بێرنارد هێنری لێڤی
ئایا گەلی کورد دەبێتە قوربانییەکی دیکەی شەڕی ئۆکراینا؟
باسی کوردانی تورکیا و ئێران هەر ناکەم کە چۆن سەرکوتکردنیان لەلایەن ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانەوە زیادیکردووە لەو کاتەوەی ئەوروپا سەرقاڵی لایەکی دیکەیە. هەروەها باسی کوردانی ڕۆژاڤاش ناکەم کە ئەردۆغانی بکوژ لەو کاتەوەی خۆی وەک فریادڕەسی چارەسەری هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵەی ئۆکراینا دەردەخات، داوا لە مۆسکۆ و تاران دەکات کە زیاتر دەستکراوە بێت لە قەتڵوعامی کوردان.
باسی پێشمەرگە دەکەم، واتە کوردانی عێراق، ئەوانەی کە دووان لە فیلمەکانمم بۆ تەرخان کردوون. ئەوانەی کە بینیم چۆن دەجەنگان دژی ئەو ئیسلامییە ئەژدیها ئاسایانەی کە هیچ نموونەیەکیان نییە تەنها مەگەر وەکو ئەو شەڕکەرانە بن کە دژی ئۆکرانییەکان شەڕ دەکەن، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە خەریکە پشتیان تێبکەین.
ئایا ئێستا لە هەولێر چی ڕوودەدات؟
#داعش# وا دەگەڕێتەوە! لە سلێمانی دەرکەوتوونەتەوە، خۆیان ڕێکدەخەنەوە لە ژێرزەمین و کونەکانی چیای قەرەچووخ. سەیرکە دەبینی هەموو ڕۆژێک هێزی ژەنەراڵ سیروان بارزانی دەبینی لەسەر سنوورە کۆنەکەی هێڵەکانی پێشەوەی سێکتەری 6 بە تەنیا ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبنەوە بێ ئەوەی هیچ لە هاوپەیمانەکانییان جا چ ئەوروپیەکان بن یان ئەمریکییەکان لەوێ بن. بێ منەتییە؟ عادەتێکی پیسە کە لە دیموکراسیدا دوای ئەوەی هاوپەیمانەکەت بەکارهێنا ئینجا فڕێی بدەی؟ یان گومانتان هەبێت کە بەرامبەر هەڕەشەیەکی تۆقێنەرە؟ ئەگەر گومانە، ئەوە لێرەوە پەیامەکە ئەگەیێنین لەسەر بابەتەکە کە یەکێکین لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئەمریکی دادپەروەری بۆ کوردان لەگەل تۆما ئێس کاپلان. لە سەرچاوەی هەواڵی باوەڕپێکراوەوە کە داعش گۆشتێکی زیادە نییە و بیری کۆتایی پێ بێت، بەڵکو نوقتەیەکی ڕەشە کە پەلوپۆی لێ دەبێتەوە. یان وەکو گازێکە کە دەبێت بە هەڵم و لە هەوادا بڵاودەبێتەوە و دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی دوژمنەکانی دڵنیادەبنەوە و ئارام دەبنەوە ئەوکات ئەوان دەردەکەونەوە؛ ئەوەی کە ئێستا خەریکە لە کوردستان دەگوزەرێت.
ئێران جموجۆڵ دەکات، کرێگرتە نووستوەکانی لە ناوچەکەدا بەخەبەر دێنێ، میلیشیا شیعەکان وەگەڕدەخاتەوە، تا دەگاتە بەکارهێنانی پاسدارانیش بۆ پێکانی ئامانجەکانی و تۆپبارانکردنی هەولێر و دەوروبەری فڕۆکەخانەکەی، هەموو ئەمانە ڕوودەدەن و هێشتا هاوپەیمانانی کوردستان هێندە نیگەران ناکات کە لە پەیامی ڕق ئامێزی ئێران تێبگەن بەرامبەر ئەو بەشە تایبەتەی کوردستان.
