ناونیشان: ئایا کۆمپانیا نەوتییە چینییەکان جێگە بە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان لێژ دەکەن؟
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
سەرەتایی مانگی تەمموزی ڕابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان بە نیازی پاشەکشەن لە پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت لە عێراقدا کە نزیکەی دە ساڵە بە گوێرەی گرێبەستی خزمەت (Service Contract) لە کێڵگەکانی باشووری عێراق کاردەکەن. کۆمپانیاکانیش بریتیین لە کۆمپانیای (BP)ی بەریتانی و ئەکسۆن مۆبێل ی ئەمریکی و لۆک ئۆیەڵی ڕووسی، پێشتریش لە ساڵی 2018 کۆمپانیای (Shell) ی هۆڵەندی پشکەکەی خۆی لە کێڵگەی مەجنون فرۆشت.
دەتوانرێت هۆکاری پشت ئەم هەنگاوە بۆ ئەم فاکتەرانە بگەڕێنریتەوە:-
1- ژینگەیەکی نا ئارام ڕووبەڕوویان بۆتەوه و چەندین جار کەوتوونەتە بەر هەرەشەی گروپی تیرۆرستی داعش و میلیشیا شیعەکان.
2- هەندێک لە کۆمپانیاکان خۆیان بە نیازی گۆڕینی هەیکەلی کارکردنیانن لەوانە کۆمپانیای (BP) کە بە نیازە لە بواری غاز کار بکات، هەروەها کۆمپانیای (Shell) لە بەرنامەی دایە جەخت لە بواری غاز و پتڕۆ کیمیاوی بکاتەوە.
3- ئه و پارەیەی کۆمپانیاکان لە عێراق دەستیان دەکەوێت بە کەمی دەزانن بۆ نموونە بەپێی وتەی وەزیری نەوت کۆمپانیای ئەکسۆن مۆبێل ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە کە ئەمەش داهاتێکی نزمە.وێرای ئەمە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هەندێک جار عێراق نەیدەتوانی پابەندە داراییەکانی وک خۆی جێبەجێ بکات.
4- گەشەسەندنی دەسەڵاتی کۆمپانیا چینییەکان لە عێراق لە چەند کێڵگەیەکی گەورەدا. چین ئەم دۆخەی عێراقی قۆستەوە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکانی نەوتدا لە عێراق بۆ نموونە گرێبەستی لە بواری بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی (غرب قرنە) بە دەست هێناوە، هەروەها مۆڵەتی پەرەپێدانی (پاڵاوگەی فاو) ی بە بڕی 7 ملیار دۆلار وەرگرتووە. حاڵی حازر کۆمپانیا چینییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ و ناراستەوخۆ لە 15 کێڵگەی نەوتی عێراقدا کاردەکەن، ڕۆژانەش نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی هەناردە کراوی عێِراق دەکڕنەوە. بەڵام حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەروەک مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە پێی باشە کۆمپانیایەکی ئەمریکی جێگەی کۆمپانیای ئەکسۆن مۆبێل بگرێتەوە.
لە دواییدا یا ئەوەتا دەبێت حکومەتی عێراق خۆی پشکی کۆمپانیاکان بکڕێتەوە یا ئەوەتا دەرگا بخاتە سەر پشت بۆ کۆمپانیا چینییەکان کە زیاتر توانای خۆ گونجاندنیان هەیە لەگەڵ ژینگە و بارودوخە سەختەکەی عیراقدا. [1]