#زامۆئا داراغا#
سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین ئێمە کێشەی (دەقی پیرۆز)مان هەیە واتا بەپێی ئەو کولتوورەی کە زیاد لە 1400 ساڵە ئەم کۆمەڵگەیە پەیرەوی دەکات، تاکی کورد نەیتوانیوە بە شیوەیەکە ئازادانە ڕەخنە لە دەقی پیرۆز بگرێن، هەر لەم بۆچوونەوە ڕەخنە لەلای ئێمە زۆر لاوازە و کاریگەری زۆری نییە لەسەر کولتووری ئێمە، ئەوەی کە هەیە جۆرێکە لە ستایش و پیاهەڵدان و وەسف کردنە، ئەوەندە ڕەخنەی بابەتی و جیددی نییە.
هەموومان دەزانین بەبێ کاری هونەری ئەستەمە (ڕەخنەی هونەری شێوەکاری)ش بوونی هەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە هاوتەریب بە هۆکارەکانی نەبوونی ڕەخنەی هونەری باسی مێژووی هونەری شێوەکاری لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا دەکەین.
هونەری شێوەکاری لە کوردستان تازەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم ناوچەیەی کە کورد تێیدا نیشتەجێ بووە وەک جوگرافیا لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی (میزۆپۆتامیا)دا بەشێک بووە لەو مێژووە گەورەکەی شارستانی میزۆپۆتامیا لە هەموو سەردەمەکانیدا.
بەڵام بەهۆی شەر و ململانێی زلهێزەکانی دەورووبەری هەمیشە دەست بەسەر بووە و، لە هەندێ کاتی مێژووییدا کورد دەسەڵاتی خۆجێیی خۆی هەبووە و لە هەندێ کاتدا وەک داگیرکەراو خۆی بینیوەتەوە.
بەپێی ئەو گەڕان و پشکنینانە کە ئیستا دەکرێت و ئەو پاشماوانە کە دەدۆزرێتەوە لەم ناوچەیەدا چەندین ئاسەواری مێژوویی لەخۆ گرتووە کە دەیسەلمێنێت خەڵکی ئەو سەردەمە هونەریان بەرهەم هێناوە و پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەبووە لەگەل هونەر و کاری هونەری وەک پەیکەر و سیرامیک و کەلوپەلی ڕۆژانەی ناو ماڵ و خشڵ و زێر و زیوو و بیناسازی. لە هەموو سەردەمەکانی میزۆپۆتامیا و هەموو شارستانیەتەکان کە دەسەڵاتیان هەبووە وەک (بابل و سۆمەر و ئەکەد و ئاشورەکان) تا دەگاتە سنووری دەسەڵاتی یونان و ساسانییەکان و فرعەونییەکان و چەندین شارستانی گەورە و بچوکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بوونیان هەبووە لەو سەردەمەدا لەم ناوچەیە.
هونەر بە گشتی و هونەری شیوەکاری بە تایبەتی بە قۆناغەکانی خۆیدا ڕۆیشتووە وەک هەموو شارستانیەتەکانی دونیا، هونەر تێکەڵاوی کۆمەڵگە بووە لە زۆربەی زۆری بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، هەم وەک کەلوپەلی ڕۆژانە تا دەگاتە کۆشکی پاشاکان و مەلیکەکان و پەرستگاکانی خواوەند و شوێنە گشتییەکانی شارەکان.
بە هاتنی دەسەڵاتی ئیسلام بۆ ئەم ناوچەیە پیش 1400 ساڵ گۆڕانکارییەکی گەورە ڕووی دا بە تایبەتی لە بواری هونەری شێوەکاری کە دەتوانم بڵێم لاوازبوونی هونەری شێوەکاری بە شێوەیەکی بەرچاو، کە وایلێهات وێنەکێشان و پەیکەرسازی ببن بە شتێک و بابەتێکی قەدەغەکراو و نەفرەت لێکراو و، لە هەندێ شوێندا ئەو کارە هونەریانەی کە هەبوون هەمووی شکێندراو و لەناو براون لەژێر بیانووی جواروجۆری دیندا، بەم شیوەیە هونەری شێوەکاری بوو بە شتێکی نامۆ و قەدەغەکراو بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە.
ئەوەی لەبەرچاو بوو شکێندرا و فەوتا و ئەوەی مایەوە خرایە خزمەت دەسەڵاتە ئایینییەکە و بەرگی ئایینی وەرگرت و بەلاڕیدا برا.
ئەم دەسەڵاتە ئایینییە وایکرد هونەری شێوەکاری زۆر لاواز ببێت و لە هەندێ قۆناغی مێژوویی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان دابڕان و نەمان ڕووی دا، ئەوەی کە مایەوە ڕەگی داکوتی لە کولتووری ئێمەدا (ئەدەب) بوو کە ئەویش بارگاوی بووبوو بە کولتووری ئیسلامەوە، بەم شیوەیە نەبوونی کاری هونەری شێوەکاری بووە هۆی نەبوونی ڕەخنەی هونەری و بە تایبەتی تیوری هونەری شێوەکاری لە هەموو ڕووییەکەوە.
ئەم مێژووە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەلایەن بەریتانییەکان و فەرەنسییەکانەوە.
ئیدی جارێکی تر بەهۆی ئەم داگیرکردنەوە لەژێر ناوی ئیستعماردا هونەری شێوەکاری هاتەوە ناوەوە لە ڕێگەی بەریتانییەکان بۆ ناو عێراق بە تایبەتی.
لەبەر ئەو دابرانە زۆرەی کە ڕوویدابوو لە مێژووی هونەری شێوەکاری بە شێوەیەکی نامۆ هاتووە و بە بەرگێکی ڕۆژئاوایی خۆی ناساند لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەم وەک فۆرم هەم وەک بابەت، لە سەرەتادا وەک وێنە و بینین، خەڵکی ئەم ناوچەیە بەری کەوتن، واتە ئەم هونەرە کە لە هونەری ڕۆژئاوادا خۆی دەبینیەوە لە ڕێگەی داگیرکەری ئیستعماری بەریتانییەوە هاتە ناوەوە کە پەیوەندی هەبوو بە کەسە (ئەرەستۆکراتی و دەسەڵاتی مەلەکی و مەندوبی سامی بەریتانی و خێزانەکانیان و سەربازەکانیانەوە) هاتە ناو وڵاتی عێراقەوە کە لەژێر (ئینتدابی بەریتانیدا) خۆی دەبینیەوە.
لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروست بوونی وڵاتی عێراق مێژووی هونەری شیوەکاری دروست دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی سست و لەسەر خۆ هەنگاوی ناوە.
لە ساڵی 1936 پەیمانگای مۆسیقای وەتەنی دروستکراوە، لە سااڵی 1939 بەشی وێنەکێشان و بەشی پەیکەرسازی تیاکرایەوە و، لە ساڵی 1940 ناوەکەی گۆڕدرا بە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و عێراق پەیوەندی کولتووری و هونەری دروست دەکاتەوە بە دونیای دەرەوەی خۆی، بە تایبەتی ئەوروپای ڕۆژئاوا، بە ناردنی هونەرمەندانی عێراقی بۆ خوێندنی هونەر لە فەرەنسا و بەریتایا و ئیتالیا، کردنەوەی قوتابخانە و پەیمانگا و خوێندنی وانەی هونەر لە هەموو بەشەکانی پەروەردەدا.
