لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا ئیبراهیم محەمەد قبۆ میرانی، نوێنەری خەڵکی #زوممار# لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، یاسای گوژاندنی زەوی بووەتە هۆی ئەوەی کە هەزاران دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە زوممار تووشی کێشە ببن و ئێستا جووتیارانی کورد ناتوانن لەسەر زەوییەکانی خۆیان پرۆژە جێبەجێ بکەن و کەسانێک کە خاوەنی زەوی نین لە زوممار داوای قەرەبوو دەکەن و ئەو کەسانەی لەسەر زەویی کورد بوون، سکاڵایان تۆمار کردووە.
(باسنیوز) گرێبەستی کڕینی زەویی کوردان لە زوممار لەسەر ناوی خەڵکێکی غەیرەکورد کرابوون، ئەوە چ کێشەیەکی لە زوممار بۆ جووتیارانی کورد لێ کەوتووەتەوە؟
ئیبراهیم میرانی: حکوومەتی ڕووخاوی عێراق بەر لە ساڵی 2003 زەویی کوردی بە کرێ دابووە خەڵکی غەیرەکورد لە زوممار و گرێبەستی کڕینی زەوییەکان لەسەر ناوی ئەو خەڵکە غەیرەکوردە کراوە، دوای 2003 ئەو خەڵکە زەویی کوردانیان بەجێ هێشت و چوونەوە بۆ شوێنی خۆیان، ئێستا ئەو گرێبەستی کڕینی زەوییانە کێشەی لێ پەیدا بووە، لە زوممار هەزاران دۆنم زەوی بوونەتە مڵکی حکوومەت و ئێستا جووتیاران ناتوانن سوودی لێ وەربگرن و تووشی کێشە بوون و لە ڕاستیدا جووتیارانی کورد لە مافی خۆیان بێبەش کراون.
(باسنیوز) کێشەی مڵک و زەوی لە زوممار بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
ئیبراهیم میرانی: پەرلەمانتارانی شۆڤێنی لە پەرلەمانی عێراق لە نێوان خەڵکی زومماردا زۆر کێشەیان ناوەتەوە، کەسانێک لە ساڵی 1958وە زەویی کوردیان داگیر کردووە، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە کورد دەرکراون و بەزۆری گوازراونەتەوە بۆ زوممار، لەو کاتەوە ئەم کێشەیە سەری هەڵداوە و هەتا ساڵی 2003 و دوای نەمانی ڕژێمی دیکتاتۆری کە گۆڕانێک هاتە ئاراوە، زۆر گوند هەبوون کە خانوو لەسەر زەوییەکانیان دروست کراوە، ئەگەر ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەو کێشانە نامێنن.
(باسنیوز) ئەو کەسانەی لە زوممار زەویی کوردیان داگیر کردووە، داوای قەرەبوو دەکەن؟
ئیبراهیم میرانی: بەڵێ، جا ئەوەش کێشەیەکە ئێمە پێوەی سەرقاڵین بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین، بەڵام خراپیی ڕەوشی عێراق کاریگەریی لەسەر ئەوەش داناوە و تا ئێستا نەگەیشتووینەتە چارەسەر، ئێمە لەڕێگەی یاساوە مافی خەڵکی خۆمان بەدەست دێنینەوە.
(باسنیوز) عەرەبەکان داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی زەویی کشتوکاڵی دەکەن؟
ئیبراهیم میرانی: خەڵک گرێبەستی کۆنیان بۆ بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان هەیە و بەشێکیان زەوییەکانیان تاپۆ کردووە، هێندێک گوندیش هەبوون خەڵکێکیان تێدا نیشتەجێ کراوە، ئێستا ئەو خەڵکە لەوێ نەماون و زەوییەکان هەروا بە چۆڵی ماونەتەوە، گرێبەستی کۆنی مڵک و زەوی کێشەی بۆ خەڵکی کورد دروست کردووە، چونکە یاسای گوژاندنی زەوی لەسەر هەزاران دۆنم زەویی زوممار هەبووە و مڵکی حکوومەتن، ئەمە بووەتە کێشەیەکی مەزن بۆ جووتیارانی کورد لە زوممار، لە کۆندا خەڵک زەوییان بە گرێبەست لە حکوومەت وەرگرتووە و بووەتە زەویی خەڵک، بەڵام خەڵکی غەیرەکورد لە زوممار سکاڵایان تۆمار کردبوو، لە ئەنجامدا یاسای گوژاندنی زەوی کەوتە سەر هەزاران دۆنم زەوی و ئێستاش ئەو یاسایە جێبەجێ نەکراوە و خەڵکی کورد ناتوانن کار لەسەر زەوییەکانی خۆیان بکەن، تەنانەت جووتیارانی کورد ناتوانن لەسەر زەوییەکانیان پرۆژە جێبەجێ بکەن.[1]