لە کورمانجییەوە: ڕێبین محەمەد
“پێشتر تەنیاییم نەدەناسی“
پێشتر تەنیاییم نەدەناسی
وەک درەختێک لە دارستانەکەی
وەک گوڵێک بە چڵەکەی
پێشتر تەنیاییم نەدەناسی
ئێستە تاک و تەنیا ماوم
لە چڵەکەم قرتێندراوم
لە دارستانەکەم دوورخراوم.
“بە زمانی خۆت”
بە زمانی خۆت سترانێکم بۆ بڵێ،
بەناوی کێ دەیڵێی بیڵێ
هەر قیڕانەکە هیی خۆت بێت بەسە
با سەرهەڵدانەکە لە دەنگتدا ڕەنگبداتەوە
با دەنگت ببێتە لافاو و بقیڕێنە
شتێکم بۆ بڵێ،
بلۆرینە،
بەڵام بە زمانی خۆت بچریکێنە
خۆ ڕەنگە بیڵێیت و هیچی لێ تێنەگەیت
قەیدێ ناکا، تەنها با بە زمانی خۆت بێت!
“دەمویست“
دەمویست شەڕ لەسەر گەڵاکان بنووسم
بۆ ئەوەی لەگەڵ هاتنی پاییزدا هەڵوەرێن
دەمویست ڕکوکینە لەسەر هەورەکان بنووسم
وەختێ کە باران ببارێ هەورەکانیش بڕۆن
نەفرەت، دەمویست لەسەر بەفر بینووسم
وەختێ کە ڕۆژ هەڵبێ ئەویش بتوێتەوە
دەمویست ئەڤین و خۆشەویستی
لەسەر دڵی منداڵاندا بنووسم
بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەواندا گەورە ببێت و
هەموو دونیا بگرێتەوە.[1]