ئاواتی تازەی پێنجوێنی وێران
پێشکەش بە میری و بە کاربەدەستان
ئاخ ئەگوێزراوە بۆ ئەو پێدەشتە
ئەوساکە ئەموت پێنجوێن بەهەشتە
گردێکی لێیە پێی ئەڵێن (گەڵکە)
هەوارگەی هاوین بۆ شار بەکەڵکە
جێی وەسمان پاشا و مەحموود پاشا بوو
هاوین و پاییز زۆر دڵگوشا بوو
تەیارەخانە هەتا بەر بووبان
بکرایە بە شار بازاڕ و دوکان
ئاو و چەشمەکەی وێنەی کەوسەرە
زیخ و بەردەکەی زێڕ و گەوهەرە
دوو جادەی قیرتاو ئەم بەر و ئەو بەر
فەرشی حەوشەکان بە بەردی مەڕمەڕ
سەرا و مەکتەب و خەستەخانەی جوان
چایخانە و گەڕاج لەم شان و ئەو شان
هەر وەکوو بەغدا ڕووبار لەبەریا
هەر ئاوێ پردێ بکرێ لە سەریا
بێن بۆ بینینی لە دووروڵاتان
یا لە بەغداوە یاخود لە شاران
زۆری پێناچێ وا ئەبێ بە شار
هەزار بێ ئەبێ بە هەشت نۆ هەزار
ئەو ڕێگا بڕوا ڕاست بۆ مەریوان
بێ قۆرت و بێ پێچ وەک تیر و کەوان
بکرێ بە جێگای هاوینەهەوار
ناوبانگی بڕوا دیارە و دیار
لوبنان لە چاویا وەک شارەزوور بێ
بێن بۆ زیارەتی هەرچەندە دوور بێ
ئاشەمەکینە و چرای فەرەنگی
لەگەڵ سینەما بڕوانە دەنگی
ئاخ وەها ئەکرا، بە دین و ئیمان
نەک وەک بەنگەڵەی زستان کە دیمان
جێی چی بۆ گرتم دە هەزار دینار
سەد پارچە لەوح و سەد بار شووڵ و دار
ئەگەر کاربەدەست هیممەت بنوێنێ
ئاواتی موفتی وەک دار ئەڕوێنێ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#