ئەوەی جێی سەرنجە هونەری شیوەکاری لە نێوان هونەرمەنداندا مایەوە، واتە هونەر لە نیوان خوێندکارەکانی هونەر و مامۆستاکانی هونەر و هونەرمەنداندا مایەوە و ڕێژەکە زۆر کەم بوو بە تایبەتی لە هونەرمەندانی شێوەکاردا و نەچووە ناو کۆمەڵگەوە یان توانای ئەوەی نەبوو ببێتە بەشێکی کاریگەر لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، تەنیا لە پایتەختی عێراق لە بەغداد مایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هونەری شیوەکاری بەو شێوە سنووردارە بمێنیتەوە و نەتوانێت پێشکەوێت لەهەر دوو بوارەکەدا هەم وەک کاری هونەری و هەم وەک تیوری هونەری، لە زۆربەی کاتەکاندا هونەر بە نامۆیی دەبینرا وەک (هونەری هاوردە) کە توانای پیشکەوتن و چوونە ناو هونەری جیهانی نەبێت بە شێوەیەکی لۆکالی ناجێگیر بمێنێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم چەق بەستنە نەبوونی (تیۆری هونەری) و (ڕەخنەی هونەری) بوو وەک پیشتر باسم کرد لە ئەنجامی ئەو دابڕانە گەورەیە کە تووشی ئەم ناوچەیە بوو بە هۆی (دەسەڵاتی ئیسلام)ەوە. هونەری شیوەکاری کە گەڕایەوە بە شیوازی (کاری هونەری) هاتەوە ناو کۆمەڵگەی عێراقی موسڵمان کە کوردیش بەشێک بوو لەو پێکهاتەیە، واتە مومارەسەکردنی هونەر وەک کردار ئەنجام دەدرا، هونەرمەندان کاری هونەریان بەرهەم دەهێنا و نمایشیان دەکرد، بەبێ نووسراوێک یان مانیفێستێک کە گوزارشت لە کارە هونەرییەکان بکات و لە ڕێگەی ئەم کارە هونەریانەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگە بگیرێت یان تیۆری هونەری لەگەڵ بێت تەنیا نمایش بوو و ئەم نمایشانەش زۆر سنووردار بوون.
مێژووی هونەری جیهانی لە خوێندنگاکاندا بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەخوێندرا وەک (زانیاری گشتی) نەک وەک پسپۆڕی و زانستی هونەری و تیۆری هونەری.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی هونەری شیوەکاری عێراقیدا، تیۆری هونەری پشتگوێ خرا و گرنگیان پێنەدا، لەگەڵ دروست بوونی چەندین هونەرمەندی عێراقی و بەرهەمهێنانی کاری هونەری لۆکاڵی تیۆرە هونەری و ڕەخنەی هونەری بۆ کاری هونەرمەندانی عێراقی دروست نەبوو، کە دەکرا بە شێوەیەکی تەریب بە یەک لەگەل کارە هونەرییەکاندا خوێندنەوە بۆ چالاکی و کارە هونەرییەکان بکرایە، هونەری شێوەکاری لەو کاتەدا تەنها لە کاتی پێشانگا و نمایشی هونەرییەکاندا بوونی هەبوو.
هونەر کە هاتە ئەم ناوچەیەوە بە شیوەیەکی فرمی نەبوو واتە سەرەتا لە ڕیگەی لەشکری ئینگلیزەکانەوە هاتە ناوەوە، هیچ دامودەزگای کولتووری تایبەت بە هونەری شێوەکاری بوونی نەبوو، ئەمە هۆکارێکی گرنگ بوو کە لە دوای چەندین ساڵ لە ئەزموونی هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە نەتوانرا کارەکان کۆبکرێتەوە بە واتایەکی تر عەقڵەیەتی ئەرشیف کردنی کاری هونەری بوونی نەبوو، ئەم هۆکارە زۆر زیان بەخش بوو نەک تەنیا بۆ ئەو ڕۆژگارە بگرە بۆ دواڕۆژیش بوو بە کێشەیەکی گەوڕە لە مێژووی هونەری شێوەکاری عێراقیدا.
لە سەرەتاکانی ساڵی پەنجادا نمایشی شێوەکاری لە زۆربووندا بوو ئەم چالاکیانە لە ساڵی 1956 بووە هۆی دامەزراندنی سەندیکای هونەرمەندانی عێراقی، بەڵام هیچ تیۆری ڕەخنەی بەرهەم نەهێنا لەسەر ئاستی هونەری شێوەکاری عێراقی.
یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ڕەخنەی هونەری بوونی (ئەرشیف و دیکۆمێنت) کردنی کاری هونەرییە، بۆ نموونە کردنەوەی مۆزەخانە و دەزگای هونەری حکومی و ناحکومی بۆ پاراستنی مێژووی هونەری شێوەکاری
دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین، یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ڕەخنەی هونەری بوونی (ئەرشیف و دیکۆمێنت) کردنی کاری هونەرییە، بۆ نموونە کردنەوەی مۆزەخانە و دەزگای هونەری حکومی و ناحکومی بۆ پاراستنی مێژووی هونەری شێوەکاری! کە بە باوەڕی من ئێستاش ئێمە لە هەمان کێشەداین لە دوای ئەو هەموو ساڵە لە مێژووی هونەری شێوەکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەزگایەک نییە کاری ئەرشیف و دیکۆمێنت کردنی هونەری شێوەکاری بکات، ئەم عەقڵیەتە لە سەردەمی مەلیکی بوونی نەبوو، کە توانای ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنی کارە هونەرییەکانی هەبێ.
لە دوای ڕووخاندنی حوکمی مەلیکی لە عێراق بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1958 وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ناوی (وەزارەتی الارشاد) دروست کرا. سەرهەڵدانی فیکری نەتەوەیی و بە تایبەتی فیکری (نەتەوەیی ئیشتراکی عەرەبی)، کولتوور بە گشتی و بە تایبەتی هونەری شێوەکاری گۆڕانکاری بە سەردا هات و بە موئەسەساتی کرا لە عێراقی تازەدا.
فیکری نەتەوەیی عەرەبی، هونەری وەک ناسنامە هەڵگرتەوە واتە: ویستی لە ڕێگەی هونەر و کولتوورەوە فیکری نەتەوەی بڵاو بکاتەوە لەسەر هەردوو ئاستەکە وەک کاری هونەری و تیۆری هونەری، بەڵام لە کۆتاییدا بوو بە فیکرێکی فاشیستی دیکتاتۆری کە لە خزمەت مانەوەی (سەرۆک)دا مایەوە و پێشنەکەوت، بەڵێ کاری جیددی و باشی کرد لە دروست کرنی مۆزەخانە و گەلەری و شوێنی تایبەت بە هونەری شیوەکاری، بەڵام ڕەوشە سیاسییەکە هاندەر نەبوو لەگەل بوونی شەڕوشۆری زۆر لە نێوان ساڵانی 1960 تا 2003 کەوتنی ڕژێمی بەعسی فاشی.
