هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەر دەربێنە
ئەوا خەریکە زوڵفت
دەبێتە پەت و قەنارە بۆ ئاخوندەکان
هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەر دەربێنە
ئەوا خەریکە ڕوحت
لە یادەوەری گشتی ئیران دا
زیندوبووەتەوەو شەپۆل ئەدا
لەدەریای خەزەر تیشک دەداتەوەو دەدرەوشێتەوە
رێک لەو شوینەی بەهرەنگیان خنکاند!
هۆ ژینا خان
لە گۆرەکەت سەردەربێنە
باسی ئاوێزانی ڕوحت
لەگەڵ قاسملوو قازی و شەرفکەندی بکە
باسی دەستەخۆشکت، قارەمانیەتی بەیانی کۆمەڵە بکە
هۆ ژینا خان
تۆ هەڵگری پەیامی هەرچوارپارچەکە بووی
تۆ هەناسەی پەنگخواردوی گەلانی ئیران بووی
تۆ خەباتی ئەنتەرناسیونالیزمت لەسەراپای ئیران
بەرجەستە کرد
وائێستا بەیادی تۆوەو
بەلوج و فارس و ئازەری
پێکەوە سەمای شورشگیڕانە دەکەن
پێکەوە دروشمی گەرووی تاساوی تۆ دەڵێنەوە
هۆ ژینا خان
تۆ بەگڕی ڕوحی خۆت کلیلی جەهەنمت تواندەوە
ئێستا هەر ئافرەتەوە بەیادی تۆوەوە
هاوار دەکا
ژین، ژیان، ئازادی
هۆ ژینا خان
تخوا دڵنەوایی شەهیدەکانی دوای خۆت بکە
زامەکانیان هەتوان بکە
چونکە سەرچوپی شۆرش
بە قەدوباڵای تۆ بڕا
لەسەقزی سەربەزەوە
سڵاوت بۆ دەنیرمەوە
لەسەقزی سەربەرزەوە
چەخماخەی شۆرشت داگیرساند
واخەریکە وێنەو درامای ساڵی 79
لەمیژووی گەلانی ئیران دا
خۆی دووبارە دەکاتەوە! [1]
#هاورێ نەهرۆ# / ئۆسلۆ
24-09-2022