ئا: ڕێژەن سەدار
شوان عەبدولڕە حمان، خاوەنی تۆمارگەی ئۆسکار ئاماژە بەوە دەکات کە ئه و کەسانە لەشاری #سلێمانی# تۆمارگەیان هەبووە ناچار بەهۆی بێ بازاڕییەوە دوکانەکانیان داخستووە، ئەو دەڵێت دەتوانم بڵێم تەنها من ماوم کە سەرقاڵی ئەم کارە بم.
شوان ڕایگەیاند لەساڵی 1970 تۆمارگای ئۆسکاری دروستکردوەو بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ حەزو خولیای مناڵی، ئەو وتی ئێمە لەماڵەوە هەمیشە ڕادیۆو تەجیل و گراممان هەبوو، بۆیە لەساڵی 1970 بڕیارمدا بیکەم بەپیشەی خۆم.
وتیشی لەساڵی 1970 ئه و کاتە بەکرە باو بوو، ساڵانی دواتر بوو بەکاسێت، دواتر بوو بەسی دی و دی ڤی دی، ئێستا ئەوانە نەماون، بووە بەمیمۆری.
شوان کە دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی، باس لەوە دەکات لەساڵانی 1970 بەدوا داواکاری لەسەر گۆرانی و موزیک زۆر زۆر بوو، بەتایبەتی گۆرانییە کوردییەکان، ئەو وتی ئێمە زۆر گرنگیمان بەهونەری کوردی داوە، ئێمە هەمیشە کارمان کردوە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمە فۆلکلۆرییە کۆنەکانمان، بەڕاستی پێمانوایە ئه و بەرهەمانە کەلەپورو مێژووی میللەتی کوردهن، هەموویمان زیندوو کردۆتەوه و پاراستومانه و بەرهەمەکانمان نوێ کردۆتەوە، دەتوانم بڵێم ئەرشیفیکی زۆر باشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا دواکارییان لەسەر نیە.
وتیشی لەئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی ئەنتەرنێت و تەکلەنۆژیا خواست لەسەر سی دی و کاسێت نەماوە، دەتوانم بڵێم ئەم پیشەیە لەتەواو بووندایە، ئه و کەسانەی لەشاری سلێمانی سەرقاڵی ئەم پیشەیە بوون ناچار بەهۆی بێ بازاڕییەوە دوکانەکانیان داخستووە، دەتوانم بڵێم تەنها من ماوم کە سەرقاڵی ئەم کارە بم، لەئێستادا ئەگەر کەسێک داوای بەرهەمێک بکات بەمیمۆری دوای دەکات، بەجارێک 200 کاتژمێر گۆرانی دەخاتە میمۆرییەکەوە، تەنانەت ئۆتۆمبێلی مۆدیل نوێ شوێنی سی دی تێدا نیە، ئەگەر کەسێک سی دی بکڕێت لەبەر بەرگەکەیەتی بۆ جوانی دایدەنێت، ئێستا هیچ هونەرمەندێکیش سی دی دەرناکات چونکە ئه و پارەیەی سەرفی دەکات بۆی ناگەڕێتەوە، تاکە هۆکاریش کە بۆتە هۆی ئەوەی دوکانەکە نەگۆڕم بەشتێکی تر، دانیشتنی هاوڕێ و دۆستانم بووە، دڵم نایە هەرگیز دەستکاری دوکانەکەم بکەم یان پیشەکە بگۆڕم، ئەم کارە زیاتر حەزو خولیایە، گوێ نادەم بەوەی دەستکەوتی مادی دەبێت یاخود نا.
شوان ئەوەشی ڕونکردەوە لەساڵی 1970 کە دوکانی هەیە تاکو ئێستا ڕێگەی نەداوە هیچ بەرهەمێکی کۆپیکراوی هونەرمەندان بێتە دوکانەکەیەوە، ئەو وتی بەرهەمەکانم هەمووی ئۆرجیناڵە، تەنها هەندێک بەرهەم کە دروست نەکراوە یاخود ئۆرجیناڵەکەی لەعێراق و کوردستان نیە، ناچار کۆپی دەکەین، سەردانی چەندین وڵاتیشم کردوە تاکو کۆپی ئەسڵی بەرهەمی هونەرمەندان بهێنم.[1]