ناونیشان: بازرگانانی ماڵی خودا
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
ئێوارەیەکی پایزیی جوان بوو لەسەر سفرەی نانی ئێوارە دانیشتبووین و یەکێک لە کەناڵە دیندارەکانیش وەک پیشەی هەمیشەییان خەریکی ڕێکلام کردن و بازرگانیکردن بوون، ڕێکلامێک هات و چەند گرتەیەکی سەرنج ڕاکێشی پیشاندا لەسەر سەفەرکردن بۆ ماڵی خودا و خەریکی ڕازاندنەوەی بزنسەکە بوو.
شکۆفە پرسیاری کرد؛
- ئەرێ بابە، ئەوە کێندەرە؟
+ ئەوە ماڵی خوایە بابەگیان.
- ماڵی خوا؟؟ ئەدی لۆ ئەمەش ناچین؟
+ بابەگیان ئەمەش دەچین ئەگەر خواحەزبکا.
- ئێستا پاسەپۆرتمان هەیە، بابچین.
+ ئاخر ئێستا کاتی حەج نییە.
- حەج خۆشە بابە؟
+ دەڵێن خۆشە.
- بابە سارای برادەرم گۆتی ئەمە هەمومان چوینە حەجێ، ئەمن و داکم و بابم و ئەنەسی برام.
+ بابەگیان ئەوە عومرەیە، حەج نییە.
- دەزانم بابە، گۆتی ئەوەی بچیتە عومرە هەموو گوناهەکانی ڕەشدەکرێتەوە.
+ بابەگیان هەموو گوناهەکان بە چ ڕەشدەکرێنەوە؟ پاشان خۆ منداڵ گوناهی نییە!
- ئا بابە، گۆتی زۆر خێرە، ئێستا هەرزانیش بووە.
+ بابەگیان، گوناهەکان ناسڕێنەوە چونکە خوا لەجیاتی کەس لە کەس خۆش نابێ.
دوێنێ ئێوارە لەگەڵ هێرشی برادەرم لە بازاڕ بووین بەلای یەکێک لەو بازاڕانە تێپەڕین کە پێداویستیی حەج و عەمرە دەفرۆشن، نووسینی سەر یەکێک لە جانتاکان زۆر سەرنجی ڕاکێشام و قسەکانی شکۆفەم بیرکەوتەوە.
لەسەر جانتەکان نوسرابوو:
(من زار قبری وجبت له شفاعتی)، ئەوەی بێتە سەر گۆڕەکەم شەفاعەتی من واجبە بۆی.
(الحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة)، حەجی قەبوڵکراو پاداشتەکەی بەهەشتە بە دڵنیاییەوە.
بەڕاستی زۆر سەرسام بوم کاتێک ئەو دوو دێرەم بینی لەسەر جانتاکان!
ئایا چۆن دەکرێ بە گەشتێک گوناهەکانت بسڕێنەوە؟
من نازانم کێن ئەوانەی برەو بەم قسانە دەدەن، بەڵام گەورەترین دوژمنی خودا و ئاین ئەوانن.
گەشتێک کە بە پارە بکرێ و فەقیر نەتوانن بیکەن چۆن دەکرێتە پێوەری چاکی و خراپیی مرۆڤەکان؟ پاشان گەندەڵی و زەوتکردنی ماڵی خەڵک و فێڵکردن لە خەڵک چۆن لێخۆشبوون دەیگرێتەوە؟ لێخۆشبوون بەرامبەر کەموکوڕییەکانی مرۆڤە بەرامبەر خودا، نەک مافی خەڵکی تر.
دەیان هەزار فەقیر ئامادەن هەمو ماڵی خۆیان ببەخشن تا گەشتێکی ئەو شوێنە پیرۆزە بکەن و ناتوانن کەچی خەڵک هەیە هەموساڵێک لەوێیە، بەو پێوەرەش بێ دەوڵەمەند فریشتەیەکی بێگوناهە و فەقیریش بونەوەرێکی تاوانبار!
ئەی هەر بازرگانانی ئاین نین دەڵێن فەقیر لای خوا خۆشەویستە و چەندان هەزار ساڵ بەر لە دەوڵەمەند دەچێتە بەهەشت؟
ئایا دادپەروەریی خودا وایە؟ ئەوە بازرگانیکردن نییە بە ئاین و پیرۆزییەکان؟
لات سەیر نەبێ کە خەڵکی ئێستا هێندە بە گلەیین لە ویژدانی یەکتر و هەمیشە خۆزگە بە ڕابردوو دەخوازن، ئاخر ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە لە ئاین وا لە خەڵکی دەکات سڵ لە هیچ گوناهێک نەکەنەوە چونکە پشت ئەستورن بەوەی کە بە سەفەرێکی ماڵی خودا هەمو تاوانەکانیان دەسڕێنەوە!
بەڕاستی پێویستە سەرلەنوێ بە بڕوا و تێگەیشتنەکانی خۆماندا بچینەوە چونکە هەندێکمان خوا دەپەرستین و هەندێکیشمان ئەفسانە. [1]