ئەمە وایکرد هونەر بکەوێتە ژێر کاریگەری حیزبێکەوە لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان بۆ سەرەتای ساڵی نەوەتەکان لە خزمەتی حیزب و سەرۆکدا بێت.
بەم شێوەیە ڕەخنەی هونەری بووبوو بە ئامرازێکی ستایش کردن و وەسف کردن و پیاهەڵدانی دەسەڵاتی ئەو کاتە و ڕەخنەی هونەری وەک دژایەتی بەکار دەهێنرا بەرامبەر بە نەیارانی دەسەڵات، دەتوانم بڵیم لەو 30 سی ساڵەی کە (حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی) حکومی کرد زۆرترین جوڵانەوەی هونەری و چالاکی هونەری بەڕیوە چوو، هەروەها دروست کردنی دامودەزگای هونەری حکومی و ناحکومی کە هەردووکیان حیزب چاودێری دەکرد و سەرپەرشتی دەکرد لەسەر ئاستی هونەری ناوخۆ و لەسەر ئاستی هونەری دەوڵەتانی عەرەبی و هونەرمەندانی عەرەبی و عێراقی.
(حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی) هەر زوو هەستی بە گرنگی هونەر و کولتوور کرد لە ناو کۆمەڵگەدا بە تایبەتی کاریگەری لەسەر منداڵان و مێردمنداڵ و گەنچ و هەموو چینەکانی کۆمەڵگە، هونەر و کولتوور بە شیوەیەکی بەرچاو پیشکەوتنی بە خۆیەوە دی بە کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگاکان و چالاکی قوتابخانەکان کردنەوەی دەورەی هاوینە و هەروەها دروست کردنی چەندین مۆنۆمێنتی گەورە و مۆزەخانە و گەلەری و دانانی پەیکەر لە شوێنە گشتییەکاندا و پەیکەر و وێنەی گەورەی سەرۆکی فەرماندە و وێنەی دیواربەندی (جیداری) جەنگەکانی ئەو سەردەمە و سەرکەوتنەکانی (سەرۆکی فەرماندە) و (وێنەی شەخسی) سەرۆک و سازدانی سەدان پیشانگای حیزب و سەدان نمایشی هونەری بۆ بۆنەی نەتەوەیی و حیزبیەکان و خۆشەویستی (سەرۆکی فەرماندە) و زیندووکردنەوەی مێژووی میزۆپۆتامیا لە ڕوانگەی فیکری نەتەوەیەوە و درێژەدان بەو مێژووە وەک لەسەر دەستی (سەرۆکی فەرماندە وەک ڕابەرێکی گرنگی مێژووی لە ناوچەکە و جیهاندا).
دەبێت لێرەدا یەک تێبینی باس بکەم ئەویش ئەوەیە بە ڕووخانی حوکمی مەلەکی و (ئینتیدابی بەریتانی وەک ئیستعمار) ئەو هاوسۆزی و هەماهەنگییە نەما لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، سیستمەکە گۆڕدرا بۆ حوکمی (ئیشتراکی) واتە: سیستمی دیکتاتۆری ئیشتراکی کە لە شیوازی حوکمی (ستالین)یدا خۆی دەبینیەوە کە دەبێت هونەر لە خزمەت حیزب و دەسەڵاتدا بێت، تەنیا کاری جوانکردنی ڕوخساری دەسەڵات و پەرستنی سەرۆک بێت، هەروەها ببێت بە براگەورە (پۆلیسی هونەر) کە چاودێری ڕەوشی هونەری بە وردی بکات. لێرەوە ڕەخنەی هونەری بە ئاراستەیەکی تر هەنگاو دەنێت ئەویش دەچێتە ناو ستایش و دەستخۆشی و بە بەرز زانینی ئەو فیکرەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە بگەوجێنێت، بۆ دڕیژەدانی دەسەڵاتی خۆی.
ئەمەش لە ساڵانی هەشتاکاندا بە جوانی دەبینرا، هەروەها لەگەڵ دروست بوونی (سانسۆر و پۆلیسی هونەری) لەسەر هونەر و کایەی هونەری بە گشتی لە کۆتایی ساڵی حەفتاکاندا هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە دوچاری ڕاکردن و ئاوارە بوون بوونەوە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان لە تاو سەرکوت کردن نەبوونی ئازادی ڕادەربرین لەلایەن حیزب و دامودەزگا هونەرییەکانی وڵات و زۆربەیان ڕوویان کردە ئەوروپا بە تایبەتی ئەوروپای ڕۆژئاوا.
لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، هەم لە عێراق و هەم لە کوردستان هونەر بە گشتی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، لێرەوە هونەر و ڕەخنەی هونەری و تیۆری هونەری بابەتەکانی دەگۆڕدرێن و بەرەو (هونەری جەنگ)، ڕووبەڕوو بوونەوەی فیکری قەومی عەرەبی لەگەڵ ئێراندا کە لەو کاتەدا هەموو هونەرەکان لە خزمەت ئەو جەنگەدا بوون.
ئێمەی کورد وەک میللەتێکی خاوەن زمان و کولتوور لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر هێزی چەک و چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتیدا بەش بەش کراین بەشی باشوور خرایە سەر وڵاتی عێراق لەژێر سایەی (ئینتیدابی بەریتانیدا) و دروست بوونی حوکمی مەلەکیدا بەڕێوە دەبرا.
ئەوەی کە لە سەرەوە باسکرا بەشێکە لە مێژووی هونەر و تیۆری هونەری ئێمە و کاریگەری زۆری لە سەر هونەر و کولتووری ئێمە هەبووە و هەیە و، بە تایبەتی هونەری شێوەکاری، بەڵام بە حوکمی ئەو کێشانە کە لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراقییەوە دروست بوون و کێشەی نێوان کوردستان و حکومەتی عێراقی لە بەغداد و بەرهەڵستی خەڵکی کوردستان لەگەڵ (ئینتیدابی بەریتانی) بووە هۆی پشتگوێ خستنی لەلایەن هەم بەریتانییەکان و هەم حکومەتی عێراقی لەسەر هەموو ئاستەکان، بەدڵنیاییشەوە بەشی هونەر و کولتووریش تووشی ئیهمالی گەورە بووە، واتە ئینتیدابی بەریتانی و حکومەتی مەلەکی لە بەغداد بە مەبەستی سیاسی ناوچە کوردییەکانیان لە هەموو ڕووییەکەوە، ڕامیاری و ئابووی و کۆمەڵایەتی و کولتووری پشتگوێ و ئیهمال کرد، ئەمەش وایکرد کۆمەڵگەی کوردی لەژێر سایەی وڵاتی عێراقدا دووچاری کیشەی گەورە ببێتەوە لەسەر ئاستی سیاسی کە تاکە میللەت بوو لە ناوچەکە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و پارچە پارچە کردنی دەوڵەتی عوسمانی نەبوو بە دەوڵەت و، ئەم ململانێیە وایکرد کە ئەوەندەی تر لە ڕووی کولتووری و هونەرییەوە دوابکەوێت.
