#کاروان عومەر کاکەسوور#
بیست ساڵ زیاترە لە نزیکەوە دەتناسم. پێشتر بەرهەمەکانتم دیبوون و دەمزانی یەکێکیت لە هونەرمەندە جیاوازەکانمان. لە ناوەڕاستی هەشتاکان لە هەولێر بە هەندێک لە تابلۆکانت ئاشنا بووم. لە ساڵی (1998) کۆمەڵەچیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)م لە ڕێگای پۆستەوە بۆ ناردیت. هەر ئەودەم پارچەیەکی ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!)مت لەسەر یەکێک لە بەرهەمەکانتدا نووسییەوە، کە هێشتا بۆ چاپم نەناردبوو. ساڵی (2001) لە کۆپینهاگن یەکترمان بینی، کە ئەودەم پیشانگایەکت بۆ بەرهەمەکانت کردبووەوە. لەوێ لەبارەی هونەرەوە گفتوگۆمان دامەزراند. لە هاوینی (2009) جارێکی تر لە کۆپینهاگندا پیشانگات کردەوە، کە لەگەڵ هاوڕێیان (میدیا بێگەرد)، (ئاڤان فەتاح)، (ئەنیتا ئێسپاندەر)، (ساکار جەمال)، (نیاز بەیاتی)، (ئاراس وەهاب)، (گۆران هەڵەبجەیی)، (کامەران ئیبراهیم)، (ئالان پەری) و زۆری تردا کاتێکی خۆشمان بە سەر برد. هەر دەمودەست بابەتێکم لەبارەی پیشانگاکەتەوە نووسی و لە کۆڕێکداپێشکەشم کرد، کە دەبێتە ناوەرۆکی ئەم نامەیەم.
تۆ له و هونەرمەندانەیت، کە چ لە هونەرەکەی خۆیان و چ لە هونەرەکانی دیکەیش ئاگادارن. هەمیشە لەگەڵ تۆدا دەتوانم بەبێ دوودڵی بۆچوونی خۆم دەرببڕم. ئه و هێمنییەت وام لێ دەکات، بەئاسانی سەرنجەکانمت پێ بڵێم، بەتایبەتی کاتێک ئه و سەرنجانە پێوەندییان بە بەرهەمەکانی خۆتەوە هەیە. زیاتر گوێ دەگریت، لەوەی بدوێیت، مەگەر جارجار لەبارەی سەرنجەکانمەوە شتێک ڕوون بکەیتەوە. وەک بڵێی بەچاکی لەوە تێگەیشتبێتی، کە تۆ لە ڕێگای ڕەنگ و هێڵەوە قسەی خۆتت کردووە و ئینجا نۆرەی منە لەبارەیانەوە بدوێم. لە بەرهەمەکانتدا هیچ شتێک نابینم، جیاواز نەبێت. هیچ خاڵێکم بەرچاو ناکەوێت، هیی ئەوە بێت بەئاسانی لێی تێبپەڕم و بەقووڵی بیری لێ نەکەمەوە. ئەم جیاوازییە گەورەیە جۆرێک پارادۆکسی لای هەندێک بینەر دروست کردووە، کە وا بزانن بەرهەمەکانت بە شێوەیەک لە شێوەکان لە یەکتر دەچن. لای تۆ تەکنیکێک هەیە، کە دەتوانم ناوی زۆربوون (Reproduction)ی لێ بنێم.
