گەر پۆلیسەکە نەیکوشتبام
دەقی پەخشان: #ڤینۆس فایەق#
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
نەفرەت لەو پۆلیسە، گەر لە سەرمی نەدابایە، ئەمڕۆ دەمتوانی هەموو شتێکی ئەم وڵاتەم بەبیربهاتایەتەوە، کە بیست و پێنج ساڵە دڵی ڕەشی پۆشیوە و بەئیرادەیەکی بەرزەوە خۆی نیشان دەدات، چونکە پێی وایە ئاسۆیەکی نوێ لەچاویەوە دوور نییە، بەڵام هێندەم بیردێتەوە بە ئامۆژگاریی ناو کتێبەکەم کرد، چارشێوەکەم بە سەرمدادا و درزی مەمکم شاردەوە، لەگەڵ دایکمدا بۆ بازارکردن لەناو تارانی پایتەخت ڕامکرد، کە بەتاسەی پیاسەیەک بووم تیادا لەگەڵ براکەمدا، تاوەکو ئەو پۆلیسە کورتەبنەیە لە ناکاو دای بەسەرمدا.
ئاە براکەمم بیرکەوتەوە، ئەو پۆلیسە لەعنەتیە لە ئەویشی داو لێمی دورخستەوە، کاتێک دەستمی گرتبوو تاوەکو نەمخەنە ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئەخلاق و لەگەڵ کارتێکی بەلاش بە ڕەنگی خۆێن بمنێرن بۆ ئەو دونیا.
ئەگەر ئەو پۆلیسە نەفامە زۆر بە دڕندانە پەلکێشی ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئەخلاقی نەکردبام، ئێستا لە ماڵەکەی خۆمدا بە کراسە مۆرەکەمەوە دانیشتبووم و قژە ڕەشە درێژەکەم دادەهێنا و دەمکرد بە کەزی و لێواری کراسە مارۆنێکەمم بە بۆنی گوڵە بەیبون و سەوسەن و جریوەی چۆلەکە و هاژەیی ڕووبار دەچنی و گوێم لە گۆرانییەکانی خالقی کە عاشقی دەنگیم و حەسەن زیرەک کە ڕۆژێک پێش کوشتنم سەردانی گۆڕەکەیم کرد دەگرت.
هەنوکە لەسپێتیی بەیانیان و قرچە قرچی ئاگری ناو ئاگردانەکەی بەر پێم سەرپۆشێکم دەدوری، بەڵام نەفرەت لەو پۆلیسە.
ئەگەر ئەو پۆلیسە گەمژەیە بەو دڕندەییە ڕاینەکێشامایە، وا بەتوندی لێی نەدامایە، منی مرۆڤ و ئەوی گیاندارێکی درندەی کوێر بە کەڵبەی گورگەوە پەلاماری نەدابام، ئێستا لە ژورەکەمدا دانیشتبووم و سەرم خستبووە سەر کتێبێکی مێژوو، شکۆمەندەکانی ڕابردووی گەلەکەمم دەخوێندەوە، دەنگە خنکاوەکانی ئەمڕۆمان، ناڵەکانمان کە سنگمانی گوشیوە و چیرۆکی ئەو چڵە قژەی کە کۆتایی بە ژیانم هێنا.
پۆلیسی گەمژە، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە قوماشی خۆشەویستی پۆشاکم بۆ شەش منداڵەکەم کە دمهێنانە ژیانەوە، لە کەتانی بەختەوەری شەڕواڵ بۆ کوڕەکانم لە پەمۆی خۆشبەختی کراس بۆ کچەکانم دەدوری، فێرم دەکردن چۆن ژیانیان خۆش بوێت و ڕێز لە مرۆڤایەتیی خۆیان بگرن کە کوشتنی ئاسانترە لە وەستانییان لەبەردەم ئاوێنەیەکدا و ناشرینی ناخیان پێشان بدات.
بەنەفرەت بیت، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە یەکێک لە سوچەکانی ماڵەوەمان دور لە چاوی دایک و باوک و براکەم خۆم حەشاردەدا و لە وشە ئاوریشمیەکان پەیامێکم بە هەموو ڕەنگەکانی پەلکە زێرینە دەنووسی، بە گاڵتە بە خۆشەویستەکەم دەوت خۆشم ناوێت، بەپەلە دەمسڕییەوە و بۆم دەنووسی کە چەندە خۆشم دەوێت و چەندە ئاواتە خوازم لە نێو کۆڵانەکانی شارەکەمان (#سەقز#) پێکەوە ون ببین.
ئەگەر ئەو گەمژەیە نەیدەکوشتم، هەنووکە خەونەکانم بە دارتێلی گەڕەکەکەماندا هەڵدەواسی و ئاواتەکانم لەناو گوڵدانی بەختەوەریدا دەچاند و هەموو ڕۆژێک بە ڕوونی و شێنایی ئاوی قەزوین ئاوم دەدان.
ئەگەر چارەنووس لەو ڕۆژە شومە ڕەشەدا ئەو پۆلیسەی نەدەهێنایە سەر ڕێگەم، ئێستاکە پزیشکێک دەبووم و تێماری نەخۆشەکانم دەکرد، یان پارێزەرێک دەبووم و بەرگریم لە ستەملێکراوەکان دەکرد، یاخود هونەرمەندێکی شێوەکار دەبووم و بە ڕەنگە بێزراوەکان تابلۆی نەفامیتانم دەکێشا، یان گۆرانیبێژێک دەبووم و تراژیدیاکانی ژیانمان دەکردە گۆرانی، یان تەنانەت سەمام دەکرد وەک ئەوەی پێتان بڵێم چەندە مرۆڤم و شایەستەی ژیان و مردنێکم کە شایستەی میهرەبانییەکەم بێت.
ئاە ئەی نەفرەت لێکراو، ئەی پێغەمبەرەکەتان وەسیەتی بۆ نەکردوون کە لەگەڵ شووشە عەترەکان میهرەبان بن، کە ئێمەی ژنین، کە دەڵێت: ڕفقاً بالقواریر؟
ئەگەر بە پرچم پەلکێشت نەکردبام، ئێستا نەدەبوومە هەزاران پارچە شوشەوە، کە ئەستەمە بۆتان کۆیانبکەنەوە، دەنگم بڵاو نەدەبووەوە و نەدەگەیشتە هەموو مەملەکەتەکەتان کە بە ئێسک و پروسکی شەهیدان هەڵتانچنیوە.
دەبینیت پۆلیسی گەمژە، کە چۆن دەنگم چووە ناو قوڕگی ملیۆنان کەس، توڕەییم چووە ناو دڵیان و ئازارەکانم بوونە شۆڕشێک کە پەردەی لەسەر بۆگەنییەکانتان هەڵماڵی و بۆنی ڕزیوتانی بەهەموو نیشتماندا بڵاوکردەوە و زەنگی لەناوچوونتانی بەم نزیکانە پێیە؟[1]
لەزاری #ژینا ئەمینی#، یان مەهسا ئەمینی کوردەوە.