چاوپێکەوتن: ئازاد کەریمی
1-تکایە خۆتان بناسینن، ناو، خوێندن، باری خێزانی و...
ناوم هاوڕێ قادر ڕەسوڵ-ە، بە هاوڕێ باخەوان ناسراوم. لە 28-02-1966 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایبکبووم.
هەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی – ڕشتەی وێژەییم تەواوکردووە. پاشان لە زانکۆی موسڵ بۆ ماوەی 4 ساڵ یاسام خوێندووە و بەکالۆریۆسم وەرگرتوو.
ساڵی 1992 لە ڕێی لوبنانەوە هاتوومەتە هۆڵندا و تاوەکو ئێستا (2022) لەوێ لەگەڵ هاوژینەکەم خاتوو بەناز جۆڵا و هەردوو منداڵەکانمان میتان و ئارتین لەوێ دەژین.
لە هۆڵندا ساڵانێکی زۆر لە دادگای نێودەوڵەتیی یۆگۆسلاڤیای پێشوو و کۆسۆڤۆ کارم کردووە.
لە 2021ەوە کاری خۆمم تەرخان کردووە بۆ ڕێکخراوی کوردیپێدیا.
2-لە کەیەوە جەنابتان کوردیپێدیاتان دامەزاندووە و بەڕێوەبەری ئەو ڕیکخراوەن؟
پێش دامەزراندنی کوردیپێدیا، لە ساڵی 1995ەوە دەستمکردووە بە کاری ئەرشیڤی دیجیتاڵی. بەرهەمی ئەو کارانەی کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی بیست بووە، پەڕتووکی هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد، کە دەزگای سەردەم لە سلێمانی لە 1999 چاپ و بڵاوی کردەوە. هاوڕێنامە تا ئەوکات و (وابزانم) ئێستاش گەورەترین کڕۆنۆژیانامەی کوردییە.
پاشتر هەر بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو سەرمایە دیجیتاڵییەی هەمە، بیخەمە بەردەستی هاوزمانانم. لە ساڵی 2008 یەکەم بابەتی کوردیپێدیام تۆمارکرد و لە مانگی 11ی 2008 ئۆنلاین بوو.
سەرەتا هەر خۆم کارەکانم دەکرد. پاشتر بووە کارێکی ڕێکخراوەییی نەتەوەیی و ئێستا (2022) کوردیپێدیا زۆرتر لە بیست هاوکاری ئەرشیڤوانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە و کارەکانمان زۆرتر پیشەییە. ڕۆژانەش دەیان هەزار سەردانکەرمان هەیە و سوود لە بابەتە ئەرشیڤکراوەکانی کوردیپێدیا دەبینن.
3-بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی پیشەیی ئێوە، دەپرسم کارو چالاکییەکانتان چ ڕۆڵیکی هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگادا؟
ڕۆڵی کوردیپێدیا و من ڕۆڵێکی خەمخۆرانەیە بۆ پاراستنی ئەرشیڤی نەتەوەییمان. بەشێوەیەکی سەردەمییانە بابەتەکان پۆلێن دەکەین تاوەکو لە فەوتان بۆ نەوەکانی داهاتوومان بیانپارێزین.
4-ئایا جەنابت خۆشحاڵیت بە کار و چالاکییەکانت وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کوردیپێدیا؟
نەک تەنها بۆ من! بەڵکو بۆ زۆرێک لە ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا، کوردیپێدیا بووەتە بەشێکی گرنگی ژیانمان. ڕۆژانە و بەردەوام کاری تێدادەکەین. هەستدەکەین کە هەین و کارێکی گرنگ پێشکەشی نەتەوەکەمان دەکەین.
کوردیپێدیا، منی لە باری دەروونییەوە لە تاراوگە زۆر ئاسوودە کردووە. بەهۆیەوە بەردەوام نزیکم لە خەم و ئازاری نەتەوەکەمەوە. دەزانم چی ڕوودەدات و بۆچی ڕوودەدەن.
5- تۆ مێژوو و یاسات خوێندووە. مێژوو و لۆژیکی یاسا لە کولتوری ئێمەدا چین؟ ئایا دەکرێت پەیوەندییەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەبێت؟
لە تێڕوانینی منەوە مێژوو سەیوانی تەواوی تۆژینەوە مرۆڤایەتییەکانە. هەموو شت دەبێتە مێژوو، تەنانەت ئەم وشانەی ئێستا دەیاننووسم پاش چەند چرکەیەکی تر دەچنە ڕابردووەوە. ڕابردووش مێژووە. یاساش بە هەموو جۆرێک لە خزمەتی دروستکردنی مێژوویەکی باشترە لە لایەنە فەلسەفییەکەیەوە.