من ئەگەر (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین) کۆمەکی نەکردبام، له و پرۆسێسە نەدەگەیشتم و وام دەزانی جۆرێک لەیەکچوون لە کارەکانتدا هەیە. لە (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا ئەوە تێدەگەین، کە هەر گیاندارێک لە گیاندارێکی دیکە جیاوازە، با ئێمە لە شێوەی دەرەوەدا ئه و جیاوازییە بەڕوونییش هەست پێ نەکەین. هەموو زۆربوونێکیش شێوەیەکی ئەندازەییی هەیە. واتە دوو دەبێتە چوار و چوار دەبێتە هەشت و هەشت دەبێتە شانزدە و… هتد. لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە، کە تۆ لە کاتی بەرهەمهێناندا پشتت به و تیۆرییە بەستووە، بەڵکوو دەمانەوێت بڵێین هونەر ئەگەرچی تا ڕادەیەکی زۆر پرۆسێسێکی ڕوواڵایی (Spontaneous)یانەیە، بەڵام ئەوەی کار دەکاتە سەر قووڵیی ئه و هونەرە، بوونی دیدگای فەلسەفییە. کاتێک بە قووڵی سەرنج لە دنیا دەدەین، سەرنجەکانمان لەگەڵ سەرنجی هەموو ئەوانەدا بەر یەک دەکەون، کە بە قووڵی لە هەمان دنیایان ڕوانیوە. لێرەوەیە سەیر نییە، کاتێک دەبینین شێوەکارێک و شاعیرێک و ڕۆماننووسێک و فەیلەسووفێک بەبێ ئەوەی ئاگایان لە یەکتر بێت، سەرنجیان لە بابەتێکی هاوبەش داوە، بەڵام هەر یەکەیان بۆ گەیشتن بە قووڵاییی ئه و بابەتە، کەرەستە ی خۆی بەکار هێناوە. وەکوو چۆن لەیەکچوون لە سادەییدا هەیە، لە قووڵاییشدا چ لەیەکچوون و چ جیاوازی هەن، بەڵام ئەوەی قووڵایی لە سادەیی جیا دەکاتەوە، بوونی جیاوازییە لەنێوان قووڵایییەک و قووڵایییەکی دیکەدا، لە کاتێکدا ئاسان نییە تۆ جیاوازی لەنێوان سادەییەک و سادەییەکی دیکەدا بدۆزیتەوە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سادەیی لە جووڵە و ئاڕاستە بێبەشە. سادەیی لە ئاستی خۆیدا دەمێنێتەوە و کارلێک لەگەڵ شتەکانی دیکەدا دروست ناکات، بەڵام قووڵایی بەرهەمی جووڵە و ئاڕاستە ی شته جیاوازەکانە، کە دیدگای داهێنەر بزوێنەریانە، بۆیە سەرچاوەی هەموو قووڵایییەکیش، هەر سادەییە. بە مانایەکی دیکه، سادەیی لە ڕێگای کۆمەڵێک پڕۆسەسی گۆڕانەوە دەبێتە قووڵایی. ئەگەر داهێنەر دەتوانێت لە سادەیییەوە بەره و قووڵایی هەنگاو بنێت، بەڵام هیچ ڕێگایەک لە قووڵایییەوە نامانباتەوە ناو سادەیی. کاتێک لە ڕێگای هونەری تۆەوە (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)مان بیر دەکەوێتەوە، بە تایبەتی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ گیانلەبەر و چەمکی زۆربووندا، ئەوە ئەنجامی ڕوانینی قووڵی تۆ یە بۆ ئەم دنیایه، دەنا لە بەرهەمەکانتدا جەستە لەژێر دەستەڵاتی بایۆلۆژیادا نەماوە و وەکوو بوونەوەرێکی سەربەخۆ هەڵدەسووڕێت. (داروین) ئه و زۆربوونە بە (هەڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ەوه دەبەستێتەوە، بەوەی هەر گیاندارێک لەپێناو مانەوەدا لەگەڵ (ئەویدیکه) دا دەکەوێتە شەڕەوە بۆ بەدەستهێنانی شوێن و خۆراک. ئەنجام ئەوانەی هەڵگری جۆرە خەسڵەتێکن، کە لەگەڵ دەوروبەردا گونجاوە، دەمێننەوە. لای تۆ مانەوە بۆ ئەوانەیە، کە زیاترین ڕەگەزی هونەری لە خۆیان دەگرن. لەم تێگەیشتنەوە زیاتر لە گیانلەبەرە هونەرییەکانت نزیک دەبینەوە و جیاوازیی نێوان هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەوی دیکەیاندا هەست پێ دەکەین. دەتوانین ئەوە بێنینە بەرچاومان، کە تۆ خۆت زۆر خۆڕسکانە پرۆسێسی (هەڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ت گرتووەتە ئەستۆ و هەر خۆیشت ویستوو تە چ جۆرێکی گیاندار لەناو ببەیت و چ جۆرێک بهێڵیتەوە. بە مانایەکی دیکه، چی پیشانی ئێمە بدەیت و چیمان لێ بشاریتەوە. لای (داروین) گۆڕان خاوە. گیاندارەکان نەوە لە دوای نەوە دەگۆڕێن. کەواتە لەپاڵ شوێندا، کاتیش ڕۆڵێکی گەورە لەم گۆڕانەدا دەبینێت. هەردوو ڕەگەزی کات و شوێن لە بەرهەمەکانتدا کاریگەریی گەورەیان لەسەر پرۆسێسی ئه و گۆڕانەدا هەیە. ئەگەر لە شوێنێک خاڵێک نیشان بکەین و لە شوێنێکی دوورتر خاڵێکی دیکە، ئەوە بێگومان جیاوازیی ئه و دوو خاڵە بەئاشکرا هەست پێ دەکەین، لە کاتێکدا ئه و جیاوازییە لەنێوان خاڵێک و خاڵەکەی تەنیشتی، یان بە مانایەکی دیکە گیاندارێک و گیاندارەکەی تەنیشتیەوە، کەمتر دەدۆزینەوە.
