$بۆچی شۆڕشی ژینا؟$
شەقامەکان پێویستیان بە تۆمار کردنە و تۆمار کردنەکان پێویستە لە دروشم و دەنگی هەڵبڕاوی گەنجانی ڕاپەڕیوەوە ببنە هەوێنی هزرین و هزرینەکان دەبێ وەبەرهێنەری مەعریفەی پەیوەست بە خۆیان بن. وەبەرهێنانی مەعریفەی شۆڕش پێویستیی بە دیسکۆرسێک هەیە کە خۆی تەنیا لە شرۆڤەی ڕووداوەکاندا نەبینێتەوە بەڵکوو ڕووداوەکان لە دەرۆچەی پاڕادایمێکەوە بخوێنێتەوە کە هاوکات لەگەڵ دابینکردنی کەرەستەکانی لێکدانەوە و خوێندنەوە، یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئامانجی شۆڕش و لەبار کردنی دەرفەت بۆ داڕشتنی تاکتیک و هەروەها ستراتێژیی شۆڕش. تایبەتنامەی شۆڕشی ژینا دەبێتە پلاتفۆرمی ئەو قەڵەمانەی شۆڕش کە لە پاڕادایمی کوردستانیبوونەوە هەوڵی بینین، خوێندنەوە و لێکدانەوەی دیسکۆرسیڤی شەقامەکانی کوردستان و ئێران دەدەن.
واتە ڕووداوەکان بەتەنیا پەیوەست نابن بە شوێن و کاتەوە بەڵکوو هەڵسوکەوتی ڕێفلێکسیڤی ئێمە لەگەڵیان دەتوانێ ئاستی قووڵایی، بەرینایی و درێژایی هۆکارەکانی شۆڕش، ئامراز و هەروەها بەربەستەکانی بەردەوامی و دوورەدیمەنەکان ڕوونتر بکاتەوە.
ئەوەی لەسەر شەقام ڕوو دەدات پەرچەکرداری نەوەیەکە کە ستەم و داگیرکاریی لەسەر گۆشت و خوێن و ناخ و کەسایەتیی خۆی ئەزموون کردووە و ئەمڕۆ ڕقی پەنگ خواردووی خۆی دەڕێژێت، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ داڕشتنی دوورەدیمەنی داهاتوو. ئەوەیکە داهاتووی شۆڕش چۆن بێت پەیوەستە بە پاڕادایمی زاڵ بەسەر شێوازی ژیان و هزرین، دەربڕین و کرداری ئێمەدا. ئەوەیکە ئێستا پێویستە، ڕوون کردنەوە و چوارچێوەبەست کردنی پارادایم، دیسکۆرس، ستراتێژی و تاکتیکەکانە بۆ ئەنجامگیرییەکی وەها کە لە گەورەترین ئاستدا زەروورەت، ویست و خواستەکانی نەوەی ڕاپەڕیوی ئێستا لەخۆیدا جێ بکاتەوە.
$تایبەتنامەی شۆڕشی ژینا بانگهێشتی هەموو ئەو قەڵەمانەی کوردستان دەکات کە داهاتووی ئەم ڕاپەڕینە وەک ڕزگاری کوردستان لە بندەستی و ئازادی مرۆڤی کوردستانی وێنا دەکەن.$ [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=438907&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خویندنەوەی ژمارە 0001ی شۆرشی ژینا=KTML_Link_External_End=