$توانستی ئەکتەر لە نواندنی مۆنۆدرامادا.. #هەوار فارس# بەنموونە$
نووسین: #کامەران حاجی ئەلیاس#
مۆنۆدراما، واتە $شانۆگەری تاکە کەسی$ تائێستا زۆرێک لە شانۆکاران، لە سەرپێناسەی ئەم جۆرە درامایە بۆ چوونیان جیاوازە، بەڵام بۆچوونی زۆرێک لە شانۆکاران وایە، کە مۆنۆدراما بریتییە $لە یەک دەنگ و لەیەک ئەکتەر$.
زۆربەی نووسەرانی شانۆگەری، بیرۆکەی سەرەکیان لەسەر چەندین کەسایەتی بونیاد دەنێن کە لەنێوان خۆیان دا دیالۆگ دەکەن بەڵام لە دەقی مۆنۆدراما دا پشت بە یەک کەسییەت دەبەستێت لەرێگەی چەندین دیالۆگی ناوەوەی و دەرکی ڕۆلەکە بەرجەستە دەکرێت.. لێرەدا زەحمەتی و ئاستەنگ بۆ نووسەر دوورست دەبێت، بەتایبەتی کاتێ دەکەونە گێرانەوە بۆئەوەی بیرۆکەکە بگات بە وەرگر.
دەقی مۆنۆدراما پێویستی بە دەرهێنەرێکی بە توانا ولێهاتوو هەیە، بۆ ئەوەی لە دەقی مۆنۆدرامای گێرانەوە دەرباز بێت، چونکە بینەر تووشی وەرز بوون دەبێت. بۆیە دەبێ دەرهێنەر لە ڕووی دەرهێنانەوە خاوەن تێڕامانی تایبەت بە خۆی بێت کاتێ هەڵس و کەوت لەگەڵ یەک ئەکتەر دەکات لەرێگەی جەستەی ئەکتەر بەهاوکاری ئیکسسوارت و دیکۆر و ڕووناکی لەگەڵ دروستکردنی سینۆگرافیایەکی گونجاو بۆ کارەکە.
ئەکتەر لەنواندنی مۆنۆدرامادا لە کرداری شانۆییدا بەهۆی نەبوونی ئەکتەرەرێکی ترپێویستی بە سەرجەم کەرستەکانی خۆی دەبێت وەکو دەنگ و جوڵەو سۆز و گرژی.. بۆ ئەوەی بوونی خۆی لەسەر تەختەی شانۆی بسەلمێنێت وچێژ و باوەڕ بە بینەر ببخەشێت، بۆ گەیشتن بە لوتکەی داهێنان، لە هەمان کاتدا، نابێ ئەزموونی ئەکتەریش لەبیر بکرێت، چونکە فاکتەرەرێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی نواندنەکەی.
هەمەچەشن و جۆراجۆری نواندن لەنمایشی مۆنۆدرامادا خاڵێکی گرنگی نواندنە نمایشی مۆنۆدرامادا لە شانۆگەری (وەک قەقنەس دەسووتێم) کەلە نووسینی نووسەر و هونەرمەند خاتوو (گەزیزە عومەر) و دەرهێنانی (نەژاد نەجم) و نواندنی خاتوو(هەوار فارس) -ە بەرهەمی گروپی شانۆی هەواری شاری کرکووک بوو ئەم شانۆگەرییە، تائێستا لە تونس، میسر، بەغدا، هەولێر، کەرکووک نمایش کراوە خاتوو هەوار توانی لە ڕێگەی ئەو وزە نواندنەی لە نمایشەکەی بەکار هێنا، لە ماوەی زیاتر لە 40 خوولەک لەرێگەی جەستەو جووڵەو ڕیتم وهێماکانی.. تارا ڕادەیەکی باش سەرنجی بینەران بۆ خۆی ڕابکێشێت من بۆخۆم لەم نمایشەدا توانستی ڕاستەقینەی هەوارم لە نواندنەکەی بینی، هەرچەندە لە هەندێک شوێنی نمایش، هەستمان بە، ماندووبوونی ئەکرد چونکە دەکرد دەرهێنەر لە ڕێگەی دیالۆگی بێ دەنگ کە زۆر جار لە هەندێک نمایش دا بینیومانە، بێ دەنگی شانۆیی زۆر بەهێزتر بووە لە دیالۆگی ئەکتەر بۆیە ئەگەر دەرهێنەر زیاتر کاری لەسەر کردبا دەکرا هاوکارێکی باشت بێت بۆ ئەکتەر لە هەمان کاتدا زیاتر سەرەنجی بینەرانی بۆ خۆی ڕابکێشێت وزیاتر خزمەت بە نمایشەکەی دەکرد بەڵام بە هۆی ئەوەی سەرتاپای نواندنەکە ڕیتمێکی خێرای لە خۆی گرتبوو، ئەم حاڵەتەمان زۆر بەکەمی بەدی دەکرد، زیاتر پشتی بە ڕیتمی خێرا بەست بوو..هەرچۆنێک بێت خاتوو هەوار بە هۆی نواندنەکەی، وای لە بینەر دەکرد بەردەوام چاوەڕێ دیالۆگ و جووڵەی نوێی لێ بکەن، بۆ ئەوەی بزانێت لە ڕووداوەکان چی ڕوو دەدات، بە واتایەکی تر بینەر لە نمایشەکەدا تووشی وەڕز بوون نەدەبوون ئەمەش خاڵێکی سەرەکی سەرکەوتنی نمایشەکە بوو لە هەمان کاتدا نابی ڕۆڵی هەرەیەک لە دەرهێنەر نژاد نەجم، موزیک سیروان عومەر، دیکۆر بەرهەم یاسین، ئێکسسوارات، جل وبەرگ، ڕووناکی هونەر شەوقی عەلی نەوزاد، سینۆگرافیا بەگشتی بەشێوەیەک لە شێوەکان هاوکارێکی باشی نواندنەکەی هەوار خان بوو.
شایانی باسە شانۆگەری (وەک قەقنەس دەسووتێم) تائێستا بەشداری چەندین فیستڤاڵی شانۆیی نێوەدەوڵەتی کردوە، چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە وەکو: فستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆنۆدرامای قەرتاج لە وڵاتی تونس، فێستیڤاڵی ڕۆژانی قاهیرەی نێودەوڵەتی بۆ مۆنۆدراما لە میسر، فێستیڤاڵی مۆنۆدرامای (یوسف ئەلعانی) لە بەغداد کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بەخشرابە شانۆکاری کورد (هەوار فارس) وە خەڵاتی باشترین نمایشی بەدەست هێنا.
لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە ستاڤی گروپی شانۆی هەوار دەکەم هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
[1]