بۆیەیش دەڵێین خاڵێک لە شوێنێکەوە دیاری بکەین و خاڵێکی دیکە لە شوێنێکی دوورتر و ناڵێین سەرەتا و کۆتایی، چونکە لای تۆ سیستەمی کرۆنۆلۆژییانەی مێژوو تێکشکاوە و لە شوێنیدا کاتی بازنەیی دامەزراوە، کە دواتر بۆی دەگەڕێینەوە. لە (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا شەڕی گیانلەبەر لەگەڵ سروشت لەلایەک و لەگەڵ جۆرەکەی خۆی لەلایەکی دیکەدا، بەندە بەوەی ئه و گیاندارە چ خەسڵەتێکی تایبەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە، تا بتوانێت لەم شەڕەدا بەهۆیەوە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. لێرەدا هەڵوێستەیەک دەکەین، بەوەی لەم پڕۆسێسی سەرکەوتنەدا خەسڵەتی جیاوازجیاوازی وەکوو هێز، خێرایی، زیرەکی، ئازایەتی، ڕەقیی ئێسقان، نەرمیی جەستە، جوانی و زۆری دیکە ڕۆڵ دەبینن، کە دەشێت یەکێک له و خەسڵەتانە لە دەوروبەرێکی دیاریکراودا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و مانەوە مسۆگەر بکات. لای تۆ ئەگەرچی وەکوو پێشوو ئاماژەمان پێ کرد، زۆربوون هەیە و بەندە بە خەسڵەتی هونەرەوە، بەڵام شەڕ لەپێناو مانەوەدا نییە، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ مانەوەی هەموو جۆر و ڕەگەزەکان.
دیسان مەبەستمان ئه و جۆر و ڕەگەزانەن، کە هەڵگری توخمی ئیستاتیکان، چونکە ئەوانەی هەڵگری ئه و توخمە نەبن، لەژێر کۆنترۆڵی هونەردا دەرناچن و ناگەنە لای ئێمە. ئەگەر لای (پلاتۆن) جەستە لەناو دەچێت و ڕۆح دەمێنێتەوه، دەمێنێتەوە و دوای گەیشتنی بە دنیای ئایدیاڵ بۆ جەستەیەکی دیکە دەگەڕێتەوە، ئەوا لە دنیای تۆدا جەستە لەناو ناچێت، کاتێک هەڵگری توخمی ئیستاتیکایە. کەواتە (جەستە گۆڕستانی ڕۆح) نییە وەکوو (پلاتۆن) بە گۆڕستانی ڕۆحی دەزانێت، بەڵکوو جەستە خۆی زمانی ڕۆحە و لەگەڵماندا دەدوێت. یان وەکوو (مێرلۆپۆنتی) پێی وایە جەستە نەک شتێک نییە له خۆمان جیاواز بێت، بگرە هەر خۆمانین و ئه و ڕێگایەمانە، کە تەعبیری پێ لە خۆمان دەکەین. ئەگەر جیاوازی لەنێوان ئێمە و جەستەماندا نییە، بەهەمان شێوە لەنێوان جەستە و شتەکانیشدا نزیکی و لەیەکچوون هەیه و یەکتر تەواو دەکەن. لە ڕێگای تێگەیشتن لە جەستەی خۆمانەوه، لە دەوربەرمان تێدەگەین. هەر دەربڕینێک لە جەستە، هاوکاتە لە دەربڕین لە دەوروبەر، بۆیە هونەر وەکوو شێوازێکی دەربڕین، بەرهەمی ئه و کۆنتاکت و ئەزموونەیە. دەگەینە ئەوەی بڵێین جەسته لای تۆ ڕێگایەک نییە بۆ دەربڕینی خود، بەڵکوو هەر خۆی خودە. لە یەک کاتدا (من) و (ئەویدیکە)یشە. کەواتە جەستە مانایه، بەوەی ڕووبەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی زیاترین وێنە. جووڵەی جەستە تەنیا بۆ ئەوە نییە جیاوازییەکانی خۆی نمایش بکات و لە بوونی خۆیمان ئاگادار بکاتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەیشە ڕووبەرێکی نەزانراو لە دەوروبەر ئاشکرا بکات. سەیر نییە ئەگەر تۆ زۆربەی کات جەستە بەڕووتی، یاخود با بڵێین لە دۆخی سروشتیی خۆیدا پیشان دەدەیت، به و مەبەستەی ڕاستەوخۆ جەستەیەک لەگەڵ جەستەیەکی