کورد و ئایینی زەردەشتی
بەڕای مێژوونووسان، لەدوای هاتنی سرووش بۆ #زەردەشت# و بوونی بە پەیامبەر، لە ڕێگەی بانگەوازەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی دا و بەرەو ناوچەکانی تر بەڕێ کەوت، بەهۆی بانگەوازەوە لە ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتداری #ئیمپراتۆری میدیا#، ئایینی زەردەشتی بوو بە ئایینی فەڕمی وڵات و دوای ڕووخانی حکوومەتی ماد، ئایینی زەردەشتی لەلایەن #ئەخمینییەکان#ەوە پێشوازیی لێ کرا و بوو بە ئایینی فەڕمیی دەوڵەتی ئەخمینی، کە ناوچەکانی کوردستان بەشێکی گرنگ بوون لە و ئیمپراتۆریەتە.
لە هەموو ئایینە ئاسمانییەکاندا، پەڕتووکێک بەجێ ماوەتەوە، کە بووەتەبە ڕێبەر و سەرچاوەی ئایینی بۆ پەیڕەوانی ئەو ئایینە، لە ئایینی زەردەشتیشدا، بەرهەمی ژیانی ئایینی زەردەشتی پەیامبەر پەڕتووکێکە بە ناوی (#ئاڤێستا#) کە بە پەڕتووکی پیرۆزی پێڕەوکارانی ئایینی زەردەشتی دادەنرێت.
وشەی ئاڤێستا بە مانای (بنەما، بنیاتنان، داڵدەدان و فێربوونی زانست) هاتووە، کە سەرجەم بنەما و بیروباوەڕ و ڕێنماییەکانی ئایینی زەردەشتی لەخۆ گرتووە، بە واتایەکی تر (ئاڤێستا) سەرچاوەی بیروباوەری ئایینەکەیە و وەک پەڕتووکی پیرۆزی ئاسمانی لای پەیڕەوانی ناسراوە.
ئاڤێستا لەسەر دوو بنەما بنیات نراوه؛ یەکەمیان (#ئاهورامەزدا#)، واتا خودای چاکە یان هێزی چاکە، دووەمیان (#ئەهریمەن#) بە مانای هێزی شەڕ دێت. کەواتە شوێنکەوتووانی ئەم ئایینه، بڕوایان بە هەردوو هێزی سرووشتیی چاکە و خراپە هەبووە و هەیە و تەنانەت زەردەشتیش لەسەر ئەو دوو بنەمایە بانگەشەی بۆ بیر و باوەڕەکەی کردووە. ئاڤێستا لە ماوەی چل و حەوت ساڵ تەمەنی پەیامبەرایەتیی زەردەشتدا تەواو کراوە و بە زمانی ئاڤیستایی کە زمانی هۆزی (ماکیین)ی میدی بووە و پەیامبەر زەردەشتیش خەڵکی هەمان هۆز بووە، نووسراوە، دەقەکانی ئاڤێستا بە سرووش هاتوون بۆ زەردەشت و دواتر لە لایەن زەردەشت و خوێندکارانی نووسراون.
ئەم پەڕتووکە پیرۆزە لە دوو بەشی گەورە پێک هاتووه؛ بەشی یەکەمی (ئاڤێستای گەورە) کە لە سێ بەش پێک هاتووە:
1- #یەسنا#، کە بە هۆنراوە نووسراوە و کۆمەڵێک دروود و ستاییشی ئایینییە، یەسنا گەورەترین بەشی ئاڤێستایە کە لە حەفتا و دوو بەند پێکهاتووە و (گاتا)کان واتا سروودە ئایینییەکانی زەردەشتی لەم بەشەوە هاتوون.
2- ڤیسپارد، کە پێکهاتووە لە دروود و ستاییشی ئاهورامەزدا.
3- وەندیداد، کە دەستووری ئایینەکەی تێدا تۆمار کراوە.
بەشی دووەمی ئاڤێستا (خورد ئاڤێستا)یە، کە ئەویش لە دووبەش پێک هاتووە:
1- یشتا، کە نوێژ و ستاییش و نیازی بۆ ئەهورامەزدا تێدا هاتووە.
2- خورد ئاڤیستا، کە باسی چۆنیەتیی ڕێزگرتن لە فریشتەکان دەکات.
هەردوو بەشەکەی ئاڤێستا لە بیست و یەک پارچە پێکهاتوون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]