میری ئێزدییان داوا لە والیی باتمان دەکات سەردانی هەرێمی کوردستان بکات
لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، ئەندازیار خالد نەرمۆ، ئەندامی شاندی ئێزدییان بۆ تورکیا باسی سەردانی میری ئێزدییان بۆ تورکیا دەکات و دەڵێت، لە #دیاربەکر# تەنیا یەک گوندی ئێزدییان ماوە و لەو گوندەشدا تەنیا یەک خێزانی ئێزدی ماوە و ژمارەی ئێزدییان لە تورکیا زۆر کەم بووە و زۆربەیان کۆچبەر بوون بۆ دەرەوە، لە دەڤەرێکی دیکەی تورکیا 365 گوندی ئێزدییان هەبوو، ئێستا تەنیا شەش بۆ حەوت گوندی لێ ماوە.
(باسنیوز) ئێزدییەکانی تورکیا چۆن پێشوازییان لە میری ئێزدییان و شاندی یاوەری کرد؟
خالد نەرمۆ: میری ئێزدییان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی تورکیای کرد و لەو سەردانەدا زیاتر سەریان لەو شوێنانەی تورکیا دا کە ئێزدییەکان تێیاندا دەژین، لە قەزای وێرانشاری سەر بە #ئورفا#وە هەتا دیاربەکر میری ئێزدییان سەردانی ماڵی هاووڵاتییانی ئێزدیی کرد و گوێی لە کێشە و گرفتەکانیان گرت و باسی لە پێکهێنانی جڤاتی باڵای ئێزدییان و خوێندنی بابەتی ئێزدیایەتی لە قوتابخانەکانی تورکیا لەلایەن قوتابییانی ئێزدییەوە و چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار و مڵکداریی ئێزدییان لە تورکیای کرد کە داگیر کراون.
(باسنیوز) ئامانجی سەردانەکەی میری ئێزدییان بۆ تورکیا چی بوو، چ بەڵێنێک بە میری ئێزدییان درا کە کێشەی ئێزدییان لە تورکیا چارەسەر بکرێت؟
خالد نەرمۆ: ئامانج لە سەردانی میری ئێزدییان بۆ تورکیا ئەوە بوو کە میر گوێ لە هەموو ئێزدییان بگرێت بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەی کێشە و گرفتی ئێزدییان و میری ئێزدییان سەردانی والیی ئورفا و باتمانی کرد و داوای کرد ڕەوشی ئێزدییەکان و کێشەی زەویوزار و مڵکداریی ئێزدییان لە تورکیا چارەسەر بکەن، ئەوانیش بەڵێنیان پێ دا کێشەکانی ئێزدییان چارەسەر بکەن، هەروەها میری ئێزدییان داوای لە والیی باتمان کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان پێشوازیی لێ دەکات، داواکەی میری ئێزدییان قبووڵ کرا و بڕیارە والیی باتمان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
(باسنیوز) کێشە و گرفتی ئێزدییەکان لە تورکیا چی بوون؟
خالد نەرمۆ: تەنیا دەڤەرێک کە پێی دەڵێن وڵاتی خالتا 365 گوندی ئێزدیی لە کۆنەوە لێ بوو، ئێستا تەنیا شەش بۆ حەوت گوندی لێ ماوە، هەروەها لە ئێرانشاریش ژمارەی ئێزدییان زۆر کەم بووەتەوە و زیاترین کێشە و گرفتی ئێزدییان ئەوەیە کە دەیانەوێت ڕێکخراوێکیان هەبێت خاوەنداری لە ئێزدییەکان بکات و جڤاتی ئێزدییان هەبێت و بابەتی ئێزدیایەتی لە تورکیا لەلایەن قوتابییانی ئێزدییەوە بخوێندرێت، هەروەها کێشەی زەویوزار و مڵکدارییشیان هەیە، بەهۆی کۆچبەربوونی ئێزدییانەوە کەسانێک هەوڵیان داوە مڵکەکانیان داگیر بکەن، سەردانی میری ئێزدییانیش بۆ ئەوە بوو کە کێشە و گرفتەکانی ئێزدییان چارەسەر بکرێن.
(باسنیوز) ڕەوشی ئێزدییەکان لە تورکیا چۆن بوو، ئاخۆ گوندەکانی ئێزدییان چۆڵ کراون؟
خالد نەرمۆ: هیچ ئامارێکمان بەدەست نەکەوت، بەڵام ژمارەی ئێزدییان لە تورکیا زۆر کەم بووەتەوە و لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئێزدییان لە تورکیا دەستیان بە کۆچ کرد بەهۆی ڕەوشی خۆیان لەو سەردەمەدا، ئەو ڕەوشەی ئێزدییەکانی باکووری کوردستان تێێدا دەژین وەکوو باشووری کوردستان نییە، بەڵکوو ژیانیان لە تورکیا زۆر دژوارە، ئازادیی ئایینی و تاکەکەسی بە شێوەیەکی باش نەبووە و تەنیا لە چوار پارێزگای تورکیا خەڵکی ئێزدی ماون، ئەوانیش ژمارەیان زۆر کەمە، هەندێک گوند هەن دوو ماڵ، سێ ماڵ هەتا 10 ماڵی ئێزدییان تێدا دەژی و ئەوانەی دیکە بەهۆی کۆچی ئێزدییان بۆ دەرەوەی تورکیا چۆڵ بوون.[1]