پشکی یەکێتی لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەسەدا 10 بۆ سەدا 35 دەبێت
هەموو پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# و #هەڵەبجە#، بەرلەوەی مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردن پێویستە پشکی یەکێتی تێدا دیاریبکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، بەر لە ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجه و ئیدارە سەربەخۆکان پێویستە وەبەرهێنەر ڕەزامەندی ئیدارەی گشتی یەکێتیی وەرگرێت و هیچ وەبەرهێنەرێک بەبێ وەرگرتنی کۆد و ژمارەی ئیداری گشتیی لە وەزارەتی شارەوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەزامەندی لەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەکەی پێنادرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی بوار، پشکی ئیداری گشتیی لە هەر پڕۆژەیەکی وبەرهێنان لە نێوان سەدا 10 بۆ 35 دەبێت بە گوێرەی پڕۆژەکە، پشکی ئیدارەی گشتیش لە هەر پڕۆژەیەک، تەنها لە قازانجی پڕۆژەکە نییە، بەڵکو لە تەواوی پڕۆژەکە دەبێت.
هەربەپێی زانیارییەکان، #یەکێتیی نیشتمانی کوردستان# ڕێگە بە هیچ وەبەرهێنەرێک و سەرمایەدارێک نادات لەبڕی بەڕێکردنی مامەڵەکانیان پارە بدرێت بە بەرپرسانی حزبی و حکومەتی و بەڕێوبەرە گشتییەکان، بەڵکو لە بڕی ئەوە دەبێت هەر وەبەرهێنەر بەشێک لە پشکەکانی بدات بە ئیداری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. [1]