ئەی هاوسەری من!
گزنگی خۆر کە سەرلوتکەی بڵندی کێوەکان ئەگرێ
لە سنگی ئێمە، پێش ئەو کاتەیە، دوژمن نیشان ئەگرێ
بە لیزمەی گوللەبارانی، لەشی خڵتانی خوێن کەوتووم
لە دووریی خۆشەویستان، خاک و خۆڵی نیشتمان ئەگرێ
ژیان هەرچەندە شیرینە، بەڵام من ئارەزووم وایە
لە مردن حەز بکەم چونکە لە پێناوی مرۆڤایە
حەزم کرد یەک دڵۆپی ڕوونی گوێ جۆگەی ژیانێ بم
لەبەر چاو ون بم و بکێشم بەرەو گێژاوی دەریایە
نەکەی دۆش دابمێنی، پاسەوانی شەو نەڵێ باپێت
ئەوە ئەو هاوسەرە ڕێی مێردەکەی لا نەنگ و لا شەرمە
گوڵاڵەی سووری خوێناوی بەسەر سنگا کە وەک نیشان
بڵێ: هەی هەی دلێ ئەو هاوسەرە پڕ قینە چەن گەرمە
وەک ئەو چاوانی خۆتە ڕۆڵەکانیشم بپارێزە
نەڵێن با ڕوومەتی گەشیان لە گەردی زیللەتا ڕۆیی
ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان پرسییان: ئەی بابە چی لێ هات؟
بە ڕووخۆشی بڵێ پێیان: لە ڕێگەی میللەتا ڕۆیی.[1]
#کاکەی فەلاح#
لە فارسییەوە نامەی هەڵبەستی ئەفسەرێکە لە دوا شەوی ژیانیا لە زیندانی چاوەڕوانی کوشتنی بەرەبەیان.