وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی دەڵێن سوپای تورکیا لە شەڕی دژی #پەکەکە# #چەکی کیمیایی# بەکار هێناوە دەدرێنە دادگا.
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، دەربارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا ڕایگەیاند: ئەوانەی ئەم دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە دەدرێنە دادگا.
وەزیری بەرگری تورکیا لە شاری ئەیدرنە، لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس کۆبووەوە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن سوپای تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ئاکار گوتی: کەسانێک کە تەنها هەوڵیان بۆ نانەوەی فیتنەیە، ناوبەناو هەندێک بوختان بڵاودەکەنەوە. هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە ڕێی درۆکانیانەوە مێشکی خەڵک سەرقاڵ بکەن و ورەی سەربازەکانیشمان بڕوخێنن. لە دەفتەری هێزە سەربازییەکانی تورکیادا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە. ئێمە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرین و لەوەش گرنگتر بەهای باوەڕ و مرۆڤایەتیمیان، هەیە. لە کولتووری ئێمەدا ئەشکەنجە و ئازاردان نییە. ئێمە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئۆپەراسیۆنەکانمان ئەنجام دەدەین. ئەو دەنگۆیانەش کە بڵاوکراوونەتەوە بۆ لەکەدارکردنی چالاکییە جددی و ڕاستگۆیانەکانمانە.
گوتیشی: بۆ گرتنەبەری ڕێوشێنی پێویست دژی بڵاوکردنەووەی ئەم دەنگۆیانە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرە، ڕێوشوێنی یاسایی گرتووەتەبەر. بەمشێوەیەش قۆناغی یاسایی دەستیپێکردووە و ئەوانەی ئەم دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە دەدرێنە دادگا. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێری قۆناغەکە دەکەین. ئەمە بوختانێکی گەورەیە دژی تورکیا.
وەزیری بەرگری تورکیا ڕاشیگەیاند: ئێمە ڕێز لە سنوور و سەروەریی هەموو دراوسێکانمان بەتایبەت سووریا و عێراق دەگرین. تەنها ئامانجی ئێمە دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرگرییکردنە لە وڵات و گەلەکەمان. هێزە سەربازییەکانمان بۆ ڕێگرییکردن لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی مەدەنی، شوێنە ئایینی، مێژووی و کولتوورییەکان و ژینگە، بەشێوەیەکی زۆر هەستیارانە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن کە تا ئێستا سوپای هیچ وڵاتێک بەو هەستیارییە ئۆپەراسیۆنی ئەنجام نەداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایانگەیاندووە، سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان بەکار هێناوە.
لەسەر ئەو پرسە سەڵاحەدین #دەمیرتاش#، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی پارێزەرانییەوە ئاگاداری ئەوە کراوەتەوە، کە چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی چەکدارانی پەکەکە بەکارهێنراوە.
دەمیرتاش ڕاشیگەیاندووە، پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن بەدەنگ بێن لەبەرامبەر ئەم ڕووداوە، چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانە دژی مرۆڤایەتی.
هەر پەیوەست بەو پرسە ڕۆژی 18/10/2022، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لەدەستدانی 17 چەکداری خۆی لە عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.[1]