لە ئەرشیفی پیشەدێرینەکانی #کەندێناوە#
خمچییەتی و خمخانە
#عەدنان حاجی کاکە#
ئەگەر چەند ساڵێک بگەڕینەوە مێژووی پیشەی ناوچەی کەندێناوە کۆمەڵێک کار و پیشەی جۆراوجۆر هەبوون وەکوو کار و کەسابەت خەڵک کردویانە و هەندێک لەو پیشانە پەیوەندی بە سەلیقه و خولقی هونەری خاوەنەکانیان بوون.
خمچییەتی یەکێکە لەو پیشانە و لەسەر دەمانی زوودا لە کوردستان باوبووە و خەڵک پێویستیان پێیبووە...
خم واتە ڕەنگی مۆری مەیلەوڕەش و تۆز و دەرمانی ئەو ڕەنگە لەئاودا دەکوڵێندرێت و جاران لەناو کوپەڵەیەکی گڵێنە ئاوەکەیان دەکوڵاند و بە پێیی خەسڵەتی ڕەنگەکەش ترشی وتفتیات لەگەڵ دەدا بۆ ئەوەی وەک گیراوەیەکی کیمیایی لێبێت و خۆی لەسەر پارچە پەڕۆکاندا بگرێت و بە سانایی سپی نەبێتەوە...
لە#دیبەگە#دا چەند ژنێک ئەو کارەی خمچییەتیان کردووە و لەزووە و لە کەسوکاریان فێری بوون و ئەوانیش لە چەند ماڵە جوولەکەیەک فێری بوون کاتی خۆی لە دیبەگە دەژیان و ساڵی 1948 لە ئێراق دەرکران و بەرەو جوولەکەستان نێردرانەوە...
پوورە زوهرە مەلا ئەحمەد حسێن ناسراو بە پوورە زورەی خمچی کە دەکاتەخێزانی یەکەمی حاجی عەزیز ئەحمەد میران بەگ پۆستەچی..
زورێ ساڵی 1912 لە #کەرکووک# لەدایکبووە وئەوکاتەش ئەفسەرێکی عوسمانلی لێرە ماوەتەوە و (حەنیفە) ی دایکی پوورە زۆرێی خواستووە...کاتێکیش زوری جاحێڵ بووە و لەگەڵ خانەوادەکەی کاری کردووه و دواتر مەلا ئەحمەدی باوکی زورێ بۆمەلایەتی دێتە #مەخموور# و لەوێ قیسمەتی هەڵدەستێ و شوو دەکا..
دوای ئەوەی ئەحمەد میران بەگ پۆستەچی بۆ کارەکەی دێتەر دیبەگەی و تا وەفاتیشی کرد هەر لە دیبەگە بوون.
زورێ لە ژیانی خێزانی خۆی چەند منداڵێکی بووە لەوانە (موحسین-یاسین-جەلال-جەمال)
ساڵی 1975 لەدیبەگە کۆچی دواییی کردووە.
ئه و کاتەی پوورە زۆرێ لەدیبەگە بووە بۆ ئەوەی پاروێک نان بە خانەوادەکەی پەیدا بکات کاری خمچییەتی و خمگەری کردووە لە ماڵەکەیدا کوپەڵەی داناون و ئاگری لە بندا کردۆتەوە هەموو وەخت گیراوەی خمی ئامادە بووە....ئەو ژنانەی تازیەدار دەبوون و کەسو کاریان دەمردن ئەو قەدە جلوبەرگەی بە زەحمەتی پەیدایان کردبوو لە بەر خۆیان دادەکەند و دەیانبردە لای خمچی بۆ ئەوەی لە ڕەنگی هەرینی مۆرونیلی بکات و ڕەنگەکەی لە زەردو سوور وکەسک وە بگۆڕێ بۆ ڕەنگی تازیەباری...جگەلەوەش ڕەنگە بەپێچەوانەشەوە پەڕۆ و یاتار و جلوبەرگ ڕەنگ کرابنەوە بۆ ڕەنگی تر...جەلال عەزیز وێنەگر کوری پوورە زورێ گووتی بیرمە دایکم لە دیبەگە خمی بۆ خەڵک دەکرد و ئەو کاتە بە10 فلس کراسێکی ژنانە لەرەنگ خم دەکرا.
خمچی: ئەو کەسەی بەکاری خمکردن هەڵدەستێ.
خمخانە:ئەو شوێنەی ئاگردان و کوپەڵە و مەنجەڵی ڕەشی لێیە و ڕستەی هەڵواسین و بەرخۆری بۆ دانراوە..[1]