نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەئەمریکا ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا مەترسیەکانی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16یان بەتورکیا ڕاگەیاندوە، دەشڵێت:پێمان وتن، ئەگەر ئه و فڕۆکەیەیان پێبفرۆشن لەدژی #هێزەکانی سوریای دیموکرات# (هەسەدە بەکاردەهێنرێت.
لەدیدارێکدا لەگەڵ شارپرێس، سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەئەمریکا ئاماژە بەمەترسیەکانی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بەتورکیا دەکات و ئاشکراشیدەکات، ڕاستەوخۆ ئه و مەترسیەیان بەبەرپرسانی باڵای ئەمریکا گەیاندوە.
لەم دیدارەدا سینەم دەڵێت:بەئەمریکیەکان و کۆنگرێسی ئه و وڵاتەشمان وت، ئەگەر ئه و فڕۆکەیەیان پێبفرۆشن، ئەوا دڵنیابن دژی کوردو هاوپەیمانەکەی خۆتان لەڕۆژئاوای کوردستان و سوریا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە بەکاردەهێندرێت.
بەوتەی سینەم، کریس ڤان هۆڵن سیناتۆری ئەمریکی لەوبارەیەوە پڕۆژەیەکی پێشکەشی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی کردوە لەبارەی ئاڵوگۆڕی فڕۆکەی ئێف-16 بەتورکیاو ئاماژەی بەڕێکەوتنێکیش کردوە لەگەڵ ئەردۆغان.
سینەم محەمەد باس لەوەدەکات، بەگوێرەی پڕۆژەکەی ڤان هۆڵن، کاتێک ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکەی ئێف-16 بداتە تورکیا، پێویستە ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بکات کە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕۆژئاوای کوردستان بەکارنەهێنێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیە هێشتا لەگفتوگۆدایە، تائێستا نازانرێت ئایا ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەندی دەکات یان نا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبونەوەی ناتۆ لەمەدرید لە 30ی حوزەیران ڕایگەیاند، خواستی ئەوەمان هەیە فڕۆکەی ئێف-16 بەتورکیا بفرۆشین، لەپێناو دورکەوتنەوەی ئه و وڵاتە لەڕوسیا، بەڵام بەتەنها ناتوانم بڕیاربدەم، نازانین ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەندی دەکات یا نا.
بەوتەی سینەم محەمەد، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران، دژی بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بەتورکیا بون، لەو چوارچێوەیەدا 35 ئەندامی ئەنجومەنەکە نامەیەکیان بۆ بایدن ناردوەو وتویانە، فرۆشتنی ئه و فڕۆکەیە بەتورکیا پوچەڵە، سورین لەسەرئەوەی فڕۆکەی ئێف-16 نەدرێتە تورکیا، چونکە ئەردۆغان هەموو یاساکانی پێشێلکردوەو سەرەڕای ئەوەش بەپێدانی ئەو چەکانە، کوشتن و وێرانکاریی زۆر لەناوچەکەدا دەبێت و نابێت سوپای تورکیا پشتیوانییەکی زۆری لێبکرێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی سینەم محەمەد، ئیدارەی ئەمریکا فشار لەکۆنگرێس دەکات بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بەتورکیا، تەنها لەبەرئەوەی ئەنکەرە لەڕوسیا دوربخەنەوە.
سینەم محەمەد ئەوەشی ئاشکراکرد، لەدیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکاو کۆنگرێسمانەکانی ئه و وڵاتە سەرجەم داواکاریی و مەترسیەکانمان بەهەند وەرگیران و ئەوانیش کۆکبون لەسەر مەترسیەکانی تورکیا لەئەگەری دەستکەوتنی فڕۆکەی ئێف 16.
بەرپرسە باڵاکەی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ شارپرێس ئەوەی ڕونکردەوە، ئەگەرچی تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستانی کردوە، بەڵام تائێستا ئه و هەڕەشەیە نەچۆتە بواری کرداریەوە، بەڵام پێمانوایە، لەئایندەداو لەئەگەری بەهێزبونی زیاتری سوپای تورکیادا مەترسیەکان بۆسەر کوردو ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبن و داعش و گروپە توندڕەوەکانی تریش زیاتر لەپەنای تورکیادا دەبنە مەترسی.
سەبارەت بەفڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هەڵوێستی وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا، سینەم دەڵێت:بەهەمولایەکمان وتوە، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕێگری لەئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش دەکات لەلایەن هەسەدەوە، بۆ ئەوەش فشارێکی جدی لەسەر ئەنگەرە پێویستە بەتایبەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خودی ئەمریکا.
سەبارەت بەوەڵامی واشنتۆن بۆ داواکاریی و مەترسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەرپرسە باڵاکەی ڕۆژئاوا ئەوەی ڕونکردەوە، ئەوان جەختیانکردەوە کاردەکەن بۆ وەستاندنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هێرشی تر بۆ دروستکردنی سەقامگیریی لەسەر ناوچەکەو ئەوەشیان پێڕاگەیاندین، سەقامگیریی و ڕوبەڕوبونەوەی داعش و هاوکاریکردنی هەسەدە ئامانجی ئێمەیە لەسوریاو ڕۆژئاوای کوردستان.[1]