شیرەشێتە، شیرشیرۆکە، شیرکتک
ئەم گیایە ڕووەکێکە له خێزانی ئاوێتەییەکانە و دوو لەپە و زۆربوونی بە هۆی تۆوەیە، وەرزی زستانەیە، ژەهراویە بۆ گیانەوەر، له دەشتی (#ڕانيە#) و #بیتوێن# گەشە دەکات، بەتايبەت لەتەنیشت دێراو و جۆگە و گرد و تە پۆلکەکان، حەز به شوێنی شێدار دەکات، له زەوی نەرم دا گەشە دەکات، توانای بڵاو بونەوەی هەیە به (60 سانتیمەتر) بەدەوری خۆی دا تا (30 سانتیمەتر) بەرز دەبێتەوە له زەوی، قەدێکی ساف و لوس و ناسکی هەیە، کاتێک قەدەکەی دەشکێنین شیرێکی ڕەنگ سپی باوی لێدێتەدەر. ئەم شیلەیە بەر هەرشوێنێکی پێست بکەوێت به خورو دێت و زۆر به ئازارە و بەئاسانی خروەکەی نابڕێت، بە یەکێک له گيا ژەهراوی و مەترسیدارەکان هەژمار کراوه. (کاتێک بەرپێست بکەوێت یان چەور بکرێت، ئەوا توشی (بلزمه) دەبێت و پێست دەئاوسێنێت و ئەستوری دەکات و به ئازار دەبێت). گوڵێکی تۆپی له شێوەی سینی هەیە، لەناو سینیەکەدا دەنکە وردیلەی خڕی تێدایە و زەرد باوە له ناوەڕاستی بەهار واته له مانگی نەورۆز- نیسان گەشە دەکات و تا مانگی خەرمانان- تەمموز دەمێنێتەوە، تابەرەو پیری بڕوات قەدەکەی ڕەقتر و توند و تۆڵتر دەبێت، بەهۆی بەهێزی مادەکەی له بواری دەرمانسازی دا بەکاردەهێنرێت، لە ڕووی پزیشکیەوە، بە خواردن زیانی زۆرە، چونکە يەکێکە له گيا ژەهراویەکان و کاردانەوەی لەسەر جگەر هەیە،
شیرەکەی به بڕێکی کەم (به ئەندازەی یەک دەنکە نۆک) لەگەڵ شەکردا بخورێت کرمی ڕیخۆڵه دەکوژێت، نابێت له یەک جار زۆرتر بخورێت، چونکه زیانی زۆر تره له قازانج، هەروەها کەسەکە زۆر به توندی ڕەوان دەکات.[1]