کوشتنی #ژینا ئەمینی# یەکێکە لەتاوانە بێ ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی
نوام چۆمسکی
نوام چۆمسکی زمانناس و فەیلەسوفی ناوداری ئەمریکی سەبارەت بەسەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەئێران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو کوژرانی ژینا ئەمینی لەدەستبەسەریی پۆلیسدا بەکوشتن ناوبردو وەک یەکێک لەتاوانە بێ ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی پێکرد.
چۆمسکی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، سەرەتا باسی لەوە کردوە خەڵکی ئێران لەدەیەکانی ڕابردودا بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی ناوخۆیی و توندوتیژیی دەرەکییەوە ئازاریان چەشتوەو لە سەرانسەری ئێراندا، ئەم دۆخە کاریگەریی جددی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەتی هەبوە.
پاشان چۆمسکی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم ساڵانەدا ڕژێمی ئێران بە پەنابردن بۆ تۆقاندنی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی داوە سەرکوتەکان چڕتر بکاتەوە، بەڵام دەستگیرکردنی مەهسا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئاکارو کوشتنی لەکاتێکدا کە لەلایەن کاربەدەستانەوە دەستگیر کراوەو لەبنکەی پۆلیسدایە، جارێکی دیکە بوە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لەسەرتاسەری ئێراندا.
لە کۆتاییدا ئەم بیرمەندو نوسەرە چالاک و سیاسییە ناودارە کە تەمەنی 93 ساڵە، بەئاماژەدان بە کوژرانی خۆپیشاندەران لەخۆپیشاندانەکانی ئێستاو بریندار کردنی ژمارەیەکی زۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دەڵێت خەڵکی ئێران شایەنی ئەوەن لەسایەی ئازادی و دادپەروەریدا بژین.
لەماوەی هەفتەی ڕابردودا، گیان لەدەستدانی مەهسا (ژینا) ئەمینی، هکچە کوردی سەقزی تەمەن 22 ساڵ، لەبنکەی پۆلیسی ئاسایشی ئاکار لەشەقامی ڤیزارەیی تاران پاش دەستبەسەرکرانی لەلایەن دەوریەی ڕێنمایی، شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری لەئێراندا بەدوای خۆیدا هێناو کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران ناڕەزایەتی بەرفراوانیان بەخۆوە بینی کە تێیدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیەو بەسوتاندنی حجابەکانیان توڕەیی و ناڕەزایی خۆیان لەدژی یاسای ئیجباری حیجاب دەربڕی.[1]