مەلالە یوسفزای، ژنە چالاکڤانی پاکستانی پشتیوانیی خۆی بۆ ژنانی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# و ئێران دەردەبڕێت. ئەو خانمە 25 ساڵییە لە تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی ژنە خۆپێشاندەرەکان دەکات کە دوای گیانلەدەستدانی #ژینا ئەمینی#، دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و خۆپێشاندانەکە بە بزووتنەوەی ئازادی ناودەبات.
چالاکڤانەکە لە ساڵی 2014 لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بەرامبەر داکۆکیکردن لە مافی کچان بۆ خوێندن لەو ناوچە پاکستانییانەی لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بوون، بووە گەنجترین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. ئەو بە ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: ئێوە بە دەربڕینی ناڕەزایی و پێشاندانی بوێری، جیهان دەگۆڕن. ئێمە لەگەڵتانین، هاوسۆزتانین و بزووتنەوەکەتان بە زیندوویی دەهێڵینەوە.
مەلالە دەڵێت، هەموو ژنێک ئازادە لە بڕیاردان لەسەر ژیان و جەستەی خۆی و هیچ حکومەت، دەزگا یان کەس مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات کە پێویستە ژن چی لە جەستەی خۆی بکات، چی لەبەربکات و چۆن جل بپۆشێت.
پێش ئەوەی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی بە پەیامەکەی بهێنێت، مەلالە داوا لە خەڵکی دەرەوەی ئێران دەکات پشتیوانیی ژنە خۆپێشاندەرەکان بکەن، لە کاتێکدا کە شەڕ بۆ ئازادیی خۆیان دەکەن.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بەگوتەی باوکی لەسەر دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران کوژراوە، خۆپێشاندان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و پاشان سەرانسەری وڵاتی گرتەوە.
هێزە ئەمنییەکان لە سوپا، بەسیج، پۆلیس و دەزگای هەواڵگری بە تووندی وەڵامی خۆپێشاندەرانیان داوەتەوە و بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 240 کەس کوژراون و سەدان بریندارن و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.
لەو کاتەوە زیاتر لە هەزار سینەماکار، ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی، گۆرانیبێژ، براوەی خەڵاتی ئۆسکار، چالاکڤان و سیاساتەڤانی بیانی بە ناردنی پەیام و قژبڕین هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ خۆپێشاندانەکان دەربڕیوە.
دەقی پەیامەکەی مەلالە یوسفزای، چالاکڤانی ژنان و براوەی نۆبڵی ئاشتی:
ئێستا لە ئێران، کچان و ژنانی گەنج سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی ئازادی دەکەن. مافی هەر ژنێکە بڕیار لەسەر خۆی بدات. هیچ حکومەت، دەزگا یان کەس مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات کە پێویستە ژن چی لە جەستەی خۆی بکات، چی لەبەربکات و چۆن جل بپۆشێت. ئەمڕۆ دەمەوێت بە هەموو ژنانی ئێران بڵێم، ئێوە بە دەربڕینی ناڕەزایی و پیشاندانی بوێری، جیهان دەگۆڕن. ئێمە لەگەڵتانین، هاوسۆزتانین و بزووتنەوەکەتان بە زیندوویی دەهێڵینەوە. بۆ هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، تکایە پشتیوانیی خۆتان بۆ ژنانی ئێران پیشنابدەن لە کاتێکدا کە شەڕ لە پێناو ئازادیی خۆیاندا دەکەن. ژن، ژیان، ئازادی.[1]