#شاخەوان عەبدوڵڵا#، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ”ئەگەر بەم شێوەیە حکوومەتی عێراق لاواز بێ و توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی نەبێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو دەرگاکانی لەبەردەمدا کراوەتەوە، تەنانەت ئەوەی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات زەوی و ئاسمانی بپارێزێت، داوا لە هێزی نێودەوڵەتی بکات بێت ئەرز و ئاسمانی بپارێزێت“.
ڕاشیگەیاند، کە ناکرێ ئەم تاوانانە بەردەوام بێت، ڕۆژێک تورکیا و ڕۆژێک ئێران سەروەری پێشێل بکەن، ”ئەم بێهەڵوێستییەی عێراق وادەکات کە ئێران ئەم ناوچەیە بە بەشێک لە ئەرکی خۆی بزانێت و بیەوێت هێرش بکاتە سەری و سوپا بجووڵێنێت“.
ئاماژەی بەوەشکرد: ”ئەگەر پێشتر لەسەر سنوورەکان تۆپباران و بۆردومانیان کردووە، ئەوەی دوێنێ ئێران کردوویەتی، دەستپێکێکی زۆر مەترسیدارە، تۆ بێی لە قووڵایی هەرێمی کوردستان، لە #پردێ#وە تا دەگاتە سنووری #سلێمانی# و #شارەزوور# و هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە، دەیان هێرشیش بە درۆن و کاتیۆشا کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان“. [1]