د.ژان ئاکین لە ئای پی پی ئێن دەبڵیو، باسی لەوەکرد ئاشکرابوونی بەکارهێنانی #چەکی کیمیایی# لەلایەن دەوڵەتی تورک لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دەبێتە ئابڕووچوونێک، هەر بۆیە ئیدارەی هەولێر نەیویست ئەوان لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەن
یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی لە دژی شەڕی ئەتۆمی بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی (ئای پی پی ئێن دەبڵیو) لەبارەی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی دەریدەخەن کە دەوڵەتی تورک لە دژی #گەریلا# چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، لە نێوان 20-27 ئەیلول لە باشوری کوردستان دیداری ئەنجامدا و لەسەر بابەتەکە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە زانیاری زۆر وردی لە خۆگرتووە، دەریدەخات دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. ئەندامی ئای پی پی ئێن دەبڵیو و یەک لە ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە در. ژان ڤان ئاکین لەسەر بابەتەکە قسەی بۆ چرافۆکوسی چرا تی ڤی کرد.
د.ژان ڤان ئاکین سەرەتا سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ڕێگرییەکانی پەدەکە لە بەردەم جموجۆڵی ئەوان و باسی لەوەکرد، کە ئەوان ویستیان بچنە گوندێکی ناوچەی کانی ماسی سەر بە ئامێدی، بۆ ئەوەی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی هێرشەکە دیدار ساز بکەن و نمونەکان وەربگرن.
بەڵام لەو ناوچەیەدا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەدایە ڕێگە بەوان نەدرا، هەر بۆیە ناچار بوون لەسەر بنەمای دیمەن و بەڵگەکانی بەردەست هەروەها لە ڕێگەی دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی پەرلەمانەکانی هەولێر و بەغدا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لێکۆڵینەوە بکەن.
'ئیدارەی هەولێر نەیویست کە بەکارهێنای چەکی کیمیایی ئاشکرا بکرێت'
لەسەر هۆکاری ڕێگریی لە بەردەم ئەوان د. ژان ڤان ئاکین وتی، ئەوەندەی کە ئێمە دەزانین لە نێوان سوپای تورک و بەڕێوەبەری خۆجێیی هەولێر هاوکاری هەیە. ڕەنگە کە لەو بڕوایەدابن کە بابەتەکە پەردەپۆش بکرێت، هەربۆیە ڕێگەیان نەدا بە ئێمە کە بچینە ناوچەکە. لەبەرئەوەی کە ئەگەر بسەلمێنرێت کە چەکی کیمیایی بەکارهێنراون ئەمە دەبێتە ئابڕوچوونێک لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی. بە بڕوای من ئیدارە و بەڕێوەبەری هەولێر ئەمەی نەویست. ئەمە تێڕوانین و خوێندنەوەی منە.
د. ڤان ئاکین دەستنیشانی کرد کە بەگوێرەی دیمەنەکان و ئەو کەسانەی قسەیان لەگەڵداکردوون، دەتوانرێت بڵێت کە ئاماژەی بەهێز هەیە کە چەکی کیمیایی بەکارهێنراون و وتی، هەر لەبەرئەوە پێویستە لیژنەیەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە ناوچەکە لێکۆڵینەوە بکەن.
'ئەگەر ئێڕاق داواکاری پێشکەش بکات، ئۆ پی سی دەبڵیو لێکۆڵینەوە لەو بابەتەدا دەکات'
سەبارەت بە ڕەخنەکان لەبارەی کەمتەرخەمی و بێدەربەستی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) د.ژان ڤان ئاکین ئاماژەی بە هەندێک ڕێکار کرد و وتی، بۆ ئەوەی ئۆ پی سی دەبڵیو بتوانێت لێکۆڵینەوە بکات، دەبێت دەوڵەتێکی ئەندام داواکاری پێشکەش بکات. هەر بۆیە ئەگەر بەغداد، دەوڵەتی ئێڕاق گوشار و سەرلێدان بکات، ئەوا ئۆ پی سی دەبڵیوش ناچار دەبێت لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات.
'وەزیری بەرگریی تورکیا دانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا نابوو'
د. ژان ڤان ئاکین هەروەها قسەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسو ئاکاری بە بیرهێنایەوە کە ساڵێک بەر لە ئێستا لە پەرلەمان کردبووی و ئەوەی خستەڕوو کە ئاکار لەبەردەم پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاشکرا دانی بەوەدا نابوو کە لە گارە لە ئۆپراسیۆنی سەربازیدا گازی فرمێسکڕێژ و سووتاندنەوەی چاویان بەکارهێناوە.
د. ڤان ئاکین جەختی لەوەکردەوە کە بە پێی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بەکارهێنانی ئەم گازە لە گۆڕەپانی سەربازیدا قەدەغەیە و وەزیری تورک بە شێوەی ئاشکرا دانی بەو تاوانەدا ناوە.
در. ڤان ئاکین ئەوەی خستەڕوو کە هیوادارە جارێکیتر چەکی کیمیایی بەکارنەهێنرێتەوە، بەڵام ئەگەر زانیاری نوێ بگاتە دەستیان کە دیسان بەکارهێنراوەتەوە ئەوان لەسەر ناوی ئای پی پی ئێن دەبڵیو جارێکی تر دەچنەوە باشوری کوردستان و هەوڵ دەدەن لێکۆڵینەوە بکەن.[1]