لەگەڵ ڕووخانی حوکمی مەلیکی لە کۆتاییەکانی ساڵانی پەنجاکاندا و گۆڕینی حوکمی عێراق بە کۆماری و دروست بوونی فەزای دیموکراتی و بنیاتنانەوەی عێراق لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی هونەر و کولتوور کە پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لەسەر ئاستی هەموو عێراق و شاری بەغداد بە تایبەتی، لە ساڵی 1958 بۆ 1959 یەکەم ئەکادیمی هونەرە جوانەکان لە بەغداد دروست کرا.
لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە چەند خوێندکارێک چوون بۆ شاری بەغداد بۆ خوێندنی هونەر لە ئەکادیمی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەرە جوانەکان، لێرەوە سەرەتای دروست بوونی جووڵەی هونەری شێوەکاری لە کوردستان دروست بوو و، زۆربەیان کە ئەکادیمی هونەرە جوانەکان تەواو کردبوو، گەڕانەوە بۆ شارەکانی خۆیان و بوون بە مامۆستای (هونەر) لە قوتابخەنەکان و ئەوەی خوێندبوویان بە خوێندکارەکانیان وتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لێرە و لەوێ بە شیوەیەکی سنووردار و کەم لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکووک نمایشی هونەری کرانەوە.
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێن ئەم جووڵە هونەرییە زیاتر بەرهەمهێنانی کاری هونەری بوو واتە: تەنها خۆی دەبینییەوە لە کاری هونەری و نمایشکردنی کارە هونەرییەکان، بە بێ ڕەخنەی هونەری یان تیۆری هونەری، سەرەتا هەوڵەکان کەم بوون هەم وەک کاری هونەری یان وەک نمایشی هونەری شێوەکاری، ئەوەی لەو سەردەمەدا لە پێشکەوتن و پەرەپێداندا بوو (ئەدەب) بوو، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕیگەی زمانی ئەدەبییەوە گوزارشت لە هونەری شێوەکاری بکرێ کە ئەم نەریتە تا ئێستا ماوە و پەیڕەو دەکرێت لەلایەن هەندێک لە هونەرمەندان و ڕۆشبیرانەوە.
لەگەڵ دروست بوونی خەباتی چەکداری و گەورە بوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان کوردستان و حکومەتی عێراقیدا و بەرهەڵستی کردنی فیکری نەتەوەی عەرەبی لە عێراق و دروست بوونی دیکتاتۆریەت و جینۆسایدکردنی میللەتی کورد، هونەر چووە قۆناغێکی ترەوە ئەویش داکۆکی کردن بوو لە (ئەدەنتییەتی کوردی) هەویەی کوردی کە لە ڕێگەی هونەرەوە شەری مان نەمانی کولتووری خۆی دەکرد.
لە دوای شکستی شۆڕشی کورد لە ناوەڕاستەکانی ساڵانی حەفتادا هونەر بە گشتی بەرەو (هونەری بەرگری) چوو، کە لێرەدا ئەدەب و بە تایبەتی (ئەدەبی بەرگری) پشکی شێری بەرکەوت، هەر لە دەقی ئەدەبی و شیعر و چیرۆکەوە تا کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ناو ڕۆشنبیران گەڕانەوە بۆ ناو خودی تاکی کوردی لە ڕێگەی ئەدەبەوە. بە هەمان شێوە هونەری شێوەکاری چووە ناو ئەو جەنگەوە هەموو تواناکانی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هونەرێکی بەرگری بەرهەم بهێنێت کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەکەی بێت و جیاواز دەرکەوێت لە هونەر و کولتووری دراوسێکانی و بە تایبەتی کولتووری نەتەوەیی عەرەبی ئیسلامی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کورد خاوەن کولتوور و فەرهەنگی خۆیەتی.
ئەم ڕەوت و بزاوتەی کە لە دوای شکستی شۆرشی کوردی ڕووی دا زۆر زەرەری بە هونەری شێوەکاری دا، کە وای کرد هونەری شێوەکاری لە قۆناخێکدا بوەستێ و لە جووڵە بکەوێت، ئەوەی کە ڕووی دا لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هونەری شێوەکاری ئەو هونەرەی بەرهەم دەهێنا کە لە ساڵانی شەستەکاندا پەیڕەو دەکرا
بە باوەڕی من ئەم ڕەوت و بزاوتەی کە لە دوای شکستی شۆرشی کوردی ڕووی دا زۆر زەرەری بە هونەری شێوەکاری دا، کە وای کرد هونەری شێوەکاری لە قۆناخێکدا بوەستێ و لە جووڵە بکەوێت، ئەوەی کە ڕووی دا لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هونەری شێوەکاری ئەو هونەرەی بەرهەم دەهێنا کە لە ساڵانی شەستەکاندا پەیڕەو دەکرا و لە پەیمانگا و ئەکادیمییەکانی شاری بەغداد فێری بووبوون و دەخوێندرا، ئەم هونەرمەندانە زۆربەیان لە دوای گەڕانەویان لە ئەوروپا بووبوون بە مامۆستا لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەغداد، ئەوەی دەبینرا وەک ڕەوت هەمان ڕەوتی هونەری بوو، بەڵام بە فۆرم و فیگەری کەسایەتی کوردە و بەکارهێنانی جلی کوردی و ئەو کەرەستانەی کە کورد لە ژیانی ڕۆژانەدا بە کاری دەهێنا لەگەڵ سروشتی کوردستان بە گشتی جیایی دەکردەوە لەوانی تر.
هۆکاری ئەم چەق بەستنە دەگەڕێنمەوە بۆ دوو هۆکار:
یەکەم: نەبوونی تیۆری هونەری هەم وەک مێژوو، هەم وەک خوێندنەوەی کارە هونەرییەکان کە لەو سەردەمەدا بەرهەم دەهێنران، هەروەها دۆزینەوەی ئەو جیاوازییە کە هەبوو لەنێو هونەرمەندی کورد و هونەرمەندی عێراقی بە گشتی کە دەبوو چەندین شیکاری و نووسین و دیبەیتی لەسەر بکرایە.
دووهەم: بوونی ئەوە سانسۆرە گەورەیە کە حیزبی بەعس خستبوویە سەر هەموو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی عێراق و بە تایبەتی بۆ سەر ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد، کە ئەم دژایەتی کردنە لە هەندێ حاڵەتدا دەبووە هۆی گرتن و کوشتنی هونەرمەند، بە تایبەتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران و، ساڵانەش فشار و سانسۆر زیاتر دەبوو.
لەو قۆناغەدا هونەر زۆرتر بارگاوی بوو بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتەوە ئەوەندەی تر (هونەری بەرگری) چووە ناو خەڵکەوە بینەری هونەری شێوەکاری زۆرتر بوو، هۆڵەکان قەڵەباڵخ تر دەبوون، تا بە تەواوی هونەر و کولتوور بارگاوی بوون بە سیاسەتەوە.
