سۆشیال میدیا کۆمەڵگا بەرەو کوێ دەبات؟
کاروان سامان حسێن
پێویستە هەموو کەس بەئاگا بێت لەوەی کاتێک ڕاگەیاندن دەکرێتە ئامرازی ساغ کردنەوەی کاڵای خراپ و زیانبەخش، وەک ژەهر دەڕژێنرێتە فەزای گشتی و ژینگەی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک هیچی کەمتر نیە لەو ڤایرۆس و پەتا جیهانیانەی کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، هەندێک بە تەواوی دەبنە قوربانی و هەندێکیش گیرۆدەی دەستین، ئەوەی دەمێنێتەوە بە سەلامەتی خەڵکە هۆشیار و تێگەیشتتوو فکر فراوانەکەیە لە بەکارهێنان و بەکاربردنی.
ئەمڕۆ ئەگەر سەرژمێرییەک بکرێت ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک بەکارهێنەری سۆشیال میدیان بە جۆرێک زیادەڕەوی تێدا دەکرێت، بوار بۆ چالاکی تری ڕۆژانە لە ژیانی تاک ناهێڵێتەوە، ئەگەر دەرئەنجام و بابەت و بڵاوکراوەکان تەندروست و پڕبەها بن، یان زانست و زانیاری دروست بن، دەکرێت فکر و ڕۆشنبیری مرۆڤ بەخێرایی و بە ئەندازەیەکی زۆر پەرە پێبدات، ئەگەر پێچەوانەکەشی بێت ئەوا تاک و کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی خراپی کۆمەڵایەتی و پەرەوەردەیی و ئاسایشی دەبات.
ئەزموونی پەرتەوازەیی و بێ سەروبەری لە سۆشیال میدیا لە ئێراق و هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی نوێیە و خەریکە تێگەیشتن لەو بێسەرووبەرەی میدیا دێتە ئاراوە، گرنگ هەنگاوی جدییە بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتری وەرگرەکان.
ئەزموونی خراپ و بێ کۆنترۆڵی سۆشیال میدیا لە وڵاتانی تر تێپەڕێوە، کار لەسەر ئەوە دەکرێت وەرگر هۆشیار بکرێتەوە وەک چۆن خواردنێکی زیان بەخش زیان بە تەندروستی جەستە دەگەیەنێت، ئاوهاش هەواڵ و بابەتی ناڕاست زیان بە کلتوور و ئاداب و ئاسایش و پەروەردە و لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
$کۆمەڵگە لە ئەڵمانیادا تێکدەدات$
لە ئەڵمانیا، کۆمپانیای ڤۆدافۆن توێژینەوەیەکی لەسەر گەنجان کردووە کە %75 ی گەنجان پێیان باش بووە لە خوێندنگەکاندا باس لە چۆنێتی هەڵسوکەت لەگەڵ هەواڵی درۆدا بکەن، چونکە پێیانوایە هەواڵی درۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە لە ئەڵمانیادا تێکدەدات، کە زۆربەی هەواڵەکان بریتین لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و جیاوازیی ڕەگەزیی و ئایینی و مەزهەبی.
بە پێی ئەو توێژینەوەیە %58ی ئەو گەنجانە پێیان باشە ئەوانەی لەسەر پێگە ئەلکترۆنییەکان کار دەکەن، ڕووبەڕووی هەواڵی درۆ ببنەوە. %46 پێیان باشە هۆیەکانی ڕاگەیاندن ئاگاداری ئەم کێشەیە بن و کاری پێویستی لەسەر بکەن.
هاوکات لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنانی یوتوبیش دەڵێت: (بە داخەوە نزیکەی 10 ملیۆن ڤیدیۆی هەواڵی ناراست لە سەر کۆرۆنا بڵاوکراوەتەوە و زۆربەشیان بینەریان ناگاتە 10 بینەر، بەڵام یوتوب ستراتیژییەکی تازەی داهێناوە لەسەر سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆییانە و لەمەودا ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەناڵانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن.
$ئەرکەکە لەسەر حکومەتە$
بابەتەکە جیهانییە، کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی بەشێوەی تەندروست و بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی دیاری کراو لەلایەن تاکەوە بەشێوەیەک نەگاتە ڕادەی ئالودەبوون، بەشێک لە ئەرکەکە لەسەر حکومەتە، کارکردنی دامەزراوە و کەناڵە میدیا ڕەسمییەکان بەشێوەیەکی تەندروست و پابەندکردنیان بە بڵاونەکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست لە بەرژەوەندی لایەنێک یان یان کەسێک، وەرگرتنی ڕۆژنامەنووسی ڕاهێنراو لە میدیا و دامەزراوە میدیایەکان، سنووردارکردنی میدیا و پێدانی مۆڵەتی کارکردن لە وڵات بەشێکن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بێسەروبەری سۆشیال میدیا، لەلایەکیترەوە پێنەدانی زانیاری و لێدوان لە لایەن فەرمانگەکانی حکومەتەوە بەدەزگا و میدیایی ناڕەسمی و نەناسراو و بێ مۆڵەت.