بژاردەی من بۆ خوێندنی یاسا لە هەشتاکانی سەدەی بیست، کارێکی باش نەبوو! من دەمێکە خۆمم ناسیوە و حەزم بە مێژوو و مێژوووانی کردووە. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ خوێندنی یاسا، زۆرتر گرنگیم بە خوێندنی مێژوو داوە. چەند پەڕتووکێکیشم لەسەر مێژوو چاپ و بڵاوبووەتەوە.
راستی ئەوی ئێستا کە هاوکاران و من لە کوردیپێدیا دەیکەین مێژوووانییە. چونکە ئەرشیڤیش واتە مێژوو یان بەشێکی زۆر گرنگی مێژوو.
6- تکایە، پێمان بڵێ کوردیپیدیا چییە. بۆ دامەزرا؟ جیاوازی چیە لە نێوان کوردیپێدیا و ویکیپیدیای کوردی؟
کوردیپێدیا، کۆکراوەی بابەتگەلێکی زۆری پەیوەست بە کوردستان و کوردەوەیە. ئەم بابەتانە بوونەتە داتابەیسێکی گەلێک گەورەی ئێمە. لەم ڕۆژانەدا ژمارەی بابەتە تۆمارکراوەکانی کوردیپێدیا گەییشتە 400 هەزار بابەت و زۆرتر لە 15 هەزار کتێبمان لەسەر کوردستان و کورد ئۆنلاین کردووە کە، سوودێکی زۆری بۆ خوێنەران، توێژەران و خوێندکاران هەیە.
گرنگ بوو ئێمەش وەک نەتەوەکانی تر، بنکەیەکی ئەرشیڤیی دیجیتاڵیمان هەبێت. کوردیپێدیا، تاڕادەیەک ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە.
کوردیپێدیا، هیچ پەیوەندییەکی بە ویکیپێدیای کوردییەوە نییە. کاری ئێمە تەنها پەیوەستە بە کوردستان و کوردەوە. هی ئەوان تێکەڵەیەکە لە کورد و ئەوانی تر.
لە ویکیپێدیا هەموو کەس دەتوانێت بابەت تۆماربکات. بابەتەکان ئەوەندە زۆرن کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە! هەربۆیە ویکیپێدیا زانیارییەکانی بەگشتی نیشانەی پرسیاری لەسەرە. هەموو کەس دەتوانێت بەهۆی ویکیپێدیاوە (ماڵپەڕێکی ویکی-میدیا) بۆ خۆی بکاتەوە و بابەت تۆماربکات.
کارەکانی ئێمە جیاوازترە. بابەت لە کوردیپێدیا ناچیتە بەردەستی خوێنەر، تاوەکو چوار چاو و دوو مێشک نەیبینێت. دیارە بەوەشەوە هەندێک هەڵە ڕۆیشتووە بەسەرماندا و بەردەوام خەریکی باشترکردنی بابەتەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانین.
دەستخۆشیم بۆ هاوکارانی ویکیپێدیای کوردی کە کارێکی باش دەکەن و کەم و زۆر پەیوەندیمان پێکەوە هەیە و زۆرجاریش داوای زانیارییان لە ئێمەکردووە. ئێمەش ئەو بابەتانەی ئەوان کە بەکەڵکی پڕۆژەکەی ئێمە بێت لێیان وەردەگرین و ئاماژەش بە ویکیپێدیا دەکەین وەک سەرچاوەکەی.
7-ئەو ئاستەنگ و ڕێگریانە چین کە لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کوردیپێدیا بوونەتەوە؟
هەموو پڕۆژەیەک ئاستەنگیی بۆ دروست دەبێت. کوردیپێدیاش بە هەمان شێوە. کارەکانی ئێمە فرە زمانە، ئەو زمانانە هەریەکەیان جۆرە سکریپتێک بەکاردێنن. بۆ نموونە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و زارەوە و بنزارەکانی تر لە کوردیپێدیا هەن. ئەمانە هەریەکەیان ڕێنووسەکەیان جوودایە. ڕێکەوتنی تەواو لەسەر ڕێنووسی کوردی نییە. هەریەک بە ئارەزووی خۆی دەنووسێت و تۆماردەکات. دیارە پڕۆسەی پۆلێن کردن و گەڕانیش ئاسان نابێت. نموونە بە هەزارانە. ئەگەر بابەتێک لە کوردیپێدیا بە کەرکووک تۆمارکرابێت و تۆ بە دوای کەرکووک-دا بگەڕێیت بابەتەکەت دەستناکەوێت! بەڵام لەماوەی 15 ساڵ کارکردنمان لە کوردیپێدیا زۆر لەو کێشانەمان چارەسەرکردووە. بەڵام دیارە کێشەی تریش زۆربوون و هی تریش دێنە پێشەوە.