ئایا هاوپەیمانانی کوردەکان لە ویستی ئێران تێناگەن بۆ تێکدانی ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان، هەروەک ئەوەی ئێستا پووتین لە ئۆکراینا دەیکات؟ لەو سڕینەوەیە دەترسین؟ کە پووتین دەیەوێ هەنگاوی لەخۆی گەورەتر بهاوێ و ئیمپراتۆریەتی قەیسەر بژیێنێتەوە؟ یان وەک شی جینپینگ کە لە تایوانەوە تا ئەفریقا لە جموجۆڵدایە تا دەگات بە دروستکردنەوەی ڕێگەی ئاوریشم و لەسەر خۆڵەمێشی ئیمپراتۆریەتەکانی ڕابردووی چین، هان، مینگ و کینگ یاریی دەکات؟ یان وەک ئەردۆغان کە دەیەوێ ئیمپراتۆریەتی لەناوچووی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. لەولاشەوە باندێکی ئایەتوڵاکان ویستی هێنانەوە کایەی ئیمپراتۆریەتی گەورەی فارس لە کەللەی داون کە بەغدادیش دەکەوێتە ناو سنوورەکەی.
لە کتێبی ئیمراتۆریەتەکە و سێ پاشاکە باسی ئەوەم کردووە و ڕوونمکردووەتەوە کە بۆچی لە ئێستاوە ئاڵنگاریی ئەو جموجۆڵانە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەستیپێکردووە.
ئەو بەشەی کوردستان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا باڵادەستە لە شەڕی یەکەمی کەنداوەوە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی هەیە و پارێزراوە، لە دوای ڕووخانی سەدامەوە بەگوێرەی دەستوور مافی چەسپاوە، بەڵام بەردەوام لە ژێر گوشاری ئێران و حکومەتی عێراقی دایە. عێراق چەندین ساڵە هەوڵی لاوازکردنی کوردستان دەدات، هەڕەشەیە بۆ سەری، تا دەگاتە ئەو ڕادەی کە هەوڵی خنکان و بەداخەوە لێسەندنەوەی سەروەریی سنوورداری ئەو هەرێمە ئۆتۆنۆمییە کوردییە دەدات.
لە 2014ەوە تاوەکو ئێستا بەشێکی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڕاوە، تەنانەت بە بەرچاوی ئیدارەکانی ئەمریکاوە بودجەی 150 هەزار پێشمەرگەی چەندین ساڵەی بڕیوە. جگە لەوانەش ڕێگە لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان دەکرێ بەگوێرەی لێکدانەوە هەڵەکانیان بۆ ماددەکانی 110، 111 و 112ی دەستوور. لەوەشدا هاوپەیمانان یان هەڵوێستیان نییە و ناجوڵێن، یان هەڵوێستەکەیان زۆر لاوازە. ئەگەر بەئاگایی و چالاکیی گرووپی نوێنەران و سیناتۆرە ئەمریکییەکانی وەکو میکایل واڵتز، دینا تیتوس، جیم ڕیچ، دوگ لەمبۆرن، میکایل مەکۆل و بۆب مێنێندێز نەبووایە کە بەردەوام زەنگی مەترسی لێدەدەن، کورد لەمێژبوو دەگەڕایەوە سەردەمی شاخ.
لێرەوە دوو چارەسەر هەیە: یان ئەمریکا لە یەک زیاتر نازانێ بژمێرێت و (هەموو شتێکی بیرچووەتەوە بەرامبەر کوردەکان) بەرچاوی لێڵ بووە، چونکە ئەو جەنگە جیهانییەی کە لەلایەن بلۆکی هێزی سەرکوتکار و نیوئیمپریالیستەوە دروستبووە ناتوانێت هاوکاری بکات جگە لە یەک هێڵ یان یەک لاوە وەکو ئەوەی سەرۆک ماکرۆن لە گوتارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزەکاندا ئاماژەی پێدا. بۆیە لە هەولێر خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بەسەر کابولدا هات. یان ئەوەتا پێیان وایە کە نەوت و گازی کورد یەکێکە لە جێگرەوە جیدیەکانی ڕووسیا. پێیان وایە وەک ئەو زەمەنەی کە کورد دیوارێکی بەهێز بوو دژی داعش کە ئێستاش دەبێتە قەڵخانێک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی پووتین لە ڕووی وزەوە و ئەو ڕووداوانەی دواتر ڕوودەدەن.
دەبێ ئەمریکییەکان ئەوەیان لەیاد بێ کە باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا چەندە بە گرینگی لە جیۆپۆلەتیکیان ڕوانیوە و دنیایان وەک شارۆچکەیەکی بچووک بینیوە. دەبێ بشزانن کە ئەوەی لە کیێڤ و هەولێر ڕوودەدەن پەیوەندییان پێکەوە هەیە و یاریکەرەکان هەمانن. [1]