هەموو پۆستێک لە هەرێمی کوردستان و ئەو پۆستانەشی لە #بەغدا# ئیستیحقاقی گەلی کوردن و مافی گەلی کوردستانن، تاپۆی هیچ کەسێک یان پارتێکی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو نیین.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەردوو هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد و زۆرینەی دەنگی گەلی کوردستانیان بەدەست هێنا، لە ئەنجامدا هەردوو لا لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێک کەوتن و دابەشیان کرد.
گەلی کوردستان مافی تەواوی بە لیستە هاوبەشەکەی #پارتی# و #یەکێتی# دابوو، هەردوو حزب شەرعییەتی گەلی کوردستانیان بەدەست هێنابوو، بۆیە توانییان پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغە بە ڕێزدار کاک #مەسعود بارزانی# بسپێرن و سەرکۆماری عێراقیش بە خوالێخۆشبوو #مام جەلال# بسپێرن.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیتر هەتا هەتا تاپۆ بێت لەسەر ناوی پارتی و سەرکۆماریش تاپۆ بێت لەسەر ناوی یەکێتی.
مافی گەلی کوردستانە پۆستەکان بە چ کەس و پارت و لایەنێک بدات بە ئەمانەت بۆ خولێک دوو کەسی شیاو بۆ ئەو دوو پۆستە دیاری بکرێت.
دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان لە کەشوهەوایەکی ئازاد، لەناو پەرلەمانی کوردستان بە دەنگدان، پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆمار پڕ بکرێنەوە.
گرنگە لایەنێک کە ناتوانێت هیچ پۆستێکی سیادی نە لە کوردستان و نە لە عێراق بەدەست بهێنێت و بیەوێت بە ناشەرعی و گوێنەدان بە دەنگی گەل و ڕێزنەگرتن لە گەل و پشت بە نەیارانی گەلی کوردستان پۆستێک بەدەست بهێنێت!
با ئەو لایەنە بە خۆیدا بچێتەوە و هەڵەکانی خۆی چاک بکات، بەڵکوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گەلی کوردستان کەمێک ئەرێنی تر هەڵیانبسەنگێنن و دەنگی زیاتریان پێ بدەن و چەند کورسییەکی زیاتر بێنن و پۆستی باشتریان بەرکەوێت.
زۆرینەی دانیشتوانی #کەرکووک# کوردن و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، لیستی برایەتی لە (41) کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک (26) کورسیی هێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکووک ئیستحقاقی کوردە و دەبێ کورد پارێزگارێک دیاری بکات و دابنێت.
بابەتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کوردە، بۆیە مافی گەلی کوردستانیشە لە ڕێگای نوێنەرەکانی گەل لە پەرلەمانی کوردستان ئەو پارێزگارە دیاری بکات و دابندرێت. [1]
دکتۆر #کەمال کەرکووکی#