8-چۆن بزانین کوردیپیدیا سەرکەوتوو بووە و بە سەرکەوتوویی دەمێنێتەوە؟
بۆ من ئاسان نییە بڵێم کوردیپێدیا سەرکەوتووە یان نا. بە سەرکەوویی دەمێنێتەوە؟
بەڵام بەپێی ئەو داتایانەی لامانە؛ کوردیپێدیا سەردانکەرێکی زۆری هەیە ڕۆژانە دەیان کەس بابەت، کتێب و بیۆگرافی و شتی تر بۆ کوردیپێدیا دەنێرن بۆ تۆمارکردن.
مانگی چواری 2022، ماڵپەڕەکەمان گواستەوە بۆ سێرڤەرێکی باشتر و چەند ڕۆژێک لەکارکەوتین، لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا سەردانکەرانی کوردیپێدیا زۆر نامە و تەلەفونیان بۆ هاوکارانم و من دەکرد و داوای گەڕانەوەی زووی ماڵپەڕەکەیان دەکرد.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دواشت دەڵێم؛ لە کوردیپێدیا تاوەکو ئێستا زۆرتر لە 12 ملیۆن جار کتێب داونلۆدکراوە!
9- من دەمەوێت پرسیارێکی گشتی بکەم بەڵام وەڵامێک لە ڕای تایبەتی خۆتەوە... کورد چی لە خەڵکی تر کردووە؟ گەلی کورد هەمیشە لە خاکی خۆیدا ژیاوە. بۆچی دراوسێی کورد وا دوژمنانە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن؟ بۆ نموونە بۆچی زمانی کوردی دەبێتە هۆی ئازارێکی وا بۆ ئێران و تورکیا و هەندێک وڵاتی تر؟ بۆچی وشەی کورد و کوردستان هۆکاری ئەم کاردانەوە ئاشکرایانە دژ بە گەلی کورد و خاکی کوردستانە؟
پرسیارێکی جوانە و وەڵامەکەی زۆر درێژە! من لێرە و لەوێ لە دوو توێی کتێب و وتارەکانمدا زۆر لەسەر ئەمە دوواوم. بە کورتی دەڵێم نەتەوەکانی سەردەستی ئێمە هەموو کوردۆفۆبیایان هەیە بەم شێوەیە:
فارس، هەمیشە ترسی بەرامبەر زمان و کلتووری ئێمە هەبوو، چونکە ئێمە ئەگەرچی ژێردەستی ئەوانین بەڵام لە بواری زمان و کلتووردا هەمیشە باڵادەست بووین. زمانی ئێمە لە هی ئەوان کۆنتر و پاراوتر و پاکژترە. هی ئەوان لە سەدا هەفتای عەرەبییە!
موزیک و چاندی ئێمە هەزار بەرابەری شانامە و کارە هونەری ئەدەبییەکانی ئەوانە، لێ ئەوان خزمەتی دەکەن و هی ئێمەش بە مەبەستەوە فەرامۆشکراو. بۆیە هەردەم ترسی گەورەیان بەرامبەر زمان و چاندی ئێمە هەیە.
تورک، لە فارس خراپتر، تەنها سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی بخوێنەوە، بۆت دەردەکەوێت کە ئەو گەرماوە تورکییەی کە ئێستا ناوبانگی دەرکردووە پێشتر هی ئێمە بووە! قاوەی تورکی پێشتر کوردی بووە، سێ چارەکی موزیک و ئاوازە تورکییەکانی ئێستا هی کورد بووە! ئەوان بەدەستی بەتاڵ هاتنە ئەنادۆڵ و چاند و کلتووری ئێمە و ئەرمەنیان دزی. ترسی ئەوان چەسپاندی ئەو دزییەیە بۆی هەردەم دژایەتیی ئێمە دەکەن.
