ناونیشان: وڵاتی کوفر یا حەبەشەی سەردەم؟
ئامادەکار: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
ژنە ئەکتەرێکی سوری کە ئاوارە بووە بە هۆی شەڕی سوریا ئەم نامەی خوارەوەی بۆ سەرۆکی ئەڵمانیا نووسیوە:
نامەکە دەڵێ:
خانمەکەم مێرکل، ڕاستە مەککە و دوبەی و مەسقەت و عوممان نزیکترن لە بەرلین و کۆپنهاگن بەڵێ ئەو عەرەبانە ئامادەبوون یارمەتیمان بدەن زۆریش مکوربوون لەسەر یارمەتیدانمان وە زۆرێک لەوان سەردانیان کردن لە خێوەتگەکانی پەنابەران و زۆربەیان تەمەنیان 60 ساڵ و بەرەو سەر بوو لەگەڵ هەندێک لە گەنجان و هەندێکیش نوێنەریان ناردبوو...
بەڵام ئێمە ڕەتمان کردەوە چونکە ئێمە خەلکی سوریاین، مەرجەکانی ئەوانیش چی بوون بۆ یارمەتیدانمان؟ ئەوان مەرجیان ئەوەبوو کە خوشک و کچەکانمان بکەن بە جاریە و خزمەتکار و کۆیلە، یا زەواجی مسیار، هەندێک لە نەوەکانی موتعەش داوایان کردین بۆ زەواجی موتعە... هتد.
لەبەر ئەوەبوو خانمەکەم کە ئێمە دەریا و نقوم بوون و مردن و سواربونی بارهەڵگرە داخراوەکانمان لا باشتر بوو، بەڵکو بگەینە ولاتەکەی ئێوە کە تیایدا مرۆڤ وەک مرۆڤ سەیر دەکرێ بێ گوێدانە ئاین یا نەتەوەکەی..
ولاتەکەی ئێوە لە ڕوی پێشەوە ماسکی ئاین و برایەتی و لە ڕوی دواوەشی ماسکی شەیتانی نەبەستوە، تەنانەت شەیتانیش کردەوە و بیرکردنەوەی ئەوان ڕەت دەکاتەوە کە دورن لە مرۆڤایەتی و ئاین..
بۆیە خانمەکەم ئێمە ژیانمان خستە مەترسی تاوەکو وەک مرۆڤ و لەگەل مرۆڤ بژین نەک دڕندە..
سوپاست دەکەین خانمەکەم و سوپاسی گەلەکەشت دەکەین کە داوای کەفیل و ڤیزا و کارتی سەردانیکردن و حیجزی هۆتێلی 5 ئەستێرەی و زۆر شتی تریشیان لێ نەکردین..
سوپاس خانمەکەم
می سکاف
بەداخەوە دەنگم بەو خانمە نەگەیشت پێی بڵێم :
خانمەکەم، ئەوانەی باسیان دەکەی باشترین و پاکترین پیاویان لە شارەکەیان وەدەرنا و بەردبارانیان کرد و هەزاران قسەی ناشرین و تۆمەتی نابەجێیان بۆ دروست کرد، لە کاتێکدا خزم و کەسی خۆیشیان بوو، ئەو جانەوەرانە داڵدەی تۆ دەدەن؟ ئەوان کەسێکیان داڵدە نەدا کە خودا ناردبووی، چۆن تۆ داڵدە دەدەن؟
خانمەکەم دیارە بێئاگای لەوەی کە دنیا ناگۆڕێ، ئەوەی دەگۆڕێ تەنها ناوەکانن.
ئەوان بە گوفتار و ڕواڵەت فریشتە و بە کردەوەش دڕندەترین جانەوەرن، ئەوکات و ئێستا و تاهەتایەش هەروادەبن.
ئەوان هەر ئەو خزم و کەسە دڵرەقانە بوون کە پەیامبەری خودایان شاربەدەر و ئاوارەکرد، لە کاتێکدا مەسیحیەکانی حەبەشە داڵدەیان دان.
ئایا هەمان سیناریۆ و هەمان ڕوداو نییە ئەمرۆکەش؟
وا لەبەر چاومان مسوڵمانی بێتاوان دەکوژرێن و دەربەدەر دەکرێن، خزمە دڵرەقەکانی پەیامبەر وەک 14 سەدە بەر لە ئەمڕۆ هەمان هەڵوێستی باو و باپیرانیان هەیە، بۆیە مسوڵمانان ناچارن ڕوو لە حەبەشەی مۆدێرن بکەن کە ئەوروپای ئەمڕۆیە.
جا ئەگەر ئاوارەکانیش ببن بە مەسیحی واعیزە ملیۆنێرەکانی سوڵتانەکان دونیایان بەسەردا وێران دەکەن بە وتاری ئاگرین و گەف و گوڕی خەشم و قینی خودا.
ئەوەی کارەساتە خەڵکی تێناگەن بە داخەوە، ئێستاش زۆر مسوڵمانی سادە و ساویلکە هەن سعودیە بە خاکێکی پیرۆز و خەڵکەکەی بە فریشتە دەزانن و لە بەرامبەریشدا ئەوروپا بە جەنگەڵ و خەلکەکەشی بە ئاژەڵ ناوزەد دەکەن.