ڕێکخستنەوەی ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان و تاکە، تیایدا پەروەردە و مامۆستایانی ئاینی و ناوەندە ئەکادیمیەکان و دامەزراوەکانی تایبەتمەند لەحکومەت دەتوانن ڕۆڵی تێدا بگێڕن.
$بە پێی نوێترین توێژینەوە$
چونکە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بۆتە بەشێکی گەورەی ژیانی هەموان، کاتی بەکارهێنان سنووردار نیە، بە پێی نوێترین توێژینەوە لە ئێستادا لەسەرئاستی جیهان (520) ملیۆن کەس ئالودەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بوون، بۆ ئەوەی لانیکەم ئالوودەبوونی تاک بە سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێژەکەی کەم بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەگەر تەماشایەکی دەوروبەری خۆشمان بکەین، بە تایبەت ئەوەی کەسانەی ڕۆژانە زیاد لە پێویست ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، هەروەک لەکاتی بچڕانی هێڵی ئینتەرنێتدا هەست بە نائارامی دەکەن و لە سەفەر و گەشتەکانیاندا بەر لە هەموو کارێک بەدوای هێڵی ئینتەرنێتدا دەگەڕێن و کاروباری ماڵ و ئەرکی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕی پشتگوێ دەخەن، دەکرێت ئەم کەسانە هۆشیار بکرێنەوە دووبارە وردە وردە دەست بەکارەکانی پێش ئالودەبوونی ئینتەرنێت بکاتەوە، لەهەمانکاتدا کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت دابنێ و ئەو وێبسایتانەش ڕابگرێ کە ئالودەیان بووە، هەروەک هەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکان و گەڕان و سەردان و دیدارەکانی بکاتەوە.
$کێشەکانی بواری کارکردن$
ئەگەر نا مەترسییەکی گەورە لە سەر تەندروستی، خێزان، کێشەکانی بواری کارکردن، لادان لە داب و نەریت و کلتوور تەشەنە دەکات و کۆنترۆڵیان ئەستەم دەبێت، چونکە بەپێی دواین ئاماری سایتی (داتا ڕیپۆرتاڵ) لە ئێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەئەندازەی قەبارەی دانیشتوان تێدا بەشدارە، کۆی گشتی دانیشتوانی ئێراق لە کانوونی دووەمی 2022دا 41.67 ملیۆن کەسە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا 20.58 ملیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە ئێراق هەبووە، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێراق لە سەرەتای ساڵی 2022دا یەکسان بوو بە 68.0 لە سەدی کۆی دانیشتوان، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا 28.35 ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراق هەبوون، هەروەها ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانی ڕیکلامی مێتا بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەردەخات کە فەیسبووک لە سەرەتای ساڵی 2022دا 18.85 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئێراق هەبووە، ڕیکلامی فەیسبووک لە ئێراق یەکسان بوو بە 91.6 لە سەدی بنکەی بەکارهێنەری ئینتەرنێتی ناوخۆیی (بێ گوێدانە تەمەن) لە کانوونی دووەمی 2022دا، ئینستاگرام لە سەرەتای ساڵی 2022دا 15.45 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئێراق هەبووە، سناپ لە سەرەتای ساڵی 2022دا 13.80 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو لە ئێراق.
$کاریگەری باش و خراپ$
بۆیە مەترسییەکە لەسەر نیوەی ڕێکی کۆمەڵگەی ئێراقی و کوردیش هەیە، لێرە چی دەگوزەرێت کاریگەری باش و خراپی لەسەر بەکارهێنەرانی دەبێت، هەواڵی ساختە بڵاو کردنەوەی ئەنقەستی زانیارییە تەواو هەڵەکان یاخود چەواشەکارییەکان، وێنە و فیلم لە ڕێگەی میدیا کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵ و زانیاری هەڵە و ناڕاست لەژێر ناوی هەواڵی بڕوا پێکراو، بەشێکی گەورەن لەوەی پێشکەشی بەکارهێنەران دەکرێت لە ناو ئەم دنیایەدا، دیسان گرنگی هۆشیارکردنەوە لێرەدا دەردەکەوێت، بە پشتگوێخستنی ئەم بابەتە نازانرێت نیوەی ڕێکی کۆمەڵگەکەمان بەرەو باش یان خراپ لە ناو ئەو فەزایەداهەنگاو دەنێت، بە ئەزمونێکی کەمی بەکارهێنانەوە، بە نەشارەزایی لە جیاکردنەوەی هەواڵی دروست و نادروست و بە پشت بەستن بەحەز و ئارەزوو، یان بەرژەوەندییە تایبەتەکان. [1]