عەرەب، کێشەی زمانی لەگەڵ ئێمە نییە، کێشەی عەرەب کێشەی زەوی و ئاو و ژمارەی دانیشتوانە! لەم ساڵانەی دوواییدا کێشەکە گەورەتر بووە. ئێستا بەهۆی ئەو کێشەیەوە ژمارەیەکی زۆر عەرەب هاتوونەتە باشووری کوردستان. هەمیشە لە دژایەتیی کوردا بوون تاوەکو ئەوەی کە خۆیان نییانە و لای ئێمە هەیە لێمان زەوت بکەن.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر کێشەکە خۆمانین! خۆمان ناناسین، دوژمنمان ناناسین، یەکگرتوونین، دڵسۆزی وڵاتەکەمان نین. لە هەمووی گرنگتر بەرژەوەندیی هاوبەشمان لەگەڵ یەکتر نییە! چونکە دامەزراندنی دەوڵەت پەیوەندیی بە خاک، ئاو، ئایین و ئەو شتانەوە نییە کە زۆر باون. بەڵکو پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی هاوبەشەوە هەیە.
10-پێشکەوتنی زمان و ئەدەبی کوردی چۆن دەبینن؟
وەک پێویست نییە، باشووری کوردستان بە نموونە ئەو هەموو زانکۆیە هەیە! دەبووایە لەسەر گەورە و بچووکی بابەتە زمانی و ئەدەبییەکانی تێزی زانستی بنووسرانایە! بەڵام کەچی تاوەکو ئێستا ئەو ڕێنووسە خراپەمان هەیە و کاری بەهەندی بۆ نەکراوە.
11-پرسیارێکی جەوهەری: ئایا فەرهەنگ و زمانی کوردی نامێنێت یان گەشە دەکات؟
ئێستا، بەهۆی تەکنەلۆجیای نوێوە بارودۆخ گۆڕدراوە. گووگڵ ترانسلەیشن بۆ دوو زاراوەی گەورەی کوردی وەرگێڕان دەکات لە دەیان زمانی تری جیهانییەوە.
پێم وانییە زمان و ئەدەبی ئێمە بەرەو نەمان بچێت، بەڵام دەبێت زۆرتر خزمەتی بکەین، دڵسۆزی بین تاوەکو ڕوو لە خواری نەکەن. بەتایبەتی کە فارس و تورک بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کار بۆ نەهێشتنی زمان و ئەدەبی ئێمە دەکەن.
12- تێڕوانینت چییە بۆ کولتوور دەبینیت، لە جیهاندا؟
کلتوور، ژیان و مێژووی نەتەوەکانە. بەبێ ئەوە ژیان بوون و بەهای نامێنێت! تێبینیی من نەتەوەکانی تر زۆرتر بایەخ بە کلتووری خۆیان دەدەن، لای ئێمە بەو شێویە نییە. کۆمەڵگەی ئێمە گۆڕانکاریی سەیر و زووی بەسەردادێت. بۆ نموونە جلی کوردی لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوو تەواو گۆڕدراوە، ئەو نەخش و پەراوێزە جوانانەی لەسەر چۆغە و شەڕواڵی کوردی هەبوو هیچیان نەمان! سەیری دزداشە و عەگالی عەرەب بکە وەک خۆیەتی! قات و کاراڤاتی ئینگلیز وەک خۆیەتی!
ئێمە لە کوردیپێدیا، ئەم ماوەیە گرنگییەکی باش بە کلتووری نەتەوەیی خۆمان دەدەین. چەندین پۆلی گرنگمان دروستکردووە و زانیارییەکان دەپارێزین، لەوانە؛ خواردنی کوردی؛ نەریت؛ مەتەڵ؛ کلتوور و فۆلکلۆر و زۆری تر.
13-ئایا ئێوە دەتوانن ببیتە بەشێک لە بزووتنەوەی کولتووری بۆ جوڵانی گەنجان یان نەوەی نوێ لە وڵاتەکەت و هتد؟
ئەگەر مەبەستتان کوردیپێدیا بێت، ئەوا لەم کاتەدا نزیکەی 10 گەنجی ئەرشیڤوان لە کوردیپێدیا کاردەکەن و ڕۆژانە لەناو خەڵکدان و بابەت و زانیاری کۆدەکەنەوە. بەڵێ!
14-چۆن دەتوانیت یارمەتی جیهانەکەمان بدەیت ببێتە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان؟
ئەمە کاری کەس و دووان نییە، کاری سیستم و ڕێکخراوەکانە. ئاشتی ئاسان نییە! یان بۆ ئێمەی کورد ئاسان نییە! کاتێک ئاشتی دێتە کایەوە ئێمەش وەک تورک، فارس و عەرەب خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین. بەبێ دەوڵەت ئاشتی درۆیەکی گەورەیە. [1]