بەڵام بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لەژێر فشاری ئەو سیستمە دیکتاتۆریەتەدا ڕووەو ئاوارەیی هەڵبێن و وڵات بەجێ بهێڵن بە تایبەتی ئەو هونەرمەندانەی کە لە بەغداد لە ئەکادیمی و پەیمانگا هونەریان خوێندبوو، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی هونەر و کولتوور کە بە شێوەیەکی لۆکاڵی داخراو هەژار مایەوە، هەم لە ڕووی کارە هونەرییەکانەوە و هەم لە ڕووی تیۆرییەوە کە دەتوانم بڵێم لە قۆناغی ساڵانی هەشتاکاندا ئەدەب بە تەواوی دەستی گرتبوو بە سەر تیۆری هونەری شێوەکاریدا، لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵەکان زۆر کەم بوو لە بواری تیۆری هونەری و ڕەخنەی هونەری بەڵام شێوەیەکی ئەدەبی ڕەمزی کە لە خزمەت بیری نەتەوەیی و بەرەنگاری ڕژێمدا خۆی دەبینیەوە و، هونەری شێوەکاری لە ڕێگەی پیناسەی ئەدەبییەوە دەناسرا بە خەڵک و بینەر.
ئەبوونی سەرچاوەی هونەری شێوەکاری بە تایبەتی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ نموونە (کوراسی هونەری) و (کتێبی هونەری وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی کوردی) ئەوەی کە هەبوو هەندێ لە پەرتوکی هونەری شێوەکاری بوو بە زمانی عەرەبی کە هەمووی هی ساڵانی شەستەکان بوو وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی عەرەبی کە وەک قۆناغی هونەری شێوەکاری جیهانی نووسرابوو.
دەتوانم بڵێم (هونەری بەرگری) چەند هەڵوێست بوو بۆ دژی فاشیست و دیکتاتۆری، ئەوەندەش زیان بەخش بوو بۆ هونەر خۆی، چونکە خوێندنەوەمان نەبوو بۆ ئەم هونەرە کە لە شەستەکانەوە خەڵکی ئەم هەرێمە پێ ئاشنابوون.
ئەم دابڕانە لەگەڵ جیهاندا بووە هۆی ئەوەی کە هونەری شێوەکاری لە کوردستان لە شوێنی خۆی بووەستێ و تووشی (جووینەوە) بێت ئەم ڕەوشە تەنها ئێرەی نەگرتەوە بەڵکوو لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکاندا هەموو عێراقیشی گرتبووەوە بە هۆی ئەو حوکمە (دیکتاتۆریەی) کە گشت عێراقی بەڕێوە دەبرد، بەڵام بۆ کوردستان دوو بەرانبەر بوو، لێرەدا دەبێت ئەوە بڵیم لە کاتێک لە کاتەکانی شۆڕشی کوردی بە تایبەتی لە شارە کوردییەکاندا دابڕانێکی ترسناک ڕوویدا بوو ئەویش ئەوە بوو کە هونەرمەندی کورد نابێت کۆنتاکت و هەماهەنگی بکات لەگەڵ دەزگا حکومییەکانی عێراق و بە هیچ شێوەیەک کار و چالاکی هونەری لەگەل بەغداد نەدەکرا. لەگەڵ ئەوەی کە هەندێ لە هونەرمەندان بە توانای خۆیان ئەم دابڕانەیان دەپچڕاند و لەسەر ئاستی شەخسی کۆنتاکتیان دروست دەکرد بەڵام لەژێر ناوی تردا ئەم هەماهەنگییە دەکرا، چوونکە زۆر ئاسان بوو تومەتی (خیانەتکار و بەعسی بوون) بدرێتە پاڵ هەر کەسێک یان هەر هونەرمەندێک کە کاری لە دەزگا حکومییەکاندا دەکرد و چالاکی هونەریان ئەنجام دەدا.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مێژووی هونەری شێوەکاری لە سەردەمی پێش نەوەتەکاندا بە تایبەتی لە ژیر دەستی ڕژێمی بەعسدا زۆر ئاڵۆز بوو، دەتوانم بڵێم (هونەری بەرگری) چەند هەڵوێست بوو بۆ دژی فاشیست و دیکتاتۆری، ئەوەندەش زیان بەخش بوو بۆ هونەر خۆی، چونکە خوێندنەوەمان نەبوو بۆ ئەم هونەرە کە لە شەستەکانەوە خەڵکی ئەم هەرێمە پێ ئاشنابوون.
نەبوونی ڕەخنەی هونەری شێوەکاری و لە هەمان کاتدا نەبوونی ئەرشیفێک بۆ ئەو مێژووە هونەرییە کە لەم 30 سی ساڵەدا، واتە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، وایکردووە کە ئێمە تا ئێستا باجی ئەو هەڵانە بدەین کە پێش خۆمان کراون
نەبوونی ڕەخنەی هونەری شێوەکاری و لە هەمان کاتدا نەبوونی ئەرشیفێک بۆ ئەو مێژووە هونەرییە کە لەم 30 سی ساڵەدا، واتە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، وایکردووە کە ئێمە تا ئێستا باجی ئەو هەڵانە بدەین کە پێش خۆمان کراون و ئەوەی کە جێی سەرنجی منە، ئێمە تا ئەم کاتەی کە ئەم نووسینە دەنووسم بە هەمان هەڵەدا دەڕۆین وەک بەڕیوەبردنی سیاسەتی کولتووری ئەم هەرێمە.
لەدوای شەڕی کەنداوی دووهەم، عێراق دەبێت بە دوو بەشەوە و بەشی کوردییەکە لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا ڕادەپەڕێت و بە پاڵپشتی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، دەسەڵاتی خۆجێیی خۆی پێکدەهێنێت و، هەرێمی کوردستان/ عێراق دروست دەبێت وەک کیانێکی سەربەخۆ، لێرەوە مێژوویەکی تر دروست دەبێت، ئەم ناوچەیە لەڕووی کولتووری و هونەری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوورییەوە کرانەوەیەکی خیرا بە خۆیەوە دەبیێت.
هونەر بە گشتی و شێوەکاری بە تایبەتی بەر ئازادییەکی زۆر کەوت، کە بە بڕوای من ئەمە یەکەم بەرکەوتە کە هونەرمەندی کورد بەر ئەو ئازادییە بکەوێت لە مێژووی هونەر و کولتووردا، ئەمە وای کرد کە هونەر ڕزگاری بێت لە قۆزاخەی (هونەری بەرگری) و هونەری لۆکاڵی سونەتی و بتوانێت سەربەخۆ بێت و خۆی ڕزگاربکات لەو هەموو بارگاویی بوونەی کە لە پیش ڕاپەڕین تووشی بووبوو، یەکەم هەنگاو ئەو کرانەوەیە بوو کە ڕوویدا بە سەر هونەری ڕۆژئاوادا. دەبێت ئەوەش بڵێم لەم قۆناغەدا جیهان بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەچوو ئەویش نەمانی (بلۆکی ڕۆژهەڵات کە بە بلۆکی کۆمۆنیست) ناسرابوو.
ئەمە وایکرد کە هونەر لەم ناوچەیە بەرەو کرانەوە بۆ ئەودیو سنوور بڕوات ئەویش دوو هۆکاری لە پشت بوو.
