شاسوار مامە
ئێوارەی 23ی نیسانی 2021 دوو #سەما#کاری نیشتەجێیی هەرێمی کوردستان لە شەقامی سەهۆڵەکەی #سلێمانی# دەرکەوتن. بە سەمای باچاتا سەرنجی زۆریان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. ئەم سەمایە کە هاوکات بوو لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. تەنانەت کاردانەوەکان گەیشتنە ئه و ئاستەی ڕۆژی دواتر کۆمەڵێک موسوڵمان لە شوێنی سەمای دوو گەنجەکە نوێژی بەکۆمەڵیان کرد. دروستبوونی ئەم مشتومڕە لەسەر سەما، هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی سەما. ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ “شاسوار مامە” لەگەڵ سەماکار و مامۆستای سەمای هاوچەرخ کاروان عومەر دەربارەی ئەم بابەتە و سەمای هاوچەرخ گفتوگۆ یەکی ڤیدیۆیی ساز کردووە. کاروان عومەر لەم گفتوگۆیەدا باسی سەما و بەریەککەوتنی کولتووری لە کوردستان دەکات. هەروەها ئاماژە بە پەیوەندیی سەما لەگەڵ ئازادی دەکات و بەربەستەکانی بەردەم سەماکاران لە کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
کاروان عومەر دەڵێت، ڕیشەی ئەم کاردانەوانە دژ بە سەما دەگەڕێتەوە بۆ ئیسلام. سەما و موزیک لە دیدی ئیسلامدا بەدڕەوشتییە. ئەم دیدە کاریگەری لەسەر هونەرمەندانیش هەبووە و دۆخێکی دروست کردووە کە بە ئەشقەوە کار نەکەن. کاتێک لە شێوازی کاریان و لە بۆچوونیان بڕوانین، دەردەکەوێت کە سەما هیچ ئامانجێکی نییە لای مرۆڤی کورد، لە کاتێکدا سەما دەتوانێت کار لەسەر جەستەی تێکشکاو و پارچەکراوی کورد بکات.
بە گوتەی کاروان لە مێژووی کورددا لە کاتی هیچ ڕەشبەڵێکدا، ئایینزادەکان نەچوون لە شوێنی ڕەشبەڵەک نوێژی تەراویح بکەن. ئەوەی ئەم ماوەیە لە سلێمانی ڕووی داوە یەکەمین جارە.
(کاتێک کۆمەڵگە بڕیار دەدات کە تۆ ڕەشبەڵەک بکەی، ئیدی قەدەغە نییە. کاتێک تۆ لە ئێمەی – سەر بە حیزبی ئێمەی – سەر بە دینی ئێمەی هەر چی بیکەی دەتوانی! دەبێ خۆت ساخ بکەیتەوە؛ یان لەسەر حیزبێک یان لەسەر دینێک. بەڵام کاتێک تۆ ئازادی و بە ئازادی بیردەکەیەوە، مەترسیداری! سەماش خۆی لە خۆیدا کاتێک به تەنیا یان بە جووت دەکرێت، ئازادییەکی ڕەهای تێدایە. زمانی جەستە کار دەکات. چیرۆک دەگێڕیتەوە. ئەمە جیاوازە له و سەما فۆلکلۆرییە ی هەر لە منداڵییەوە کردوومانە.)
کاروان عومەر دەڵێت، کاتێک شێوازێکی نوێ دێت، کەواتە ئه و مرۆڤە بە دوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێت. ترس لە ئازادبوون و ترس لە کرانەوە، هەمیشە لای مرۆڤە دۆگما و کۆنەپارێزەکان هەبووە. 25 ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی سەماکاری، منیش لە کوردستان بە بێڕەوشت ناوبراوم.
(شتێک هەیە بە ناوی ئازادیی هەڵبژاردن. لە ئەورووپا ئازادیی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام لە کوردستان نییە. ئه و کە شتێکی هەڵبژارد، دەیەوێت تۆش هەمان شت هەڵبژێری. ئەمە ئازادیی هەڵبژاردن نییە. ڕێگە بەوە دراوە پێنج هەزار مزگەوت هەبێت، بەڵام ڕێگە بە سەما نادرێت. لە هەرێمی کوردستان یەک هۆڵی سەما نییە بە پێوەرە ستانداردەکەی.
کاروان عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سەما تاکی ئازاد دروست دەکات. ئەوانەی دژی سەمان دەیانەوێت تاکی ئازاد دروست نەبێت.
(مرۆڤ کاتێک سەما دەکات، گوزارشت دەکات. کاتێک لەسەر ڕیتم و موزیکێک بوو کە بەدەر بوو له و ڕیتمە باوەی کە هەیە، جۆرێک لە دەربڕین دروست دەبێت. هەست و سۆز تا ئاستی ئیرۆتیک تێکەڵ دەبێت. هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە بڵێین ئیرۆتیک لە سەمادا نییە. تەنانەت ئیرۆتیک لە هەڵپەڕکێی کوردیشدا هەیە، بەڵام ونە. چونکە هەموومان دەستی یەکتر دەگرین. مرۆڤ سووڕی خوێنی هەیە. شاخوێنبەر و شاخوێنهێنەرەکان وزە دروست دەکەن. کاتێک وزە دروست دەبێت، مرۆڤ دەیەوێت بجووڵێت. مرۆڤ پێش لەدایکبوون و دوای لەدایکبوونیش دەیەوێت بجووڵێت. سەما هەر لە کۆنەوە هەبووە، لەوە دەرچووە ئێستا بێن لەسەر شەقام بە من بڵێن سەما حەرامە. ئەوەی وەها دەڵێت خۆی کاتێک قسە دەکات بەبێ ئەوەی پێی بزانێت بە جەستە و جووڵەی دەموچاوی جوانترین سەما دەکات. سەما و جەستە چیرۆک دەگێڕنەوە.)
دەربارەی سەمای هاوچەرخ کاروان عومەر دەڵێت، له و کاتەوەی مرۆڤ ڕووی لە فێرگەکان کردووە بۆ فێربوونی سەما و تەکنیکی بۆ داناوە، سەما بووەتە هونەر.
(لە سەدەی پازدەوە کە لە وهڵاتێکی وەک ئیتاڵیا لەناو کۆشکەکان وانەی سەما دەگوترایەوە، سەما بوو بە هونەر. سەما له و کاتەوە هونەرە کە چیرۆکی تێدا بەکاردەهێنرێت، دیکۆری بۆ دەنەخشێنرێت، جلوبەرگ و ماکیاژی بۆ دادەنرێت و یەکانگیر دەبێت لەگەڵ مۆسیقا. سەما له و کاتەوە هونەرە کە چەندین ئەکادیمیا بۆ سەمای ئەکادیمی، سەمای فلامینکۆ، سەمای تانگۆ، سەمای باچاتا و سەمای ڕۆژهەڵاتی کراونەتەوە. زیاتر لەبەرئەوە دەگوترێت کە هونەرە، مرۆڤ لە جەستەی خۆی تێدەگات و فێری تەکنیکی ئه و جۆرە سەمایانە دەبێت.)
کاروان باس لەوە دەکات به گشتی سەما زمانێکی هاوبەشی هەیە و هەموو کەس لێی تێدەگات. پەیوەندی بە هەست و سۆزەوە هەیە کە لە ڕێی زمانی جەستەوە گوزارشت دەکات.[1]