جێگری پارێزگاری #هەڵەبجە# ئاماژە بەوە دەکات لە ئێستادا 164 پرۆژەمان وەستاون کە پێویستمان بە 209 ملیار دینارە بۆ ئەوەی بکەونەوە کار، ئەو پرۆژانەیشی ساڵی 2021 دەستیان پێکراوە و تائێستا 15%ی بودجەکەیان خەرج کراوە و بۆ ئەوی دیکەیان نەختینە نییە، جەختیش دەکاتەوە ئەو بەڵێنانەی بە هەڵەبجە دەدرێت لە دابینکردنی بودجە تەنها لەسەر کاغەزە و جێبەجێناکرێن، هاوکات داهاتی خاڵە گومرگییەکانی پارێزگاکەش بۆ پارێزگای #سلێمانی# و ئیدارەی #گەرمیان# دەگەڕێتەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە بواری ڕاگەیاند: لە پارێزگای هەڵەبجە بەدەست چەندین کێشەو گرفتی دارایی و ئیداری کارگێڕییەوە دەناڵێنین و حکومەتیش بۆ خۆی دەزانێت کە ئەو کێشەو گرفتانەمان هەیە سەرەڕای ئەوەی بۆ خۆمان چارەسەریشیان نیشاندەدەین، بەڵام ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی هەڵەبجە نین و نایانەوێت هەڵەبجە گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت و لە پەراوێزخراوی ڕزگاری ببێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەن کە ئەگەر جێبەجێبکرێن هەڵەبجە لە پەراوێزخستن دوور دەخرێتەوە زۆر گرفتی بۆچارەسەر دەبێت، بەڵام لە سێ کابینەی حکومەت تەنها بەڵێن دەدرێت و کرداریان لەگەڵدا نین، بەتایبەت دروستکردنی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە لە سێ کابینەی حکومەت بودجەی بۆتەرخاندەکرێت، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە، دەروازەی سنووری سازان کە یەکێکە لە پرۆژە هەرە ستراتیژییەکان بۆ هەڵەبجە ئەگەر ئەو دەروازەیە بکرێتەوە. هەڵەبجە لەو پەراوێزخرانە ڕزگاری دەبێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نایەوێت هەڵەبجە لە پەراوێزخستن ڕزگاری ببێت.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا 164 پرۆژەمان وەستاون کە پێویستمان بە 209 ملیار دینارە بۆ ئەوەی بکەونەوە کار، ئەو پرۆژانەشی ساڵی 2021 دەستیان پێکراوە و تاوەکو ئێستا 15%ی بودجەکەیان خەرج کراوە، بۆ ئەوەی دیکەیان نەختینە نییە، هاوکات داهاتی دەروازەی پشتە بۆ گەرمیان دەگەڕێتەوە، هەروەها داهاتی دەروازەی سنووریی #تەوێڵە# و داهاتی بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆیش بۆ پارێزگای سلێمانی دەگەڕێتەوە، چونکە حکومەت ئامادە نییە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی بۆ چالاک بکات کە سێ ساڵە فەرمانی پێکهێنانی هەیە. [1]