یەکەم: هاتنی ڕێکخراوە مرۆییەکان و جورناڵیسەکان کە زۆربەیان لە ئەوروپای ڕۆژئاواوە هاتبوون ئەم ڕیکخراوانە کاری خێرخوازیان ئەنجام دەدا لەناو هەموو هەرێمی کوردستاندا کە بووە هۆی ئەوەی خەڵکی بیانی بێتە ناو کۆمەڵگەکەمانەوە کە پیشتر نەمانبینی بوو یان مامەڵەمان لەگەڵ نەکردبوو.
دووهەم: گەڕانەوەی ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا ڕوویان کردبووە ئەوروپا و تێکەڵ بوونەوەیان لەگەڵ هونەرمەندانی ناو هەرێم و هێنانی چەندین کتێب و کاسێتی ڤیدیۆیی سەبارەت بە هونەر، ئەمە سەرەتای گۆڕانکارییەکان بوو لە هونەر بە گشتی و هونەری شێوەکاری بە تایبەتی. ئەم کرانەوەیە دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ هونەری شێوەکاری کە بتوانێت ئیتر خۆی بێت واتە: هونەر گوزارشت لە تاک بکات و لە تاکەوە بڕوات بۆ کۆ و، ئازادانە گوزارشت لە خۆی بکات لە ناو کۆمەڵگەدا، لێرەوە هونەری شێوەکاری بابەتەکانی گۆڕدرا و، هەروەها فۆرمەکان و شێوازەکانی لە گۆڕانێکی بەردەوامدا خۆی بینیەوە. هونەر لە سەرەتای ڕاپەریدا بریتی بوو لە کارکردن و بەرهەمهێنانی کاری هونەری و نمایشکردنی هونەری کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم چالاکیانە لە زیادبووندا بوون، بە هەمان شێوەش ژمارەی هونەرمەندان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و بەردەوام خوێندکاری هونەر لە زیادبووندا بوو.
نووسەران یان ڕۆماننووس و شاعیرەکان لەسەر چالاکی هونەرییەکانی شێوەکاری دەیاننووسی، نووسەر لە دیدێکی ئەدەبییەوە دێت قسە لەسەر هونەری شێوەکاری دەکات کە ئەو بۆچوونەت بۆ دروست دەبێت کە (هونەری شێوەکاری زمانی خۆی نییە) و توانای دەربڕینی نییە و (زاراوە و دەستەواژەی تایبەت) بە خۆی نییە تا بتوانێت گوزارشت لەو فۆرمە بکات کە دەبینرێت. ئەم دیاردەیە ئێستاش بوونی هەیە و بە ڕەخنەی هونەری شێوەکاری ناسراوە
بەڵام دووبارە بە هەمان شێوە کەوتینەوە هەمان هەڵە، ئەوەندەی گرنگیمان بە کاری هونەری دەدا، ئەوەندە گرنگیمان بە تیۆری هونەر و ڕەخنەی هونەری نەدەدا و، بە هەمان ڕیتم بە زمانی ئەدەب و بە شێوازی ئەدەبی سۆزداری (ڕۆمانسی) لەسەر هونەری شێوەکاری دەنووسرا و، تێکەڵاوکردنی شیعر و تابلۆ لە زۆربەی نمایشەکاندا دەبینرا، وەک فۆرم و شێوە و مەتریاڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو، بەڵام وەک ڕەخنە و تیۆری هونەری هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتبوو، بگرە لە زۆربەی نمایشەکاندا هونەری شێوەکاری وەک (پاشکۆ) دەبینرا، کە ئەمە وایکرد هونەری شێوەکاری لە هەردوو شێوەکەدا لاواز دەرکەوێت و ببێتە پاشکۆی ئەدەب.
لە زۆربەی کاتەکاندا نووسەران یان ڕۆماننووس و شاعیرەکان لەسەر چالاکی هونەرییەکانی شێوەکاری دەیاننووسی، نووسەر لە دیدێکی ئەدەبییەوە دێت قسە لەسەر هونەری شێوەکاری دەکات کە ئەو بۆچوونەت بۆ دروست دەبێت کە (هونەری شێوەکاری زمانی خۆی نییە) و توانای دەربڕینی نییە و (زاراوە و دەستەواژەی تایبەت) بە خۆی نییە تا بتوانێت گوزارشت لەو فۆرمە بکات کە دەبینرێت. ئەم دیاردەیە ئێستاش بوونی هەیە و بە ڕەخنەی هونەری شێوەکاری ناسراوە، کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە ئەم جۆرە لە نووسین هیچ پەیەوەندییەکی بە ڕەخنە و تیۆری هونەری شێوەکارییەوە نییە.
لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەتەکاندا و بە تایبەتی لە ساڵانی شەڕی براکوژی، شەپۆلێکی گەورەی ترسناک لە (کۆچ کردن) و ڕاکردن لەم هەرێمە ڕووەو تاراوگە دەستی پێکرد، کە ڕێژەیەکی زۆری هونەرمەند و ڕۆشنبیری ئەم هەرێمە بوون
لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەتەکاندا و بە تایبەتی لە ساڵانی شەڕی براکوژی، شەپۆلێکی گەورەی ترسناک لە (کۆچ کردن) و ڕاکردن لەم هەرێمە ڕووەو تاراوگە دەستی پێکرد، کە ڕێژەیەکی زۆری هونەرمەند و ڕۆشنبیری ئەم هەرێمە بوون و، زۆرینەشیان لە سەرەتای تەمەنی هونەریاندا بوون، قەیرانێکی گەورەی کولتووری و هونەری تووشی ئەم هەرێمە بوو هەم لەسەر ئاستی براکوژی، ئارامی و ڕامیاری و ئابووری هەم لە سەر ئاستی پسپۆڕی واتە: ئەو کەسانەی کە پسپۆڕبوون و خەڵکی تەکنۆکرات بوون کە کۆچیان دەکرد بۆ دەرەوەی وڵات، ئەم قەیرانە ترسناکە هەموو سێکتەرە کانی ناو کۆمەڵگەی وەستان، یەکەم شت کە کەوتە ژێر پرسیارەوە ئازادی و دۆخیی ئابووری خەڵکی ئەم هەرێمە کە پێش هەموو شتێک پرسیاری نان لە هەموو شتێکی تر گرنگ تر بوو.
لەگەڵ هەڵکشانی شەڕی براکوژی و لەت بوونی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو بەشدا و هونەری شێوەکاری ئەو گرنگیەی نەما کە پیشتر هەیبوو و بەهای کەم دەبووەوە کارە هونەرییەکان لە ڕووی کوالیتییەوە ئاستیان نزم دەبووەوە جمووجوڵی هونەری بەرەو کەم بوونەوە دەڕۆیشت.
بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەو هونەرمەندانەی کە ڕوویان کردبووە ڕۆژئاوا زۆربەیان دەستیان کردەوە بە هونەر و خوێندنی هونەری لە زۆربەی بوارەکانی هونەری شێوەکاریدا بە جۆرێک لە کۆتاییەکانی ساڵی نەوەتەکان و هێوربوونەوەی شەڕی براکوژی ئەم خوێندکارانە بە سەردان دەهاتنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چالاکی هونەریان دەکرد بە دوو شێوە:- شێوەی یەکەم، کارە هونەرییەکە لە ڕۆژئاوا کرا بوو و لە هەرێم نمایش دەکرایەوە.
شێوەی دووهەم، کارە هونەرییەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرا و لەوێش نمایش دەکرا واتە: بە مەتریاڵی ناوخۆیی کارەکە ئەنجام دەدرا.
ئەم قۆناغە لە هونەری شێوەکاری لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر هەستیار دەستنیشان دەکەم، چونکە ئەو کارانەی کە لە کوردستان دەکران هەمان ئەو ڕەوتە هونەریانە بوو کە لە ڕۆژئاوا لە زانکۆکان دەخوێندرا و بەرهەم دەهێنرا، ئەمەش بە هۆی هاتنەوەی ئەو هونەرمەندانە کە لە ڕۆژئاوا دەیانخوێند.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ڕووناکی بخەمە سەر، ئەوەیە ئەم پەیوەندییەی نێوان هونەرمەدانی ناوەوەوە لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات بووە هۆی دروست بوونی کۆمینکەیشنێکی تایبەت کە لە دیبەیت و کفتوگۆ و دیالۆگی شێوەکاریدا خۆی دەبینیەوە، گفتوگۆکان زۆربەی ڕەخنەیی بوو پرسیاری تازە دروست دەبووم کە ئایا بۆ ئێمە تا ئێستا تیۆری هونەریمان نییە؟ بۆ زمانێکمان نییە تایبەت بە هونەری شێوەکاری؟ گەڕان بەدوای سەرچاوەی هونەری و هەڵدانەوەی مێژووە هونەر؟، لێرەوە ئەو عەقڵیەتە دروست بوو کە ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی هونەریی هەیە، پیویستمان بە ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنی کاری هونەری و چالاکی هونەری هەیە.
بە هەمان شێوە کاری هونەرمەندی کوردی دەبرایە دەرەوەی وڵات و لە گەلەرییەکاندا نمایش دەکرا و بینەری ڕۆژئاوای قسەی لەسەر کاری هونەری هونەرمەندە کوردەکان دەکرد و، ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریی و هونەرییە لە نێوان هەرێم و ئەوروپادا ئەو تێڕوانینەی دروست کرد کە گرنگە ئێمەش بتوانین تیۆری هونەری خۆمان و ڕەخنەی هونەریمان هەبێت و، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆمان هەبێت لەسەر ئەو هونەرەی کە ئێستا دەگوزەرێت لەسەر ئاستی لۆکاڵی و جیهانیدا.
هونەری شێوەکاری لە بنەڕەتدا (وێنەیە، بینینە، فۆرمە، پانتایە، ڕەنگە، مەلمەسە، قەبارەیە) و، کاری هونەری شێوەکاری ناگێڕدرێتەوە وەک چیرۆک واتە: نە وەسف دەکرێت و نە دەگێڕدرێتەوە.
ئەم هەستکردن بە گرنگی ڕەخنەی هونەری و تیۆری هونەری وایکرد کە لەوە تێبگەین بە بێ ئەرشیفی هونەری و دیکۆمێنت کردنی کارە هونەرییەکان و نەبوونی مۆزەی تایبەت بە هونەری شێوەکاری ناتوانین شیکاریمان هەبێت لەسەر مێژووی هونەر لەم ناوچەیە.
هەر لەم ڕوانگەیەوە لە کاتی نووسینی ڕەخنەی هونەری بە تایبەتی هونەری شێوەکاری پیویستمان بە کارە هونەرییەکە هەیە واتە: بەبێ کارە هونەرییەکە ناتوانین ڕەخنەی بکەین و، ناتوانین تیۆری هونەری شێوەکاری و مێژووی هونەری شێوەکاری بنووسینەوە، لەبەر ئەوەی هونەری شێوەکاری لە بنەڕەتدا (وێنەیە، بینینە، فۆرمە، پانتایە، ڕەنگە، مەلمەسە، قەبارەیە) و، کاری هونەری شێوەکاری ناگێڕدرێتەوە وەک چیرۆک واتە: نە وەسف دەکرێت و نە دەگێڕدرێتەوە.
بە باوەڕی من لەم قوناغەدا کە لە کۆتایی ساڵی نەوەتەکان تا سەرەتای ساڵانی دووهەزار هونەری شێوەکاری بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵانە گۆڕدرا و گرنگی زۆر درا بە تیۆری هونەری شێوەکاری، کرانەوەی سەفەر و وەرگرتنی (ڤیزە) بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەندەی تر کاریگەری هەبوو لەسەر هونەری شێوەکاری و هونەرمەندان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەر کاری (ئۆڕجیناڵ) دەکەوتن و چەندین مۆزە و گەلەری جیهانیان دەبینی.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی و هاتنی (ئەمریکا) وەک داگیرکەر بۆ عێراق و باش بوونی باری ئابووری خەڵک، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان و دروست بوونی ئارامیەکی (کاتی) لە هەرێمی کوردستان، هونەر بە گشتی و شێوەکاری بە تایبەتی کرانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، لەبەر بوونی پارەیەکی زۆر و تەرخان کردنی بودجەی تایبەت بۆ کولتوور و هونەر، چالاکی هونەری زۆر بوونی بە خۆیەوە بینی، چاپ کردنی کوراسی هونەری و وەرگێڕانی کتێبی هونەری بۆ سەر زمانی کوردی و هێنانی دەیان هونەرمەندی بیانی و ڕیکخراوی هونەری ناحکومی بیانی بۆ ناو هەرێم و کردنەوەی سەدان سەنتەر و ڕیکخراوی ناحکومی لە شار و شارۆچکەکاندا.
ئەم زۆری و بۆریە لە چالاکی هونەری ئەوەندەی چەندێتی بوو ئەوەندە جۆرێتی نەبوو، ڕەوشی هونەری و کولتووری چووە دۆخێکی زۆر فەوزا و بێ سەروبەر، ئیتر هونەر نەتوانێت بەرهەمهێنەر بێت و داهێنەر بێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی کولتووری پتەو.
بە باوەڕی من ئەم زۆری و بۆریە لە چالاکی هونەری ئەوەندەی چەندێتی بوو ئەوەندە جۆرێتی نەبوو، ڕەوشی هونەری و کولتووری چووە دۆخێکی زۆر فەوزا و بێ سەروبەر، ئیتر هونەر نەتوانێت بەرهەمهێنەر بێت و داهێنەر بێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی کولتووری پتەو کە توانای ئەوەی هەبێت لەگەل گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی هەڵ بکات.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا باسی بکەم لەناو ئەم فەوزای بەڕێوەبردنە هەوڵی باش و جیددی دەدرا لەناو کایەی هونەریدا، بۆ نموونە پڕۆژەی (تواناسازی) ئەم هەنگاوە من بە هەنگاوێکی زۆر باش وەسفی دەکەم کە خوێندکار بۆ بەدەست هێنانی (ماستەر و دکتۆرا) بە تایبەتی لە بواری هونەریدا دەچوو بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات، ئەم پڕۆژەیە پرۆژەیەکی زۆر باش بوو و یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لە نێوان هونەری جیهانی لەگەڵ هونەری لۆکاڵیدا، هەروەها بینینی ئەو ڕاستییەی کە هونەر تەنها کاری هونەری نییە بەڵکوو تیۆری هونەرییە. هەروەها پەروەردەی هونەرییە کە لە ئەنجامدا ڕەخنەی هونەری دروست دەبێت و پرسیاری نوێ و بیری نوێ بەرهەم دەهێنرێت لەناو کایەی هونەریدا ئەم دوو جەمسەرە (پڕاکسیس و تیۆری) لە هونەری ئێستادا (هونەری هاوچەرخ) زۆر گرنگە.