بەڵام مێژووی دور و نزیک پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێن، نازانم کەی فێردەبین وانەیەک لە مێژوو فێربین؟
باسی ئەو بانگخوازانەش ناکەم کە لە ئەوروپا دەژین، لەسەر پارەی سۆشیال، ئەو پارەیەی کە باجی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی عەرەق و یانە شەوانەکان و بانکە نائیسلامییەکانە (بە پێوەری ئیسلامی سیاسی)، ئەو بانگخوازانە وەری دەگرن و بە حەڵالی دەزانن کاتێک لەوێن، بەڵام ئەوانەی لە ڕۆژهەڵات دەژین بە حەرامی دادەنێن.
سەیر لەوەدایە لە ئەوروپا دەژین و بە ئەوروپاش دەڵێن (وڵاتی کوفر)، لە کاتێکدا لە وڵاتە نازدارەکانی خۆیان لە ترسی سەرۆکە بەناو مسوڵمانەکان هەڵاتوون!
ئەو پارەیەش کە وەردی دەگرن پێشتر بە حەرامیان دەزانی بەڵام ئێستا حەڵاڵە!
کاتێک مرۆڤ نەزانێ بیربکاتەوە، بیرکردنەوە و گوفتار و کردارەکانی نالۆجیکی دەبن بەڵام هەستیان پێ ناکا.
چۆن وڵاتی کوفر داڵدەی مسوڵمانێک دەدات کە لە وڵاتیک هەڵاتووە و ئاوارە بووە کە هەمووی مسوڵمانن و سەرۆکەکەیشیان وەک فریشتە وێنادەکرێ؟
دیارە دەبێ پێوەرەکان بەو شێوەیە نەبن کە ئێمە بیریان لێ دەکەینەوە.
ئەی باشە چۆن ئاسایی بێ بە پارەی سوشیاڵ بژین کە دەزانین سەرچاوەی ئەم داهاتە زۆرێک لە بازرگانیی حەرامی تێدایە؟
بێگومان ئەوەی بزانێ دروست بیربکاتەوە توشێ ئەم کێشانە نابێ، چونکە بە پێوەری ڕاستەقینە، نە ئەوروپا وڵاتی کوفرە و نە پارەی سۆشیال حەرامە.
ولات ئاینی نییە، وڵات پێکهاتووە لە چەند دەزگایەکی خزمەتگوزاری و بەرێوەبردن، دەزگا ئاینی لە کێ بوو؟ تاکەکان ئاینیان هەیە، دەزگاکانیش یاسایان هەیە.
تاک لە نێو دەزگاکان ئازادە هەر بیروباوەڕێکی هەبێ.
کاتێک ئەم دەزگایانەش باج وەردەگرن و بەشێک لە داهاتەکەی بەسەر خەڵکی بێکار و خانەنشین دابەش دەکەن، بۆ ئەوانەی پارەکە وەردەگرن گرنگ نییە سەرچاوەی داهات چییە و کێیە، تەنها ئەو بازرگانە یا ئەو دەزگایەی کە پارە پەیدا دەکات بەرپرسە لە حەڵاڵی یا حەرامیی داهاتی خۆی.
ئەوەی من تێبینی دەکەم کێشە گەورەکەی بیرکردنەوەی تەسک بریتیە لە جیاوازی نەکردن لە نێوان ئامراز و ئامانج(وسیلة، غایة)
زۆرێک لە پیاوانی ئاینی ئامراز و ئامانج تێکەڵدەکەن، ئەگەر جیاوازیی نێوان ئەو دوو چەمکە بزانن ناکەونە ناو ئەو هەموو هەڵە کوشندانە.
بۆ نمونە تەلەفزیۆن، کە سەرەتا تەلەفزیۆن دەرکەوت حەرام کرا، پاشان حەلالیان کرد، ئەگەر هەر لەسەرەتاوە تۆزەک لە بابەتە گەیشتبان دەبوو بزانن تەلەفزیۆن ئامرازە نەک ئامانج، خودی ئامراز، نە حەلالە و نە حەرام، ئێستا ئیسلامیەکان، بە تایبەت توندرەوەکان خاوەنی زۆرترین کەناڵی ئاسمانین لە کاتێکدا لە سەرەتای پەیدابوونی حەرامیان کرد، ناسیاوی نزیکی خۆم کە مامۆستای ئاینی بوو تا وەفاتیشی کرد نەیهێشت تەلەفزیۆن بێتە مالەکەیان.
حەرامکردنی تەلەفزیۆن وەک ئەوەیە پەرداخی ئاوخواردنەوە حەرام بکەی، چونکە لەوانەیە عەرەقی تێدا بخورێتەوە، ناکرێ ئێمە ئامراز حەرام بکەین چونکە لەوانەیە ئەم ئامرازە لە شتی باش بەکاربهێنرێ، ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و هەموو ئامرەزاکانی تریش، نە حەرامن و نە حەلال، دەشێ لە چاکە و دەشێ لە خراپە بەکار بهێنرێن. [1]