سالار ڕەئوف سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی یەک لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و جێگرەکەی شوێنی گرتەوە.
دادوەر سالار ڕەئوف دادوەری دۆسیەی کوشتنی دوو کچەکەی #چەمچەماڵ# بوو، لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ڕابردوو بڕیاری ئازاد کردنی باوکی دوو کچەکەیدا پاش ساڵ و نیوێک لە ڕاگرتنی.
دوای ئازادکردنی باوکی دوو کچە کوژراوەکە، #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی حکومەت لە فەیسبوکی خۆی وتارێکی بەناوی مار و پەیژە نووسی و میدیاکانی یەکێتی بەگرنگیەکی زۆرەوە بڵاویان کردەوە.
قوباد تاڵەبانی، لە وتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر دادگا و دادوەران و دەڵێت زۆر توڕە بووم کە بیستم تۆمەتبارێک بەکوشتنی دوو کچەکەی، بەهۆکارێکی لاواز و بەناوی نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازاد کراوە. ئەمە چ پەیامێک دەدات بەو بێشەرەفانەی کە ژن دەکوژن؟.
حاکم سالار ڕەئوف، لای کەسە نزیکەکانی وتویەتی پێیخۆشە لادراوە و پێشتر خۆی داوای لادانی لە پۆستەکەی کردووە، چونکە ئەو یاسای جێبەجێکردووە نەک بە سۆز بڕیار بدات.
قوباد تاڵەبانی دادگا و دادوەرانی بەوە تۆمەتبارکرد بەبڕیارەکانیان هەوڵەکانی دەزگا ئەمنیەکان لەگرتنی تاوانباران دەهێننەوە سەر سفر.
سامی ساتی و سەروەر جەلیل پارێزەرانی باوکی دوو کچە کوژراوەکە وەڵامی قوباد تاڵەبانیان دایەوە و ڕایانگەیاند بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نەبووە بۆ سزادانی باوکی دوو کچەکە.
لەمانگی ئەیلولی 2020 دوو کچ کە خوشک بوون بەکوژراوی لە گۆڕێکدا لە گوندی برایم ئاغا لە چەمچەماڵ دۆزرانەوە و دواتر دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باوکی کچەکان دەرکرد و پاش شەش مانگ، لە ئاداری 2021 خۆی ڕادەستکرد و لە سەرەتای مانگی ڕابردوو، دادگا بەبێتاوانی ئەژمارکرد و بڕیاری ئازاد کردنی درا. [1]