شیعری: #ئیسماعیل خورماڵی#
کردنە گۆڕانی: #نەجمەدینی غوڵامی#
ئەوا دیسان هەرای جەنگە و کوردوستانم ڕوو لە خوێنە
دیسان خوێنە و دڵەی سروشت دڵەی مەخلوق ڕوو لە خوێنە
ئامان قەدەر چاوم نەزری، نیشتمان بێ و گوڵێک نەمرێ
سەرم نەزری ئازادی بێ و، دڵێک لەوێ دانەچڵەکێ
دەسا کوڕگەل، عاشقە گەلی کەژ و زەنوێر ورەتان بێ
ئێوە شاخی ورە و هەڵوێست شورای بەرزی ورەتان بێ
با دووبارە گەواڵەی خوێن هەردەی ژیان نەگرێتە کۆڵ
گەردەلولێ لە زوڵم و زۆر، چاوی دلمَان نەگرێتە خۆڵ
با دووبارە قرشی سەحرا ماسییە دێمان ئەنفال نەکا
لەبەر دێیا لولەی تفەنگ دوواین گوللەی بەتاڵ نەکا
ڕێگە نەدەن هەرێمی گوڵ، بە هەرێمی خوێناو بەرن
قاسپە و دەنگی ڕۆژنامەکان بە تەڵانی سوتاو بەرن
ڕێگە نەدەن ئەرخەوانی خەونی شەهید تەرزە بیبا
ئاسودەگی ئینسانەکان، جارێکی تر گومان بیبا
دەسم دامێن وەخۆکەون، با هیچ مارێ نەتانگەزێ
هەر هەموومان لەگەڵتانین ورەتان هیچ دانەبەزێ [1]