ناونیشان: ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی بە خۆری نەوت دێنێت؟
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە سەدەی ڕابردوودا چەندین تیۆری ئابووری وایان پێش بینی دەکرد کە ڕۆژێک دا دێت دوا دڵۆپە نەوت دا دەچۆرێت و کۆتایی بە چەرخی نەوت دیت، بەڵام هەموو ئه و وادانەی دانرابوون هیچیان ڕاست دەرنەچوون.
(سبنسەردیل) گەورە ئابووریناسی بەریتانی لە کۆمپانیای (B.P)لە ساڵی 2015 لە توێژینەوەیەکیدا گۆرانکاری بەسەر ئه و چەمکانەدا هێناوە کە باس لە کۆتایی هاتنی نەوت دەکەن و دەڵێت (دوور نییە داخوازی لەسەر نەوت کەم بێتەوە سەرەنجام لەگەڵ ڕۆژگاردا نرخیشی دا دەبەزێت).
دێڵ له و بروایەدایە یەدەکێکی زۆری نەوت لە ژێر زەویدا ماوە و نەدۆزاوەتەوە بە جۆرێک بەشی مرۆڤایەتی ئەکات تا ئه و ڕۆژەی خۆری بەکارهێنانی نەوت ئاوا دەبێت. هەرچەندە(سبنسەردێڵ) باسی نەوتی لەسەردەمی پاش کۆرۆنا نەکردووە بەڵام کۆمپانیای (B.P) کەتیایدا کار دەکات بۆچوونەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت دوای کۆرۆنا لە دەوروبەری 55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کردووە، هەروەها گەڕان و پشکنینی له و شوێنانە ڕاگرتووە کە تێچووەکەی بەرزە.
ئێستا تێبینی دەکەین بە هاتنی کۆرۆنا یەکێتی ئەوروپا بودجەی تایبەتی دەست نیشان کردووە بۆ بەرەبەرە دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی نەوت، هەروەها (جۆن بایدن) سەرۆکی ئەمریکا 2 ترلیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ چاککردنی ژینگە و بایەخدان بە جێگرەوەکانی نەوت. ئاشکرایە 70% ی نەوتی بەکارهێنراو لە سێکتەری گواستنەوە خەرج دەکرێت هەر بۆیە وڵاتانی پیشەسازی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێگرتنەوەی ئۆتۆمبێلی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەوانە کۆمپانیای (Tesla) هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە لە دروست کردنی ئۆتۆمبێلی کار کردوو بە پاتری بە جۆرێک پاتری یەک ملیۆن میلی داهێناوە و لە چەندین سووچی جیهاندا کارگەی بنیات ناوە. هەرگیز چاوەڕوان ناکرێت جارێکی تر بەکاربردنی سووتەمەنی فڕۆکە وەک پێش ساڵی 2020 ی لێبێت , ئەگەر داخوازی زۆریشی لەسەر بێت ئەوا فرۆکەیەک دروست دەکرێت کەمترین بەنزین خەرج بکات.
هەموو پێشبینیەکان وا دەردەخەن ساڵی 2020 سەرەتایی کز بوونی خۆری نەوت دەبێت، پێناچێت جارێکی تر هەوڵەکانی وڵاتانی ئۆپیک پڵاس بتوانن نرخی نەوت بە جۆرێک بەرز بکەنەوە وەک لە ساڵی 2015 توانیان ئەنجامی بدەن.
لەمەوە دەگەینە ئه و ڕاستییەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لەوەی زۆر شتی لەسەر زەوی گۆری تەنانەت دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێتە سەرەتای ئاوا بوونی خۆری نەوت و جارێکی تر ئه و ڕۆژگارە نایەتەوە کە نرخی نەوت بگاتە 100دۆلار. [1]