەی من بووە مایەی ئەوەی سیمای بەشێک لە کەمپەکە جوانتر بکەین.
خالیدە شەمۆ داواکاریی لە دانیشتووانی کەمپەکان هەیە و دەڵێت: بۆ ئەوەی سیمای کەمپەکان جوان بێت و کەشوهەوایەکی فێنک و پاکمان هەبێت، با هەر خێزانێک لە بەردەم خیوەتەکەی دارێک بچێنێت، چونکە ماوەی هەشت ساڵ بەسەر ژیانی نێو کەمپەکان تێپەڕی، تێبینی ئەوەم کردووە گرنگی بە سەوزایی نادرێت.
بەهۆی پەرۆشیی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و گرنگییدانی بە ژینگە، ڕێکخراوی (lemon tree trust) پەیوەندی بە خالیدە شەمۆ-وە دەکەن و چەندین گوڵ و داری پێشکەشی دەکەن و وێنەی خیوەتەکەی دەگرن و لەمبارەیەوە خالیدە شەمۆ دەڵێت: ساڵی 2021 بەشداریم کرد لە پیشانگایەک کە ڕێکخراوی لیمۆن ڕێکیخستبوو. لە پیشانگاکەدا زیاتر لە 30 وێنە نمایشکرابوون، وێنەی خیوەتەکەی من لەبەر جوانی و زۆری سەوزاییەیەکەی، بە پلەی یەکەم دەرچوو، هەر بۆیەش لەلایەن ڕێکخراوەکەوە خەڵات کرام.
خالیدە شەمۆ هیوای وایە ئەو ڕۆژە بێت کە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی و دەڵێت: مرۆڤ لە چ شوێنێکی دونیا بژیت، ئەگەر لە شوێنی لەدایکبوونی نەبێت، ناڕەحەتە و هەست بە ئاسوودەیی ناکات، هەشت ساڵە لێرەین بەڕاستی ماندووین و دەمانەوێت حکوومەتی عێراق زەمینەسازی بکات بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێنەوە شنگال، هەرچەندە تا ئەو کاتەی لە شنگال ئەمنیەتمان پارێزراو نەبێت، بڕیارمان داوە نەگەڕێینەوە.
دوای ڕووداوەکانی سێی ئابی 2014 کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری قەزای شنگالی دا، زیاتر لە 331 هەزار کەس ئاوارەبوون کە لەنێو 15 کەمپی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کران.[1]