هەروەها بوونی ئەو هەوڵانەی کە لە دەرەوەی سیستمی (دەسەڵاتی کولتووری هەرێم) ئەنجام دەدران واتە: ئەو هەوڵانەی کە شەخسین یان لە ڕێگەی (گروپێکی بچوکەوە) بە ئەنجام گەیاندراون، ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنم و پێم وایە توانیوێتی ئەو باڵانسە ڕاگرێت لە نێوان ئەو فەوزایەی کە دەسەڵاتی سیاسی کولتووری دروستی کردبوو و ئەو کارە جیددیانەی ئەم کەس و گروپانە کردوویانە.
بۆ نموونە: سەرەتای دروست بوونی تیۆری هونەری و ڕەخنەی هونەری و وەرگێڕانی کتێبی هونەری بۆ سەر زمانی کوردی و دروست کردنی دیبەیت و هەوڵدان بۆ نووسینەوەی مێژووی هونەری ئەم ناوچەیە و بە ئەرشیفکردن و دیکۆمێنت کردنی هونەری شێوەکاری، ئەمانە زۆربەی خودی هونەرمەندانی شێوەکار لە دەرەوەی سیستمی دەسەڵاتی کولتوورییەکە و دامودەزگاکانی حکومی ئەنجامی دەدەن.
ئەو هەوڵە جدیانە وەک ڕێژە زۆر کەمن، بەڵام دروست بوونی ئەو بەرپرسیاریتییە کە وایکردووە لە هونەرمەندی شێوەکاری لەگەڵ ئەنجامدانی کاری هونەریدا، خۆی سەرقاڵ بکات بە تیۆر و ڕەخنە و نووسینەوەی مێژوو لە هەمان کاتدا بە ئەرشیف کردنی کارە هونەرییەکان لە دەرەوەی سیستم و دژ بە سیستم ئەم کارانە ئەنجام بدات.
ئێمە لە دوای سی ساڵ نەمانتوانیوە کایەی هونەری بە تایبەتی هونەری شێوەکاری و تیۆری و ڕەخنەی هونەری پێش بخەین و بیکەین بە سیستماتیک و بە موئەسەساتی کردنی هونەر و کولتوور لەم هەرێمەدا.
بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئێمە لە دۆخێکی زۆر خراپ و هەستیارداین لە غیابی (دەسەڵاتی کولتووری و دامودەزگاکانی حکومی)داین و کێشەی بەڕێوبردنمان هەیە و، ئێمە لە دوای سی ساڵ نەمانتوانیوە کایەی هونەری بە تایبەتی هونەری شێوەکاری و تیۆری و ڕەخنەی هونەری پێش بخەین و بیکەین بە سیستماتیک و بە موئەسەساتی کردنی هونەر و کولتوور لەم هەرێمەدا.
بەڵام بە داخەوە ئەوەی کە دەرکەوت لە ئەنجامی ئەم ئەزموونە سی ساڵەیەدا کە سیاسەتی کولتووری هەرێمی کوردستان فەشەل بهێنێ و نموونەی (بەڕێوەبردنی سیاسەتی کولتوری سەردەمی ڕژێمی پێشوو) بەکار یهێنێت لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمدا.
واتە دەسەڵاتی کوردی هەمان سیاسەتی کولتووری ڕژێمی پێشووی بەغداد پەیڕەو دەکات، بە دەستێوەردانی حیزب لە کایەی هونەری و کولتووری و بەڕێوەبردنی سیاسەتی کولتووری بۆ بەرژەوەندی حیزب، قورخکردنی دامودەزگای حکومی و ناحکومی لەلایەن حیزبەوە و دروست کردنی ڕێکخراو گرووپ و سەنتەری هونەری لە ژێر چاودێری حیزدا بووە هۆی پەکخستن و فەشەل هێنانی کایەی کولتووری بە تایبەتی هونەری شێوەکاری، ئەم فەشەلە لە هەموو ڕووەکانەوە دەبینرێت بە تایبەتی بەشی پەروەردەی هونەری کە لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا خۆیان دەبیننەوە هەروەها لە بەشی دامودەزگاکان کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری خۆی دەبینێتەوە.
ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکی دینی و خێڵەکین و تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنە بکەین بە بەشێک لە کولتووری خۆمان کە توانای ئەوەمان هەبێت ڕەخنە بگرین لەو ڕووداوانەی کە لە چواردەورمان ڕوو دەدەن.
ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی کولتووری درێژکراوەی هەمان سیاسەتی بلۆکی ڕۆژهەڵاتە، کە بە سیاسەتی ستالینی ناو دەبرێت و هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتاریاکانی دونیا پەیڕەوی دەکەن کە هونەر و کولتوور لە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسی خۆیدا بێت.
لە کۆتاییدا دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە بدرکێنین کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکی دینی و خێڵەکین و تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنە بکەین بە بەشێک لە کولتووری خۆمان کە توانای ئەوەمان هەبێت ڕەخنە بگرین لەو ڕووداوانەی کە لە چواردەورمان ڕوو دەدەن. هەروەها کولتوورەکەمان پشتی بەستووە بە گێڕانەوە لەسەر شێوازی زارەکی، لە دەمەوە بۆ گوێ کە ئەم حاڵەتە پێ دەڵێن لەبەرکردن (دەرخ) لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە توانای هەستی بینین لە دەست دەدەین تا بە شێوەیەکی سروشتی بەکاری بهێنین، بۆیە کە کارێکی هونەری دەبینین ئەوەندەی بەدوای چیرۆکی پشت کارە هونەرییەکەوەین ئەوەندە توانای بینینی کارە هونەرییەکەمان نییە وەک فۆرم و شێوە، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەپێی ئەو مێژووەی کە هونەری شێوەکاری بڕیوێتی تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنەی هونەری بنیادبنێین و بیکەین بە بەشێکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای زانستی و مێژوویی، کە توانای مامەڵەکردنمان هەبێت لەگەڵ هونەری شێوەکاری بە گشتی، هەروەها هەڵقوڵاوی مێژووی ئەم ناوچەیە بێت و توانای ئەوەی هەبێت پرسیاری جیددی دروست بکات لەسەر کایەی هونەری بە گشتی و کاریگەری هەبێت لەسەر کۆمەڵگە.[1]