ئەگەر یەکێک کتێبەکانم بخوێنێتەوە ناتوانێت بکوژ بێت، خوێنەرەکانم دەبێت دژی جەنگ بن، دەبێت ڕوبەڕوی بەکەم سەیرکردنی ئینسان بن بۆ ئینسانێکی تر، نابێت هیچ کەسێک بەچاوێکی نزم سەیری یەکێکی دیکە بکات و هەوڵی سڕینەوەی بدات، دەبێت ڕێگریی بکرێت لەحکومەت و دەوڵەتەکان کە هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤ دەدەن.
ئەمە ئه و وشانەبو کە #یەشار کەمال# ئاراستەی خوێنەرانی کرد لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014دا لەزانکۆی بیک لەئەستەنبوڵ کاتێک ئه و زانکۆیە بڕوانامەی فەخریی بەخشییە ئه و نوسەرە.
یەشار کەمال ناوێک نییە پێویستی بەناساندن بێت. ئەو، هەرچەندە کوردبو، بەڵام بەتورکیی دەینوسی، لەماوەی ژیانیدا زیاد لە20 ڕۆمانی بڵاوکردونەتەوه و ڕۆمانەکانی بۆ زۆربەی زمانە زیندوەکانی جیهانیی وەرگێڕدراون.
بۆ نوسینەکانی، چەندین خەڵاتی وەرگرتوە، لەگرنگترینیان خەڵاتی ئاشتیی بو لەئەڵمانیا.
یەشار کەمال کە بەیەکێک لەبەناوبانگترین قەڵەمەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرنی تورکیا دادەنرێت، لەساڵی 1923 لەگوندێکی کوردستانی باکور لەدایک دەبێت.
لەتەمەنێکی لاوییەوە دەست دەکات بەخوێندنەوەی نوسەرە ناودا ڕەکانی وەک، زۆلا، مۆلێر، تۆلستۆی، چیخۆف، گۆگۆڵ و شکسپیر.
لەساڵی 1946 کاتێک دەکەوێتە نوسینی چیرۆک و ڕۆمان، یەشار ڕوبەڕوی ئه و پرسیارە بوەوە، بە چ زمانێک بنوسم؟ دۆخی ئه و کاتەی وڵاتی تورکیا، ئه و نوسەرە کوردەی ناچار کرد کە بەزمانی دایکی کتێبەکانی نەنوسێت.
هەرچەندە بەتورکیی دەینوسی، بەڵام لەبەرامبەر دۆزی کورد لەتورکیادا بێ دەنگ نەبوە.
لەساڵی 1995 یەشار کەمال لەوتارێکیدا لەژێر ناونیشانی کێڵگەکانی مردن کە لەگۆڤارێکی ئەڵمانیدا بڵاویکردەوە، باسی لەهەمو زوڵمەکانی دەوڵەتی تورک و خەمەکانی کورد دەکرد له و کاتەدا. ئه و وتارە لەناوەندەکانی ڕۆشنبیریی ئەڵمانیی و کوردیی و تورکییدا، دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیداهێنا.
له و کاتەدا یەشار کەمال لەوتارەکەیدا نوسیبوی
بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەرێگایەکی ئاشتیانه، هیچ ئومێدێک بۆ تورکیایەکی دیموکراتی نییە. وا لەدوای زیاد لە20 ساڵ له و وتارە، هەموان له و هەقیقەتە گەییشتون.
هەرچەندە لەسەر ئه و وتارە دەوڵەتی تورک یەشاریان تۆمەتبارکرد بەبەزاندنی هێڵی سوری ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام بەهۆی بونی پشتگییرییەکی بەرچاو لەناو نوسەرانی جیهاندا بۆ ئه و نوسەرە، دەوڵەت نەیتوانی هیچ شتێکی بەرامبەر بکات.
یەشار کەمال ساڵی 2015 لەتەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام وەک هەر نوسەرو داهێنەرێکی دیکە، ئه و بەیەکجاری نامرێت، بەڵکو کتێب و کارەکتەری ڕۆمانەکانی بۆ زەمەنێکی زۆر دورتر لەژیاندا دەیهێڵنەوە.[1]