دیکەدا بدوێنیت، بەبێ پەنابردنە بەر هیچ ئامڕازێکی پۆشینی وەکوو قوماش. بەپێی ڕوانینی (مێرلۆپۆنتی) ئەزموونی جەستەیەک لەگەڵ هیی جەستەیەکی دیکەدا هەمان شتە و بۆئەوەیە، که بڵێن هەردووکیان بوونیان هەیە. بە مانایەکی دیکە کۆنتاکتی ئێمە لەگەڵ (ئەویدیکه) دا، کۆنتاکتە لەگەڵ خۆماندا. ڕوانینی تۆ بۆ جەستە زیاتر لە ڕوانینی فینۆمینۆلۆجییانەی (میرلۆپۆنتی)یەوە نزیکه، بەوەی بەردەوامبوونی جەسته لەناو گەردووندا بەردەوامبوونێکی سەبجێکتیڤە، نەوەک ئۆبجێکتیڤ وەکوو ئەوسا لەگەڵ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا بەراوردمان کرد، بەتایبەتی لە چەمکی (زۆربوون)دا. ئەگەر ئێمە لای تۆ زۆربەی کات جەستەمان هەیە و پۆشینمان نییە، ئەوە ڕێک لە بەرانبەر ئه و کۆنسێپتەدا خۆمان دەبینینەوە، کە دەڵێت جەستە هەر خۆی زمانە. بەکارهێنانی گەڵا بە مەبەستی پۆشین لەجیاتیی قوماش و هەر مەتێریەڵکی دیکەی کیماوی، لەسەر ئاستی سیمبۆلدا پیشاندانی جەستەیە لە دۆخی سروشتیی خۆیدا، وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد. له و دۆخەی، کە جەسته هێشتا لە سروشت جیا نەبووبووەوه و بەشێکی دانەبڕاو بوو لێی. وەکوو ئەوەی لای (داروین) باس کراوە. دەگەینە ئەوەی بڵێین ناکرێت باس لە بەرهەمی تۆ بکەین و باز بەسەر چەمکی جەستەدا هەڵبدەین.
پیشاندانی جیاوازیی سەر، یاخود دەموچاو لەگەڵ باقیی جەستەدا، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هونەری تۆ، کە دەتوانم بڵێم لەپشت ئەم پرۆسێسەوە ئاگایییەکی فەلسەفی هەیە. ئەمە پرۆسێسی گواستنەوەی دەستەڵاتە لە بایۆلۆژییاوە بۆ وێنە. لێرەوە جەستە بەپێی یاساکانی بایۆلۆژیا بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی وێنەوە. لە ڕێگای ئه و پارادۆکسەی نێوان دەموچاو و باقیی جەستەوە خۆمان لە بەردەم ڕاچەنین و تێڕامانێکی قووڵدا دەبینیەوە. ئەگەر ناو لە دەموچاو بنێین (بەشی سەرەوه)، به و مەبەستەی لە (بەشی خوارەوه) ی جیا بکەینەوە، کە لە ملەوە دەست پێ دەکات، ئەوا دەڵێین کاتێک هەوڵ بدەین له ڕێگای بەشی خوارەوەوە بەشی سەرەوە بهێنینە بەرچاو، بێگومان بە لاڕێدا دەچین، بەوەی لە بەشی خوارەوەدا هێز و چالاکی بەدی دەکەین، لە کاتێکدا لە بەشی سەرەوەدا بێهێزی و خەمناکی دەبینین، هەر دەڵێی لەگەڵ دەموچاوێکی دیکەدا جێگۆڕکێی پێ کراوه و وەکوو حاڵەتێکی میتامۆرفۆزی دەرخراوە. ئه و کەرەستانەی لەم پرۆسێسەدا بەکار هاتوون، ڕنگ و هێڵن، کە جیاوازییەکانیان لەسەر جەستەدا پیشان داوە. لە بەشی خوارەوەی جەستەیشدا هەڵوێستەیەک دەکەین، کە تۆ زۆرینەی کات سنوورەکانی جەستە دەسڕیتەوە، بەوەی شتەکان لە ئاستی بینینی فیزیکییەوە بۆ ئاستی خەیاڵ دەگوازیتەوە. بە مانایەکی دیکه، ڕێگا نادەیت جەستە بخەینە ناو چوارچێوەی بینینمانەوە، لە کاتێکدا خۆت نەتخستووەتە ناو هیچ چوارچێوەیەکەوە. ئەمە هەر تایبەت نییە بە جەستەی گیانلەبەرەوە، بەڵکوو جەستەی شتەکانیش دەگرێتەوە، وەکوو پێشتر گوتمان لە ڕوانگەی (مێرلۆپۆنتی)ەوە جیاوازی لەنێوان جەستە و شتەکاندا نییە.
