شیرین عەبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، مەرگی ژینا ئەمینی ژیانی بە خەڵکی ئێران بەخشییەوە و وایکرد لە دەوری یەک کۆببنەوە. هەروەها ژینا بە سیمبوولی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ناودەبات و دەشڵێت، ئێستا فارس، کورد، عەرەب و بەلووچ پێکەوە هاواردەکەن ژینا.
حەوت ڕۆژ بەسەر خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان پێکرد. ژینا دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک لەنێو بارەگای پۆلیسی ڕەوشت لە تاران و دوای مانەوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
شیرین عەبادی، ژنە چالاکڤان و یاساناسی ئێرانی، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2003 بەهۆی کارەکانیەوە وەکو یەکەم ئێرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێبەخشرا، هەروەها لە ساڵی 2004 لەلایەن گۆڤاری فۆربیسی بەریتانی بە یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییە ژنەکانی جیهان دیاریکرا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ڕووداو باسی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێرانی کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ شیرین عەبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ:
رووداو: چۆن دەڕواننە خۆپێشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیاوازیی ئەم خۆپێشاندانانە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی پێشوو چییە؟
شیرین عەبادی: خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە فراوانن، زیاتر لە 100 شاری گرتووەتەوە، خەڵک ئەمجارە شەقامەکان چۆڵ ناکەن، وەکو هەمیشە ژنان لە پێشەنگی خۆپێشاندانەکاندان، لە هەموو شارەکان ژنان ئامادەیی بەرچاویان هەیە، ئەم خۆپێشاندانانە ئەوەندە فراوانن کە توانا و دەسەڵاتی حکومەت لاوازە بۆ سەرکوتکردنیان.
رووداو: جوگرافیای خۆپێشاندانەکان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، خۆپێشاندان هەموو جوگرافیای ئێرانی گرتووەتەوە؟
شیرین عەبادی: بە نزیکەیی هەموو شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، هەڵبەتە هەندێک شاری دوورەدەست بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە ئاگامان لێی نییە، بەڵام هەموو گەلی ئێران هەڵساونەتە سەرپێ، لەبەرئەوەی 43 ساڵە ستەمی ئەم حکومەتە دەبینن، داواکاری و پێداویستییەکانیان بۆ جێبەجێ نەکراوە.
رووداو: پێتوایە ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بەرەو کوێ دەچێت و تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟
شیرین عەبادی: ئەم خۆپێشاندانانە تائێستا بەردەوامن و هیوادارم کە خەڵک شەقامەکان چۆڵ نەکەن، لەبەرئەوەی ئەم حکومەتە 43 ساڵە پیشانی داوە کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی نییە، بۆیە تەنیا ڕێگەی گەیشتنی خەڵک بە خواستەکانیان گۆڕینی ئەم حکومەتەیە.
رووداو: هۆکاری ئەو یەکدەنگییەی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروستبووە لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی چییە؟
شیرین عەبادی: مەهسا هەر وەکو ئەوەی لە ڕۆژی یەکەمەوە ئاماژەی پێکرا، ناوی سیمبوولە، مەهسا یان ژینا ناوی سیمبوولە، سیمبوولی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە، ژینا گیانی لەدەستدا، بەداخەوەم و سەرەخۆشی لە ماڵباتەکەی دەکەم، بەڵام گیانلەدەستدانی ئەم کچە گەنجە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵک ناڕەزایەتییەکانیان بێننە سەر شەقام، ژینا واتا ژیان، ژیان بوو، ژینا ئەمینی بوو کە دووبارە هیوای ژیانی بە خەڵک دایەوە و وایکرد کە ل ەدەوری یەک کۆببینەوە.
رووداو: کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسی گیانلەدەستدانی ژینا و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ لە کاردانەوەکان ڕازیت؟
شیرین عەبادی: سەیرکە، ساڵانێکی زۆر بوو جیهان چاوی بەرامبەر خەڵکی ئێران و ژیانی خەڵکی ئێران بەسترابوو، تەنیا بیریان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکردەوە، ساڵانێک بوو ئێمەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەمانگوت لەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ ئێران هەتانە پێویستە مافەکانی مرۆڤیش یەکێک بێت لە تەوەری گفتوگۆکانتان، کەچی تێنەگەیشتن، بەڵام خۆپێشاندانەکان هێندە فراوانن کە دونیا ناچارە ئێمە ببینێت، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەین، یەکەم کەس کە گوتاری پێشکێشکرد سەرۆکی شیلی بوو؛ ئەو گوتی گوێ لە دەنگی خۆپێشاندەرانی ئێران و ژنانی ئێران بگرن، ئەمجارە جیهان ناچارە ناڕەزایەتییەکان ببینێت، لەبەر ئەوەی خەڵک تواناکانیان پیشانداوە.
رووداو: حکومەتی ئێران چی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەران؟ گۆڕانکاری دەکات لە یاساکان؟
شیرین عەبادی: بەداخەوەم کە لە 43 ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی نەدایەوە، ئەمجارەش بڕواناکەم وەڵامێک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ببینین، لە ئاباد کە ئەم هەموو مرۆڤە کوژران مەگەر داوای چییان دەکرد؟ نان و کار، ئایا داواکاریی خەڵک شایەنی ئەو هەموو کوشتنە بوو، زۆر بەداخەوەم بەڵام چاوەڕێ ناکەم حکومەتی ئێران توانای بەدیهێنانی داواکارییەکانی خەڵکی هەبێت.
رووداو: ئەم کەیسە کاریگەری دادەنێت لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکان؟
شیرین عەبادی: بە بۆچوونی من زۆر گرنگە، کچێکی گەنجی بێتاوان لە سەقز کوژراوە، بەڵام بینیمان تەواوی خەڵکی ئێران هەستانە سەرپێ، کورد و عەرەب و بەلووچ و فارس جیاوازیی نەبوو بۆیان، هەموو خەڵک هاوار دەکەن ژینا.
رووداو: زۆر سوپاس شیرین عەبادی، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە لە لەندەنەوە لەگەڵمان بووی.
شیرین عەبادی: سوپاستان دەکەم کە ڕێگەی قسەکردنتان بە من دا.
شیرین عەبادی کێیە؟
شیرین عەبادی، ساڵی 1947 لە هەمەدان لەدایکبووە، ساڵی 1971 بەشی یاسای لە زانکۆی تاران تەواو کردووە، ساڵی 1975 بووەتە یەکەم حاکمی ژن لە ئێران، ساڵی 1979 و دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران دەستی لەکار کێشاوەتەوە و تاوەکو ساڵی 1992 بەردەوام بووە لە کاری پارێزەری، ساڵی 2000 تۆمەتبار کراوە بە هاندانی خەڵکی ئێران بۆ خۆپێشاندان، ساڵی 2003 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتی پێدراوە.[1]