لێرەوەیە مێژوو لای تۆ پێکهاتەیەکی هەمەئاڕاستەی هەیە. واتە ئه و سیستەمی کرۆنۆلۆژییایەی، کە مێژووی فەرمی لەسەری وەستاوە، لەژێر زەبری هێڵ و ڕەنگدا تێک دەشکێت و بێژمار ئاڕاستەی دیکە بەرهەم دێت. بە مانایەکی دیکە، ناکرێت خاڵێک بۆ سەرەتا و یەکێک بۆ کۆتایی دەستنیشان بکەین، بەڵکوو وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، لەناو ئه و کاتە بازنەیییەدا شتێک نامێنێت بە مانای گەڕانەوە. ئەوەی هەیە ئاڕاستەیە لە وێنەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەبێ ئەوەی بتوانین لە ڕووی مێژوویییەوە یەکێکیان بخەینە پێش ئەوەی دیکەیانەوە. ئه و تەکنیکی (زۆربوون)ە، واتە بوونی ئاڕاستە لە وێنەیەکەوە بۆ هەر وێنەیەک لە وێنەکانی ناو ئه و بازنەیەدا، دەمانخاتە ناو سیستەمی گێڕانەوەوە، وەکوو ئەوەی لە ئەدەبی گێڕانەوەدا دەیبینین. جیاوازییەکە لە ئایکۆندایە، کە لە نووسیندا تیپەکان و لە هونەری شێوەکاریدا هێڵ و ڕەنگ و فیگەرەکانن. سەیر نییە ئەگەر یەکێک لە کارەکانت دووانزدە تابلۆی لە شێوەی لوولەی وەکوو قوماش بێت، کە بە مانای یادەوریی ساڵێک کێشاوتن. هەر ئەم شێوە لوولەیییە خۆی دەلالەتی بێسنووریی کاتە، بەوەی لەسەر ڕووی لوولەکدا ناتوانین شوێنێک بۆ سەرەتا و یەکێک بۆ کۆتایی دەستنیشان بکەین. لێرەدا ئێمه لە بەردەم شێوازی گێڕانەوەی فرەدەنگی (پۆلیفۆنی Polyphony) داین، بەوەی هەر کارەکتەرێک دەنگی سەربەخۆی خۆیی هەیە.
ئەگەر لە (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا هیچ نەوەیەک لە نەوەی پێش خۆی و هیچ لقێک لە سەرچاوەکەی ناچێت، ئەوا ئه و چەمکە لای تۆ لە شێوەی عیشقدا دەردەکەوێت، کە بە مانا پلاتۆیییەکەی ئه و عیشقە بە جارێ هەڵگری دژایەتی (Contradiction) و ململانێ (Conflict)یە. وەک سەرنج دەدەین لە هەر زۆربوونێکدا دوو توخم لەناو یەکدا دروست دەکەیت، کە له لایەک لە یەکتر دەچن و لە لایەکی دیکە جیاوازن. ئه و دووانە باوەش بە یەکدا دەکەن و لە ڕێگای ئاماژەکانی جەستەوە دایەڵۆگمان لەگەڵ دادەمەزرێنن، کە ئەم دایەڵۆگە وەکوو (میکایل باختین) دەڵێت مەرجی بوونی فرەدەنگییە. ئەگەر لە ئەدەب و هونەری ئێمەدا هەمیشە جەستەی مێیینە لە ڕێگای خەیاڵی نێرینەوە ئامادە کراوە، یاخود هێنراوەتە بەر چاو، ئەوە لای تۆ هەردوو ئاڕاستەکه لەناو ئه و سیستەمی فرەدەنگی و فرەڕەنگییەدا پێکەوە هەن، بەڕادەیەک ئاسان نییە سنووری جەستەی مێیینە و نێرینە لە یەکتر جیا بکەیەتەوە، کە وەکوو گوتمان لەناو گوتاری عیشقدا بوونەتە یەک.
سەرچاوەکان:[1]
Darwin, Charles, Arternes Oprindelse, oversat af J. P. Jacobsen, Jørgen Paludans Forlag, 1990.
Merleau-Ponty, Maurice, Om sprogets fænomenologi, Udvalgte tekster, Oversættelse, forord og indledning ved Per Aage Brandt, København, 1999.
Thøgersen, Ulla, Krop og fænomenologi, En introduktion til Maurice Merleau-Ponty filosofi, Danmark, 2004.3